سووتاندنی کتێب

2 رۆژ پێش ئێستا

یاسین ئافتاو
بەشێکی زۆر لە «ڕۆشنبیران»ی کورد؛ کە کورتبینیی و دژوازیی تایبەتمەندیی سەرەکییانە، بۆ ڕووداوی سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە لایەن سوپای ئیسلامی سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابەوە؛ فرمێسکی درشت دەڕێژن، بۆ سوتاندنی کتێبەکانی هاینریش هاینە و فرۆید و مارکس و .... و ئەوانیتر لە لایەن نازیستەکانەوە مەرپیە دەنووسن، بۆ کتێبی نووسەرانی ناکۆمۆنیستی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت لە نموونەی سۆڵجنتسین و ئەوانی تر تووشی خەمۆکیی دەبن، بەڵام کاتێک دێتە سەر سووتاندنی قورئان شاگەشکە دەبن و هەرچی توانستی ئارگیومێنتسازییانە بەگەڕی دەخەن بۆ ئەوەی ئەم کارە وەکو کارێکی شۆشڕشگێڕانە وێنا بکەن کە هەر لە بنەماوە ئاکتێکی پووچ و تووڕڕەهاتە و هیچ شتێکی مرۆییانەی لێ سەوز نابێت.
سووتاندن و سانسۆرکردن و قەدەغەکردنی کتێب لە هەر کەسێکەوە بێت یەک کردەی ناشرینی بێبەهایە، لەناو هەموو کولتوورەکاندا ڕەگێکی دەبەنگانەی دژەکتێب هەیە، کاتێک زاڵ دەبێت یەکەم شت خودی کولتوورەکە خۆی خاپوور دەکات... سەبارەت بە کولتوورەکانی تر زۆر باسی ئەم ئەنگێزە پەرتووکبێزییە کراوە، بەڵام زۆر کەم باسی خۆرئاوا کراوە.
 کولتووری کتێبسووتاندن ڕەگێکی قووڵی لە ژیاری خۆرئاواییدا هەیە، نابێت بەم پێنجسەدساڵەی کە ڕێژەییانە کەمێک لە ڕابردوویان ژیرتر بوون فریو بخۆین، سەرباری ئەنگێزە عەقڵانییەکانی ناو ژیارەکە «کە من تا ڕاددەی چەمانەوە لە ئاستیدا ڕێزی لێدەگرم»، قۆناغ و سەدە و کاری وایان هەیە کە مایەی شەرمە بۆ خودی مرۆڤایەتی خۆی نەک هەر ئەوان.
من وەکو بیبلۆفیلێک «عاشقی کتێب»؛ هەر بێ هیچ شتێک لە فۆڕمەکەیەوە عاشقی کتێبم هەتا دەگاتە حەرف بە حەرفی ناواخنەکەی، بەئاگاشم کە کتێبگەلێک هەن بە هۆی خراپیی خۆیانەوە یان بەهۆی بەدڕاڤەکردنیانەوە بێت؛  مرۆڤایەتییان گیرۆدە کردووە، بەڵام سەرەنجام ئەوەشی لەو گیرۆدەییە ڕزگاری کردووین هەر بە هاریکاریی کتێبە باشەکان بووە.. 
دەبێت زۆر هۆشیاریش بین کە ڕەوتی ڕاستڕەو لە خۆرئاوا بۆ پایەماڵکردنی هەموو ئەو ماف و دەستکەوتانەی مرۆڤایەتیی و بە تایبەتیی خۆرئاوا لەبارەی ماف و ئازادییەکانەوە بەدەستی هێناون لە جووڵەدایە، ئەویش بە زەقکردنەوەی گوتارێکی سادەلەوحی گەوجانە، هەر ئەم ڕەوتەیە پرسی هاوڕەگەزخوازیی زەق دەکاتەوە و کۆمەڵگەی کراوەی ئەورووپیی پێ دەتۆقێنێت، لە کاتێکدا ئەو پرسە بەس لە ئاستی مێدیا هێندە گەورەیە و هێشتا ژیانی ئاسایی جاران بەرقەرارە و هیچ سۆسیۆلۆژ و ئاوەزمەندێک پێشبینی ئەوە ناکات مرۆڤ بەو جۆرەی ڕاستڕەوی ئەورووپیی و ئیسلامیی خەڵکیان پێ تۆقاندووە بۆ ئەو جۆرە ژیانە گلۆر بێتەوە، ئەمەش وەک ڕەوتی هیپیی و هاوشێوەکانیان ڕەوتێکی کاتییە و دەڕوات.
هەر ئەم ڕەوتە ڕاستڕەوەشە پرسی ئیسلامیزەکردنی ئەورووپا زەق دەکەنەوە، بەوەش ئامانجیانە بگەڕێنەوە دەسەڵات لە کاتێکدا بێزراوترین ڕەوتی ئەورووپا و خۆرئاواش بوون و هەر ئەوانیش بوون بەرپرس لە دوو جەنگی جیهانیی و کوشتنی سەدان ملیۆن مرۆڤ، هەربۆیە سەیر نییە تەیری گولی وەکو «ڤیکتۆر ئوربان» بوونەتە کاریزما لە ئەورووپا، ئەو پیاوەی کە بە پرسەکانی دژایەتییکردنی هاوڕەگەزخوازیی و بەرەڵایی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان بووە کەڵەگای وڵاتی مەجەڕستان، هەر ئەویش بوو کە باسی ‹پیسبوونی› ئێتنیکە پاکوپووختەکەیانی دەکرد بە کۆچەرانی مسوڵمان و شێواندنی دونیای مەسحییەت بەم ‹میوانە ڕەزاگرانانە›.
دژوازیی و نووکتەکەش لەوەدایە «تەبعەن لە سەداسەدی ئیسلامییەکان ئاگایان لێیی نییە» و بێئاگایانە ملیان پێوەی ناوە ئەوەیە کە لە یەک کاتدا بەرگریکاری سەرسەخت لە مسوڵمانانی ئەورووپا هەر ئەو چەپانەن کە بەرگریی لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەش دەکەن، کەچی مسوڵمانەکان لە هەڵبژاردنەکاندا لە ترس و لەرزی گوتاری بەرگریکار لە فرەڕەنگیی چەپەکان؛ دەنگ دەدەن بەو ڕاستڕەوانە، ئەوانەی گەر دۆخی گونجاو بێتە پێشەوە قەسابخانەی زۆر خوێناوییتر دەرهەق بە مسوڵمانانی بێوەی ئەورووپا لە نموونەی ئەوانەی بۆسنیا و سێربرینیچا دووبارە دەکەنەوە.
من لە ساتەوەختی هاتنی ترەمپەوە و هێندەی دەسەڵاتم بەسەریدا شکاوە، لە مێدیا موعتەبەرەکانی دونیا و لە ڕێی زۆر ئامرازی ترەوە گوتاری ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا و ئەمریکا و کیشوەری لاتینم خستۆتە ژێر چاودێرییەوە، ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی ماکیری زۆر مەترسیدار و زرنگە، بە سوودوەرگرتن لە ستراتیژ و تەکنیکەکانی دوژمنسازیی و بە سوودوەرگرتن لە مێتۆد و تیۆرییەکانی نازیستی وەکو «کاڕڵ شمیت»، پرۆسێسێکی زۆر مەترسییداری دوژمنسازییان دەست داوەتێ و ئامانجەکەش یەکەمجار خودی ئازادیی خۆیەتی و ئینجا لەناویشیاندا ئامانجێک لە ئامانجەکان مسوڵمانانن، لەو ڕێیەشەوە زۆر ئامانج دەپێکن: موئەسەسەی دینیی دەهێننەوە پێشەوە، تەحالوفێکی جەهەندەمییانەی پیس لەگەڵ سەرمایەدار و سیاسییە گەندەڵ و دڕەکانی وەکو پووتین دەبەستن، لە نموونەی ئەوەی کۆمەڵەی ڕۆحانیی ئۆرپۆدۆکسی سڵاڤی لەگەڵ سیاسییە هەرە گەندەڵ و ناشرینەکانی خۆرهەڵاتی ئەورووپا گرێیان داوە، ئینجا بە گەورەکردنی بابەتی وەکو هەڵوەشانەوەی خێزان و تۆقاندنی کۆمەڵگەی ئازادییخوای ئەورووپیی بە هۆمۆسێکچوەڵایزکردنی ژیارەکەیان؛ زۆر بەقووڵیی  لەو ئازادییە دەدەن کە لە ئەورووپا و خۆرئاوا هەیە و یەکەمین سوودمەندیش لێیی مسوڵمانانن، جا ئەوکاتەی ئەم ڕەوتە تەواو نینۆکەکانی دەبنە چڕنووکی ورچئاسا ئەوکاتە پیاو یان ژنی مسوڵمانم دەوێت کڵێسە بکاتە مزگەوت و بە نوێژی نیوەڕۆ بانگ بدات و بە بورقوع و لەچکەوە بێتە دەرەوە... ئەم قسەیەم بۆ مێژوو سکرین بکەن، خوانەکردە لە حاڵی سەرکەوتنی سەرتاسەریی ئەم ڕەوتە لە ئەورووپا جەهەننەمێک بۆ مسوڵمانان دەسازێنن لە پێش هەمووشیانەوە بۆ کڵاوبەسەرە سەلەفیی و بورقوعپۆشەکان هەتا دەگاتە ئەو مسوڵمانانەی بەرگریی لە ئاکتی وەکو قورئانسووتاندنەکەی ئەمجارە دەکەن.
ڕەوتی ڕاستڕەوەی خۆرئاوایی زەلکاوێکیان سازکردووە کە یەکەم خۆتێفڕێدەری ئیسلامییەکان و ئینجا زۆرینەی مسوڵمانی بێئاگا و لەگوێیی گادا نوستوون، ئاخر ئەوان تێناگەن کە پایەماڵکردن و سەرکوتکردنی ئازادیی یەک پاکێجە، کە پێچرایەوە هەمووی بە یەکەوە دەپێچرێتەوە، بۆ مرۆڤێک یەک تۆز ئەو بەهرە خوداییەی ناوی ئاوەزە بخاتەگەڕ، نموونەی فەتاحە گرگنی سیسیی و گوڕنەتەڵەیەکی وەکو ئاردۆگان نموونەی وەکو خۆر درەوشاوەن، لە توورکیای ئاکەپە هەرچی لەشفرۆش و گەوواد و شەللاتیی هەیە ئازادی ئازادن و کەچی مرۆڤی دینداری وەکو فەتحوڵڵا گیولەن، مرۆڤی مەزن و بەویقار و نەریتپارێز و سەنگینی وەکو ئاپۆ و دەمیرتاش و ئەحمەد ئاڵتان و هەزارانی دیکە لە زیندانن.
 لە سجنە گەورەکەی سیسیی کە ١٠١ ملیۆن بەندیی کۆیلەی تێدایە، مسوڵمانێکی بەشەرەفی خێزان باڵاپۆشی شەونوێژکەری دژە جێندەری وەکو سیسیی یەکەم دەست و دیاریی بۆ مسوڵمانانی برای شاکاری گۆڕەپانی «ڕابیعەی عەدەویی» بوو, کە تەنیا لە ڕووبەرێکی کەمتر لە چوارکیلۆمەتردا دوو هەزار مرۆڤی سالم و بێگوناهی کردە قیمە، پاش مەحکەمکردن و داخستنی هەموو ئەو دەروازانەی دەچن بۆ گۆڕەپانەکە و کونبڕکردنی بە جۆرێک مشکیش نەتوانێت لێیی دەرباز  بێت، بە هەڵچنینی دیواری کاتیی لەسەر ڕێگەکانی گۆڕەپانەکە، پاش کوژاندنەوەی کارەبا و خەتی ئینتەرنێتی ناوچەکە و کێوماڵکردنی سەربان و بەرزاییەکانی دەوروبەری ڕابیعە بۆ ئەوەی یەک فرەیمیش وێنە تۆمار نەکرێت و پاشان بە دابەستنی دۆشکە و قەنناس و چەکی تری قورس و بە پێدانی ئاماژەی «تەقەبکەن»، نزیکەی دوو سەعات لە هەر چوار لاوە تەقەیان لە مانگرتوووانی گۆڕەپانەکە کرد و ڕەشەکوژییەکیان کرد کە هەر لە مرۆڤی جەللادی وەکو حەججاجی نەفرەتیی و هۆلاکۆ و ڕادکۆ میلادیچ و دژە ئازادیی و دژە جێندەرێکی وەکو سیسیی دەوەشێتەوە.
 ڕەشەکوژیی گۆڕەپای ڕابیعە مۆرێکی ڕەش و بەد و شەرمەزارانەیە بە ڕووی هەموو مرۆڤێکەوە لە حەزرەتی ئادەمەوە هەتا دوا مرۆڤی چۆڕەبڕبوو، من کە هەر لە سەرەتاوە دژی کۆدێتای ئەم دیکتاتۆرە ڕەزاتاڵە بووم و دواتر لە بێئاگاییمەوە هەندێک کاری سیسییم پێ باش بوو، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ و هیومەن ڕایتس ۆچ و  خویندنەوەی ژمارەیەکی زۆر بابەت و یاداشت و بینینی چەندان دۆکیومێنتریی و ڕاپۆرتیی تەلەفزیۆنیی؛ فیکەم بۆ دەبەنگییم کێشا و تا ئاستی مردن تەریق بوومەوە.
جا هیچیش نامکوژێت و نامتەقێنێت دووڕوویی و زاکیرەی مێشئاسای ئیسلامییە کورتبینەکانی کورد نەبێت، ئەوانەی پیاوێکی ئازادییخوازی وەکو ماکرۆن کە لە کاتە سەختەکاندا داڵدەی سەدان هەزار مسوڵمانی داوە دەدەنە بەر تف و کەچی لە ئاستی خوێنڕێژێکی وەکو سیسییدا کاتێک هاتە مۆندیالە شکۆدارەکەی قەتەر وەکو لاڵێک زاریان بەست و نوتقیان نەدا، موفتییە گەورەکەشیان هەر خەریکی زلکردنی ئاهوباهووی مۆندیالەکە بوو لە کاتێکدا ئەگەر ئەو مۆندیالە یەک کێکی گەورەی خۆشیش بووبێت سیسیی منداڵکوژی مسوڵمانکوژ وەکو تەپەگوویەک لە ناوەڕاستییدا دانرا. 
ئەو تەڵەزگەیەی ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا خەریکی سازکردنین، زۆر لەوە زیرەکانەتر و وردتر و  فریودەرترە کە ئەم جۆرە مێشکانە بتوانن لێی تێبگەن. ئەوان کە کولتوورێکی سەد ساڵەی فریودانی سایکۆلۆژیای ڕەشەخەڵک و عەوامیان هەیە، زۆر بە چاکیی حەلەبەیەکیان ساز داوە و ئێمەش وەکو گایەکە دەبینن و پارچە قوماشە سوورەکەشیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی ڕایوەشێنن و ئێمەش ئەو کەللە گەورە خاڵییە لە مێشکەمان بە داروبەرددا بدەین و ئەم بەزمی قورئانسووتاندنەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
مرۆڤی ژیر لەنێوان تەسلیمبوون بە گاڵیبانیزم و تەپکە و داوەکانی ئەم ڕەوتە مەترسییدارەی ڕاستڕەوەکان؛ ڕێگەی بەصیڕەت و هێوریی هەڵدەبژێرێت، یەکەم کاری ئەم ڕەوتە بریتییە لە هێنانەدەرەوەی جانەوەرە تۆقیوە دژەئازادییەکەی ناومان، ئەو جانەوەرە تۆقیو و چەکلەی کە سڵ لە دزێوترین تاوانەکانیش ناکاتەوە، ئەوەی جوولەکەکانی کرد بە صابوون، ئەوەی قەرەجەکانی سووتاند، ئەوەی بە پۆستدا شەهیدێکی ناردەوە بۆ دایکی، ئەوەی دارزەیتوونەکانی عەفرین و بادینانی بڕییەوە، ئەوەی منداڵ و خوشکان و پیاوانی دەستبەدەستنوێژی ڕابیعەی کردە قیمە.
ئەوانەی قورئانی پیرۆز دەسووتێنن و لەگەڵ ئەوانەی  پەیکەرانی بەشکۆی بوودای مەزنی ڕۆشنبووەوەی ڕۆشنکەرەوەیان دەتەقاندەوە خاوەنی یەک مێنتاڵیتیی و  یەک ئاینن، ئەوەی لە مسوڵمان دێوێک درووست دەکات، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەورووپا وەکو مەلهایەکی گەورە دەبینێت یەک ئاوەزن.