شار، خەڵک، سینەما
2 مانگ پێش ئێستا
هەوراز محەمەد
هەر کاتێک فیلمێکی نوێی کوردی لە سینەما نمایش دەکرێت، چاوێک لەسەر ناوەڕۆکی فیلمەکەیە و چاوێک لەسەر ڕێژەی بەشداری بینەرانە..
کە هەردوو ئەو لایەنە بەشدارییەکی گرنگ دەکەن لە پێشکەوتنی رەوتی فیلمسازیی کوردیدا. فیلمێک بتوانێت بینەرێکی باش بۆ هۆڵی سینەما بهێنێت، بەتایبەت ئەگەر بینەران یەک توێژی دیاریکراو نەبن، بەڵکو خەڵک بن بە هەموو چین و توێژێکەوە، خەڵک بن بەهەموو ئاست و جیاوازییەکەوە، بە هەموو تەمەن بیروڕایەکەوە.. خۆ ئەگەر فیلمەکە لە ئاستی ناوەڕۆک و هونەرییەوە باش بوو ئەوە هەر زۆر گرنگتر.. کورتە فیلمی (ژان)م لە فێستیڤاڵی دهۆک بینی، زۆر مایەی سەرنجم بوو لەبەر چەند هۆکارێک:
ـ فیلمەکە ئەزموونی هاوبەشی کارکردنی هونەرمەندی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەم پێکەوە کارکردنە گرنگە.
ـ بابەتی فیلمەکە دەستبردنە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگمەن، بەڵام زۆریش کاریگەر کەبینەر لەگەڵیدا بەتەواوی ئاوێتە دەبێت.
ـ فیلمەکە پرسیار لای بینەر جێ دێڵێت، بگرە یارمەتی دەدات بیربکاتەوە، تەنانەت پرسیاری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات، فیلمێک نیە هەموو شتەکانی چارەسەرکردبێت، بەڵکو کێشەکە وەک خۆی نیشان دەداتەوە.
ـ فیلمەکە باس لە کێشەیەک دەکات کە لەشاردا رووی داوە، هەرچەند بەشی زۆر لە فیلمی کوردی هێشتا لە ژیانی گوند و سروشتدان، کە ئەوانیش گرنگن، بەڵام ئەم فیلمە وێنەی شارمان نیشان دەدات بە قەرەباڵغی و کوچە نهێنی و تایبەتیەکانیەوە..
ـ نواندن لە ئاستێکدایە کە هیچ کات هەستی ئەوەت لا دروست ناکات ئەمە راستی نەبێت. ئەمەش جگە لە هێزی کارەکە، هێزی ئەکتەرەکانە. لە فیلمەدا هونەرمەندی بەتواناو بەناوبانگ کاک ماهیر حەسەن، رۆڵی سەرەکی دەبینێت، ئەگەرچی پێشتر کاک ماهیر لەبەزمەسات و نواندنی کۆمیدیدا زیاتر دەرکەوتوە، بەڵام لەم کارەدا تەواو جیاوازە و بگرە نواندنی کارەکتەرێک دەکات کە لە دۆخی تراژیکدایە و لەناو خودی کارەساتێکدایە، بەڵام چ نواندنێک؟ نواندنێک دڵپڕ دەکات و هێزت لێ دەبڕێت.. چیتر بۆ من کاک ماهیر کاک ماهیرەکەی پێشتر نیە و ئەکتەرێکە لەئاستێکی باڵا لەنواندندا.. هەرچەند پێشتر لە زنجیرە تەلەفزیۆنی گەردەلول و فیلمی سینەمایی سفر نۆ، لە رۆڵی جیاوازدا کاک ماهیرمان بینیوە و سەرکەوتووش بوە، بەڵام لەم کارەدا شتێکی ترە توانایەکی تری نیشان دەدات.. ئەمە جگە لەنواندنە سیحراویەکەی مائیدە فەزڵی، کە رۆڵێکی سەرەکی و زۆر سەیر و تایبەت دەبینێت، هەروەها خاتوو شیما مەلایی کە هێزی ژنێکی کاریزماتیک بەڵام تێکشاو لەکارەکتەرەکەیدا دەبینێت..
ـ ئێستا کە فیلمەکە لەشاری سلێمانی لەسینەما سالم نمایش دەکرێت، بینەرێکی زۆر لە هەوادارانی کاک ماهیر و فیلمی باش رۆژانە ئامادەدەبن، زۆر مایەی سەرنجە فیلمەکە خەڵکێکی زۆری بۆ لای خۆی کێش کردوە، لەهەمووی گرنگتر ئامادەبوونی خێزانەکانە بەپیر و گەنجەوە..
لەکۆتایدا دەستخۆشی لە هاوڕێیانم دەکەم کەبەشداربوون لە دروستکردنی ئەم فیلمەدا بەتایبەت خاتوو لەیلا باغ پیرا و کاک بورهان ئەحمەدی وەک نوسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، بەهیوای بەرهەمی زیاتریان..