سیستمی تەندروستی کوردستان

2 مانگ پێش ئێستا

دکتۆر ڕێبوار فەتاح
سیستمێکی کارای تەندروستی، هۆکاری بەردەوامبوون و مانەوەی کۆمەڵێکی لەشساغ، بەختەوەر و بەرهەمهێنە. بەبێ ئەم سیستمە، ستراتیجی تەندروستی دانامەزرێ، کۆمەڵ دادەڕمێ، ئاستی ژیان و درێژی تەمەنی هاوڵاتان دادەبەزێ، وەکیتر ئاشوب و نائارامی دەبنە سیمای کۆمەڵ. دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی ئەمڕۆ لە کوردستاندا هیچ بنەمایەکی سیستمی تێدا نیە و کۆمەڵێك سێرجەری، کلینك و نەخۆشخانە، وەك قارچك هەڵتۆقیون، کە پەیوەندی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکدا نیە و هەریەکەیان، لە زۆر باردا، بەبێ چاودێری دەستگایەکی تەندروستی کار دەکەن. باشترین وەسف بۆ باری تەندروستی ئەمڕۆی کوردستان، گەڕەلاوژێیە. داخۆ ئەو بنەمایانە چی بن کە سیستمێکی تەندروستی کارای هاوچەرخیان لەسەر جێگیر ببێ؟ مرۆڤ ئاڵۆزترین و بەبڕشترین گیانداری سەرزەمینە و لە دەوروبەرێکی ئاڵۆزیشدا دەژی. مرۆڤ ئاژانسی مۆراڵە و خواستی هەیە. لەمەدا بێهاوتایە و لە هیچ گیاندارێکی دیکە ناچێ. پشکنین بۆ هەر نەخۆشیەك، پێویستە نە لە مرۆڤ – وەك یەکەیەكی ئۆرگانیك، و نە لە دەوروبەر دانەبڕێ. پێشینەی تەندروستی هەر نەخۆشێك پێویستە لەبەرچاو بگیرێ لە پشکنین بۆ هەر ناساغیەکی سەرهەڵداو. ئەمیش پێویستی بە سیستمێك هەیە کە هەرجارێك مرۆڤ ناساغ دەبێ، پێویستە دۆخی و چارەسەرەی تۆمار بکرێ. ئەم پێشینەیە هاوکار دەبێ لە دۆزینەوەی هەر بارێکی ناساغی نوێدا. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، هەر بەشێك لە یەکەیەکی بەڕێوەبردن، بۆ نمونە گەڕەکێك، سێرجەریەکی تێدایە، تەنیا دانیشتوانی ئەو یەکەیە لەلایخۆی وەك نەخۆش تۆمار دەکات. لەم سێرجەریانەدا، دکتۆری خێزان دادەنیشن. ئەمان، کە دابینکاری تەندروستی بەرایین، بەلانیکەمەوە دوو کاریان هەیە. یەکەمیان تۆمارکردنی باری نەخۆشەکە، دیاریکردنی نەخۆشیەکە و چارەسەرەکەیەتی. کاری دووەمیان، گەر نەخۆشیەکە لەلای سێرجەری خێزان چارەسەر نەکرا، ئەوا ڕادەستی یەکەیەکی تایبەتمەند دەکرێ، کە ڕەنگە لە نەخۆشخانەیەكدا بێ، بۆ پشکنینی زیاتر و چارەسەرکردن. بەمەش دابینکاری تەندروستی بەرایی دەبەسترێتەوە بە نەخۆشخانەی تایبەتمەندەوە. دکتۆر پێویستە زانیاری دەربارەی نەخۆش بپارێزێ و تەنیا لە چەند بارێکدا نەبێ، کە بە قانون و ڕابەری پیشەمەند ڕێکخراوە، ڕازی نەخۆش نەخاتەڕوو. لە گەڕەلاوژێی کوردستاندا، نەخۆش وەك کاڵا سەیردەکرێ؛ دکتۆر سێ-سێ و چوار-چوار دەیانکاتە سێرجەرێوە بەبێ ڕێزگرتن لە پەیوەندی ڕازگرانەی نێوان دکتۆر و نەخۆش. بەمەش دکتۆر پێشێلی کۆدی پیشەی خۆی دەکات و سیفەتی پیشمەند لە دەست دەدات. نەخۆش لە نەخۆشخانەدا دەمرێ بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك بەرپرسێتی مەرگی هاوڵات لە ئەستۆ بگرێ و بەبێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەك لە مەرگی نەخۆش بکرێ. خۆ ڕەنگە لەمڕۆی کوردستاندا، مرۆڤ هەرزانترین کاڵا بێ، بەجۆرێك کە ڕۆژانە دەیان کەس دەبنە خۆراکی ڕووداوی ئۆتۆمۆبیل بەبێ ئەوەی بایەخێکی تەندروستی ئەوتۆیان لە نەخۆشخانەدا پێبدرێ. ناساغ پشکنینێکی سەرتاسەری بۆ ناکرێ و ئاکامی جەرگبڕ دەبێ. لە زۆر لاکۆڵاندا، کەسێك دوکانێکی داناوە و بە ئارەزووی خۆی چارەسەر بۆ نەخۆش دەدۆزێتەوە. چ دەستگایەك مۆڵەتی داوە بەم دوکانە ناتەندروستانە؟ چۆن چاودێری دەکرێن؟ کەس نازانێ. ئەوەی دەزانرێ ئەوەیە کە ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵك لە مەترسیدان. دەرمانخانە لە نەخۆشخانە باشتر نیە. ئەوە هیچ، زۆریان لەگەڵ دکتۆرەکاندا کۆکن. دکتۆر بە زەمیلە دەرمانت بۆ دەنوسێ بۆئەوەی پوڵت زۆرتر لێبکێشێتەوە. هیچ ڕێکخستنێك لە کاری دەرمانخانەدا نابینرێ و هەموو دەرمانێك دەکرێ لە بەرانبەر پوڵی ڕادەستکراودا فەراهەم بکرێ. دوو کەرت لە کوردستاندا تەندروستی دابین دەکەن، کەرتی گشت و تایبەت. پیشەمەندانی کەرتی تایبەت، هەر ئەوانەن کە لە کەرتی گشتدا کاردەکەن. هیچ سیستمێك نیە بەگژاچوونی ئەم دوو بەرژەوەندیە ڕێکبخات. جا بۆیە دکتۆر، کەرتی گشت بەکاردێنێ بۆ ڕیکلامکردن بۆ کلینیکی خۆی. هەر هەمان دکتۆر، لە نەخۆشخانەی گشتدا، نەخۆش هاندەدات، سەردانی سێرجەری تایبەتی خۆی بکات. کەس ناپرسێ: ئەی بۆ هەمان دکتۆر لە نەخۆشخانەی گشتدا چارەسەری ناکات! تەنیا هۆکارێك بۆ ئەمە، پارەکیشانەوەیە. هەندێك دکتۆری کارتی سێرجەری تایبەت بە خۆیان، لە نەخۆشخانەی گشتدا بەسەر نەخۆشدا دەبەخشنەوە، وەك ئامرازێکی ڕکلامکردن. بەمجورە لە باشترین باردا، نەخۆشخانەی گشت وەك شوێنی ڕیکلامکردنی کەتی تایبەتی لێدێ. بە کورتی هیچ سیمایەکی شارستانی و هاوچەرخ بە "سیستمی تەندروستی" کوردستانەوە نابینرێ و گەڕەلاوژێ باشترین وەسفە بۆی. بەمەش ژیانی سەدان و هەزاران هاوڵاتی لە مەترسیدایە بەبێئەوەی کەسێك یان دەستگایەك بەرپرسی کوشتی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێ.