چوار سەد ملیارەکە
2 مانگ پێش ئێستا
ئەحمەدى مەلا
رەنگە پێویستی بە قاقا بێت کاتێک ئەوەندە سفرە لە پێش رەقەمێکەوە دەبینی کە کاتێک بەرامبەر بە دۆلار دایدەنێی، لە حیساباتی دەوڵەتدارییدا تەنها بە غوبارێک دەکات کە کەس ئاوڕی لێ نەداتەوە.
پێی دەچێ تەنها ئەم رەقەمە دەماری سەرکردەکانمان رەپ دەکا، کاتێ دەبێ بە موژدە ساحێبی بۆ دروست دەبێ و کاتێک رەتیش دەکرێتەوە، بە گەردەلوولی ئاخیرەت بکات،
بەڵام،
میللەتێکی شەش حەوت ملیۆنی، کە ٣٠ ساڵ زیاترە قەوارەیەکی بە کردەیی هەیە، خاکێکی بە پیتی هەیە، ئەگەر سیاسەتێکی ئاویی کارامەمان هەبوایە، هەر سەد هەکتارێک لەو خاکە ساڵانە ئەو چوار سەد ملیارەی دەردەهێنا و خەڵکێکی زۆری مەشغول دەکرد و لە دەوری پڕۆژەگەلی ئاوادانیی، چاندن، دروینەوە و رنینەوە و وەرزەکانی بۆ خاک دەگەڕاندەوە و ئاسمان و عەرزیش بە یەک شاد دەکردەوە و بەهای راستەقینەی بۆ مرۆڤەکان دەگەڕاندەوە.
ئاوەدانیی تەنها بەرزکردنەوە باڵەخانە نەبوایە کە کەس نازانێ خاوەنەکانی کێن و لە کوێیەوە سەریانهەڵداوە و بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێن، بەرزکردنەوە باڵەخانەوە تەنها خەونی دەستەیەک بێ و دوا بڕیاری حکوومەت ئەوە بێ کە ئەو فەرمانبەرەی موچەکەی لە ملیۆن کەمتر بێ، بۆی هەبێ ببێ بە شوفێری تەکسی، ئەمە هەموو پڕۆژەکەی حکومەتمان بۆ ئاشکرا دەکا کە دەیەوێ لە پاڵ ئەو باڵەخانە قووتبووانە، حەشاماتێک هەبێ شەو و رۆژ ئیش بکات بۆ ئەوەی بتوانێ دوو پاروو نان پەیدا بکات. بەیانیان لە دەوامی رەسمی و تاکو نیوەی شەویش تەکسێتی بکات، ئەمە تەواو بیچمی ئەو وڵاتە روون دەکاتەوە کە کەس نەتوانێ بە موچەی فەرمانبەریی ژیانی دابێن بکات، ئەمە لە حاڵەتێکدا، خودی تەعین بوون خەونێکە کە کەم کەس جورئەت دەکات بیبینێ.
دەبوو،
ئێستا، دوای ئەوەندە ساڵە، دوای ئەوەی خەونی دێرینەی کورد بەدی هات و خاکی خۆی و ئاڵای خۆی و خەڵک و زمانی خۆی لە ئاماندا بن، کەچی وەکو سواڵکەر دەست لە بەغدا پان بکەنەوە، ئەمە دوای ئەوەی ئارەزوومەند بوون کە لەو بەغدایە جودا ببنەوە و ببن بە دوو هاوسێی باش.
باشە بۆچی ئێمە بووین بەو شتەی کە هەین؟ بۆچی کاتێک عەرزمان داگیر دەکرێت و جوتیارمان لە سەر خاکی خۆی دەردەکرێ کەس فززە ناکات، بۆچی کاتێک لەشکری تورکان تاکو پێش قاپییەکانمان دێن کەس فززە ناکات، بەڵام ئەو چوار سەد ملیارە دەتوانێ خەومان بزڕێنێ و قفڵەکانی دەممان بکاتەوە؟
بۆچی، میللەتێکی وەکو ئەم میللەتە لەسەر خاکی خۆی نەتوانێ بژێوی خۆی پەیدا بکات کە هەم نەوت، هەم ئاو، هەم خاکێکی بە پیتی هەبێ، میللەتێک دەیان هەزار کادیری لێهاتووی لە هەموو بوارەکاندا هەبێ، هەر یەکەیان کەوتبێتنە قوژبنێکی دنیا و ئەوەی لە ناوەوەش ماوبێتەوە دەبێ یا دوای کاروان بکەوێ یا بێدەنگ بێ؟
بۆچی دوای ئەو هەموو برینە و مەینەتییانە تەنها ئەم میقدارە پارەیە ویژدانمان لە خەو هەڵسێنێ؟ بۆچی گەیشتینە ئەم ئاستە زۆر نزم و بێ بایەخەی کە ئیدی کەس حیسابێکمان بۆ ناکات؟...ئێمە قەد نابینە رەقم، بەڵکو تەنها رەقم دەخوێنینەوە.
هۆکارەکان زۆر روونن، بەڵام بۆچی ئەم شەش ملیۆن ئاخر شەڕە ئەمەیان قبووڵە؟
ئینجا، پێی دەچێت هیچ وەرەقەیەکی کارامان بەدەست نەمابێتەوە تەنها ئیدانەکردن نەبێت!! عەرەب لە خۆڕایی نییە کە دەڵێ " وشر البلیة ما یضحک."