دۆلار و هاوکێشە سیاسییەکان!
2 مانگ پێش ئێستا
دڵشاد ئەنوەر
هاوکێشەی سیاسی و ئابووری گرێدراوی یەکترین، تا لە هاوکێشە سیاسییەکان تێ نەگەی، ناتوانی شیکردنەوە بۆ هاوکێشە ئابوورییەکان بکەیت.
کاتێک لە سەرەتای هەڵکشانی بەهای دۆلاردا بەرانبەر دیناری عێراقی، مامۆستایانی زانکۆ یاخود شیکەرەوانی ئابووری پشت بەست بە بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی بانکی ناوەندی جەختیان لەسەر ئاسایی بوونەوەی خێرای بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەکردەوە، دەرئەنجامی تێنەگەیشتن بوو لە هاوکێشە سیاسییەکان.
هەڵکشانی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار تەواو سیاسییە، گرێدراوە بە کێشمەکێشە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر عێراق تەواو ڕوونە، جگە لەم هۆکارە هیچ هۆکارێکی تر لە ئارادا نییە، ئەگینا عێراق لە ڕووی داراییەوە دۆخی لەهەموو کات باشترە، خاوەنی پارە و ئاڵتونێکی زۆری یەدەکە.
محەمەد شیاع سودانی لە ناو نوخبەی سیاسی عێراق دا بە “گێل” ناودەبرێ، هێندە بەڵێنی قەبەو جیاوازی بە ئەمەریکا و ئێران داوە، ئێستا دیلی بەڵێنەکانیەتی .
بەڵێنی ٤ ملیار دۆلاری لە ژێر ناوی گرێبەست بە ئێران داوە، لەملاشەوە بەڵێنی دەست نەگەیشتنی میلیشیا شیعەکان ی بەدامەزراوە گرنگەکان، بەڵێنی تەسفیە نەکردنی سەدریەکان لە نێو حکومەت و هەماهەنگی کردن و زۆری تریشی بە ئەمەریکا داوە.
ئێستا سودانی کەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەمەریکا و ئێرانەوە، ئەمەریکا داوای هاوکاریکردنی بۆ لەقاڵبدانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ٤ ملیارەکەو ڕێگەنەدانی بە رۆیشتنە دەرەوەی دۆلار لێدەکات، ئێرانیش فشاری جێبەجێکردنی خواستەکانی لێدەکات و گیرۆدە بووە لەو نێوەندەدا.
لە کەم وڵات دا، مامەڵەکردن بە پارەی کاش ماوە، هەمووی بووەتە سستمی بانکی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پارەی کاش هەموو مامەڵەیەکی پێوە دەکرێ، کە مامەڵە بە پارەی کاشەوە کرا، ڕێوشوێنەکانی بەقاچاخ بردنە دەرەوەی پارەی کاش ئاسان دەبێ و ناتوانرێ ڕێگەی لێ بگیرێ.
ئەمەریکاش نایەوێ فڕۆکەی پڕ لە پارەی کاش بۆ عێراق ڕەوانە بکات و لەولاشەوە بگاتە دەست رکابەرەکانی.
فشار خراوەتە سەر عێراق، نابێ چیتر بازاڕی عێراق ئامرازی دەستخستنی دۆلار بێت لەلایەن ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەرەو دراوی قورس واتە دۆلاریان دەوێ، عێراقیش لەملاوە ناتوانێ لە چنگی ئێران خۆی قوتار بکات، لەولاشەوە ترسی سزای ئەمەریکای هەیە.
ئێستا عێراق دەیەوێ رێگە لە بردنە دەرەوەی دۆلار بگرێ لە رێگەی بڕێکی دیاریکراو دۆلارەوە کە ڕۆژانە دەیخاتە بازاڕەوە، ئەم بڕە کەمترە لە پێویستی بازاڕ، واتە خستنەڕوو کەم و خواست زۆر، ئەمەش وایکردووە بەهای دۆلار ناسەقامگیر بێت.
عێراق ناتوانێ ڕێگە لە بردنە دەرەوەی دۆلار بگرێ، ناشتوانێ زۆر بخاتە بازاڕەوە و دەیەوێ ئەمەریکا ڕازی بگات، ناشتوانێ لەماوەیەکی دیاریکراودا سستمی سوفت پەیڕەو بکات و سستمی بانکی بگۆڕێ، بۆیە دۆخەکە بۆ بەرپرسانی عێراق مایەی ئیحراجییەکی گەورەیە.
بەشێک لە بەرپرسانی عێراقیش پێیانوایە ئەم دۆخە تا مانگی سێ و چوار درێژە بکێشێ، ڕەنگە شڵەقانی شەقامی عێراقی و سەرهەڵدانەوەی کێشمەکێشە سیاسییەکانی لێ بکەوێتەوە.