تەقینەوە گەورەکە!

2 مانگ پێش ئێستا

رێبین ئەحمەد رەشید
ڕایمۆند کارزێڵ "1946-      " پیرە ئەندازیارێکی گووگڵە، زیاتر لە بواری فیوچەریستیکدا کار دەکات، خاوەنی خەڵاتی 80 داهێنانی سەربەخۆیە. لەماوەی ڕابردوودا نووسینێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەخۆی کە پابەندی جۆرێک لە ڕژێمی تایبەتی کەمخۆرییە بۆ ئەوەی بتوانێت زۆر بژی و زۆرترین خەیاڵبکات، بیر بکاتەوە تا بتوانێت بگاتە دۆخێک تێیدا ئەلگۆریتمێک پێش بخات بگاتە  خاڵی singularity moment. ئەم خاڵە خاڵی تەقینەوەی زیرەکی دەستکردە کە تێیدا ئەلگۆریتمە زیرەکەکان دەگەنە دۆخێک گەڕانەوەیان نییە بۆ دواوە، میستەر کارزیڵ پێی وایە لە ڕێگەی ئەم کارەیەوە دەتوانێت کێشەی مردن چارەسەر بکات. ڕایمۆند لەو نووسینەیدا پێی وایە مرۆڤ لە 2045 دەتوانێت بگاتە ئەم دۆخە و دەڵێت " لەساڵی 2045 ئێمە  دەگەینە دۆخێک کە یەک ملیارد هێندەی ئەوەیە ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، هۆکارەکەشی ئەو خێراییە لۆگاریتمیی و ئێکسپۆنێنشیاڵییەیە کە زیرەکی دەستکرد پێیدا تێدەپەڕێت، یەک تێیدا نابێتە دوو، بەڵکو دەبێتە دە، دە دەبێتە سەد و سەد بە ملیۆن".
ئەوەی من مەبەستمە چارەسەرکردنی کێشەی مردن نییە کە ڕایمۆند ئیدیعای دەکات، مەبەستەکەی بەندە زیادکردنی داتاکانی ئێمەیە بە ڕێژەی دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی ئێستا نا، بەڵکو زیادکردنی داتاکانی ئێمە یەک ملیارد هێندەی ئەوە دەبێت کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووین زۆر تۆقێنەر دەردەکەوێت! ئەم داتایە زۆر ترسێنەرە. 
تەماشا کۆمەڵێک ڕۆبۆت و کۆمپیوتەر بکە  بتوانن بەم بڕە زۆرە لە داتاوە پەیوەندی لەنێوان خۆیاندا دروستبکەن و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن! لەمە مەترسیدارتر ئەوەی مێشکی مرۆڤێک بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەم هەموو کۆمپیوتەرەدا ببەستێت و زانیارییەکانیان وەربگرێت. ئەمە ترساندن نییە بەڵکو واقیعێکە بەدڵنیایی لە داهاتوویەکی نزیکدا تێیدەکەوین، هەروەک چۆن ئەمڕۆ خۆنەویستانە کەوتووینەتە دونیای کۆمپیوتەرەکان سبەینێش دەکەوینە دونیای مرۆڤە سوپەر سمارتەکان، بەقەولی هەراری هۆمۆ دیۆس.
لەسەرێکی دیکەوە کەسێکی وەک جاحڤ دوازدە سەدە بەر لە ئێستا شەوێک بەتاریکی دەچێتە کتێبخانەکەیەوە بە شوێن کتێبێکدا دەگەڕێت. دیارە کتێبەکانی ئەو سەردەمە لە پێستی ئاسک و بەرگی ئەستووری جلدی دروست دەکرێن، قورس و ئەستوور و گەورە. کە دەیەوێت یەکێک لەو کتێبانە دابگرێت کە لەسەر کتێبخانەکەی کەڵەکە بوون، ڕەفەی کتێب هاڕە دەکەن بەسەریدا و جاحڤ بەهۆی زەبری کتێب و کەڵەکەبوونی کتێب بەسەریدا گیان لەدەست دەدات!
ئەمڕۆ کە ئەو نووسینەی ڕایمۆند کارزیڵم خوێندەوە، ناخودئاگا بیری مردنەکەی جاحڤ هات بە مێشکمدا. ئێمە لە دوای ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردووەوە کەوتووینەتە دۆخێکی مەترسیدار کە زۆر جار بە دۆخی تەقینەوەی زانیاری ناوزەد دەکرێت Singularity technology دۆخێکی دژواری دەوڵەمەند بە داتا کە بواری گەڕانەوەی تێدا نیە بۆ دواوە. تەقینەوەی زانیاری ئەو دۆخەیە کە ئێمە دەمانەێت بێینە نێو دونیای مەجازی و ئینتەرنێت یان تەنانەت کتێبخانەیەک تا بە شوێن شتێکدا بڕۆین و سێرچی بۆ بکەین، لەسەر تەنهایەک بابەت ملیۆنەها جۆر لە داتا دێنە بەردەسمان و بەجۆرێک ون دەبین و دەپلیشێنەوە لەنێویاندا کە هیچی لە پلیشانەوەکەی جاحڤ کەمتر نییە. ڕاستە ئەو جەستەی پلیشایەوە بەڵام ئێمەش ئەمڕۆ دەروون و بیرکردنەوەمان بەتەواوەتی لەژێر هەرەسی داتادا و زانیارییەکاندا پلیشاونەتەوە، داتای زۆر و شیکار نەکراو بوارێکی بۆ تێفکرین و بیرکدنەوە نەهێشتۆتەوە.
ئەم زانیارییانە تەنها لە فەزای مەجازیدا نین، ئەمڕۆ مزگەوت، زانکۆ، ئەکادیمیا، تینک تانک ، بازاڕ، خوێندنگە، باخچە و تەنانەت دایەنگاکانیش بوونەتە کارگەی وەرگرتن و پاشان بڵاوکردنەوە و کەڵەکەکردنی داتاو زانیاری تا زیاتر مێشک و دەروونمان وەک جەستەی جاحڤ بپلیشێننەوە. ئەم دۆخە لە مامۆستایەکی زانکۆ بۆ دادەیەکی دایەنگا، لە نووسەرێک بۆ کارگوزارێک تەرویجی پێدەدرێت، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن، دۆزینەوەی کار، تەنانەت ڕێز و حورمەت لە پێوەری جۆرێتی و بیرکردنەوەوە گۆڕدراون بۆ پێوەرە چەندێتیەکانی زانینی بڕی داتای لەسەر یەک کەڵەکەکراو.
ئەم دۆخی کەڵەکەکردنی زانیاری داتایە وەک دۆخی ئەو پیاوە دێتە بەرچاو کە ماڵەکەی پاکناکاتەوە لەو زبڵ خاشاکەی کە لەماڵەکەیدا کۆبوونەتەوە و ئەم هەر پێی وایە دەبێت پارێزگارییان لێبکات بە بیانووی ئەوەی ڕۆژێک دێت پێویستی پێیان بێت تا بەکاریان بهێنێت و سوودیان لێ ببینێت، تاوای لێدت بوارێک لەماڵەکەیدا بۆ هەناسەدان نامێنێتەوە وزبڵ دەیخوات.
کاتێک داتاکان بەفلتەری بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا نەبران ناتوانن ببنە زانست، کە زانستیش نەبوو هۆشیاری دروستنابێت، بەبێ بوونی هۆشیاریش ئیدی لەبری حیکمەت و تێگەیشتن لە قانونە خودایی و گەردوونییەکان، هەموو ڕووداو و دیاردەکانی دەوروبەر دەدەینە دەست تەلیسم، سیحر و جادوو، قەزاوقەدەر، چاوی پیس، ویستی ئیلاهی و ماسۆنییەکان،  دیارە ساختەچی و فێڵباز و  بازاڕچییەکانیش بۆشاییەکانی ئەم چەمکانە بە هەل دەزانن بۆ تەرویجدان بە جەهل و بیرنەکردنەوەی زیاتر. 
🔹چارەسەر:
بە گوێرەی بۆچوونی هەندێ لە سایکۆلۆجیستەکانی ئەم بوارە مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت لە خەفەقان و هەناسە توندی نێو داتاو زانیارییەکان پێویستە بگەڕێتەوە بۆ تێوریاکەی ئەرستۆ : "ئێمە کێشەی کەمی زانیاریمان نییە، کێشەی بیرکردنەوەی دروستمان هەیە". دەبێت زانکۆ و خوێندنگە و باخچە و دایەنگاکان لەبری گواستنەوەی زانیاری ببنە ناوەندی دروستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەرڕێخستنی مایند سێتی لەخۆ و هاوردە نەکراو.  بە بڕوای بەشێک لە کۆمەڵناس و دەروونناسانی بواری پەروەردە، بیرکردنەوەی دروست دوو ڕێگای هەیە:
یەکەم/ بۆ هەموو باسێک نەگەڕێمەوە بۆ  لێکۆڵینەوەی نێو سایت و کتێب و بڵۆگەر و ڤیدیۆ و باسەکانی نێو سۆشیال مێدیا بۆ ئەوەی بزانم خەڵک لەبارەی ئەم باسە تازەیەوە دەڵێن چی! سەرەتا دەبێ چەرخی ڕەوڕەوەکەی نێو زیهنی خۆم بچەرخێنم بەئاڕاستەی تێگەیشتن لەو باسە، پێش خەڵک بزانە خۆت چۆن بیر دەکەتەوە، بونیادی بیرکردنەوەی خۆت سەبارەت بەو باسە چییە و چۆنە.
دووەم/ کۆکردنەوەی ئارگیومێنت و باسی پشتیوانیکەر و دژ "تێز و ئەنتی تێز" سەبارەت بەو باسە و هەڵسەنگاندنی خۆت بۆ هەردوو بۆچوونەکە تا سانتێزێکی نێو بیرکردنەوەی خۆت سەر ڕێ بکەوێت.