درامای بێ گوناه
08/03/2023
هێمن مەحمود
"هەمووان گوناهێکیان کردووەو هەمووانیش خۆیان بەبێ گوناه دەزانن"
چەند شەوێکە سەرقاڵی تەماشاکردنی ئەم دراما ئێرانییەم کە بەرهەمی ساڵی 2022و بەڕای من یەکێکە لەهەرە دراما ناوازەو پڕ مانا و جوانەکان کە شایانی ئەوەیە تەماشا بکرێت و کاتێکی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت.
جوانی ئەم درامایە لەوەدایە کەسایەتییە سەرەکییەکانی تەنیا دوو خێزانن کە بەجۆرێک لەجۆرەکان چارەنووسی ئەندامەکانی پێکەوە بەستراون و هەمووان لەبازنەیەکی داخراودا ژیانیان دەخولێتەوەو هەرچەندە لەدەستی یەک هەڵدێن بەڵام دواجار دەگەنەوە بۆ یەکتری.
خاڵێکی سەرنجڕاکێشتری ئەم درامایە عەشق و چارەنوسی عاشقەکانە بەجۆرێک لەجۆرەکان هیچ کات و دۆخێک لەبەرژەوەندییان نییەو پێچەوانەی شەپۆلی ژیانەوە مەلە دەکەن و دەخرێنە کونجە تاریکەکانی بیرەوەرییەوە.
مەرگ و پارە و سەروەت و سامان و سەفەر و خۆ ونکردن بەشێکی دیکەی ئەم درامایە و پاڵەوانەکانی تا کۆتا سات ڕووبەرووی دەرئەنجامەکانی دەبنەوە، هاوکات ڕووداوە کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوەکان و قەدەری چاوەڕواننەکراو هێندەی تر ئەم درامایەی جوانترکردووەو مرۆڤ ناچار دەکەن یەک سات چاو لەو حیوار و دایالۆگانەی ناو دراماکە نەبڕێت چونکە چاوت لەسەری لاچوون ئەوا شتێکی گرنگت لەدەست دەرچووە و دەبێت جارێکی دیکە سەیری بکەیتەوە.
ئەم درامایە چیرۆکی ژیانە، ژیانی هەر کەسێک لەئێمەی بەجۆرێک لەجۆرەکان تیادایە، چیرۆکی ئەو تاوانانەیە کە بەبێ گوناهی و لەناچاریدا ڕوودەدەن و ژیانمان دەکەنە دۆزەخ..چیرۆکی عیشق و دابڕان و شەڕی چارەنووس و قەدەری ئەو مرۆڤانەیە کە هیچیان بەدەست نییەو هەموو شتێکیش دەکەن لەپێناوی ژیان و مانەوەدا..
ئەم درامایە دوای تەواوبوونی و تەماشاکردنی ئیدی ناخی مرۆڤت بیردەکەوێتەوەو ئەو دڵخۆشی و گەشبینییەت ناهێڵێ بەرامبەر بە مرۆڤ کە گوایە کائینێکی بێ گوناه و پاک و بەریئە، بەڵکە گومانت لەتەواوی مرۆڤەکان بۆ درووستدەکات کە هەر یەکەیان لەژێر ناوی بێ گوناهیدا تاوانێکی ئەنجامداوە و وا خۆی نمایشدەکات کە بێ گوناهە...!
ئەمە چیرۆکی هەموو مرۆڤێکە کە ڕەنگە لەپێناوی پارەدا، لەپێناوی عەشقدا، لەپێناوی ژیانکردنێکی کورتی چەند ساڵە سڵ لەئەنجامدانی هیچ گوناهێک نەکاتەوە و ئەنجامی بدات.