ماڵی ئیبراهیمی - بەشی دوەم
08/03/2023
پەیكار عوسمان
شەیتان بۆیە شەیتانە، چونکە وتی "من باشترم لەو"، کەچی تۆ بەردەوام وا ئەڵێیت، ئەم وا وتنەش لە جوملەیەکی شەیتانیدا ئەگاتە لوتکە: (سوپاس بۆ نیعمەتی ئیسلام). ئێمەی کورد، موسوڵمانیشبووین و ئەو جوملەیەمان نەئەزانی، "شەیتانیزم" فێری کردین. جوملەیەک کە سکپڕە بە جیاکاری و فیتنەو بە ڕق لەوانیتر، هەروەها بە غرورێکی شەیتانی، کە نایەڵێ خۆت ببینیت و بە خۆتدا بچیتەوە.
هەڵبەتە دین و مەزهەبەکانی تریش هەروان، هەڵبەتە ئەمە لە دینەوە پەڕیوەتەوە بۆ ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکان و ئەوانیش هەر وان و هەموو هەر خەریکی ئەو سوپاس و ستایشەی کاڵاکەی خۆیانن (کل حزب بما لدیهم فرحون). ئا ئەوەش هەرهەمووی پێکەوە، دینی شەیتانە، چونکە ئەمە هەمان ئارگۆمێنتەکەی ئەوە لە حیواری یەکەمداو ئێمە لە دیمەنەکانی تری شانۆکەدا دووبارەی ئەکەینەوەو کەرێتییە کۆنەکەی پێ تازە ئەکەینەوە!
مێژووش ئەونەی کە ئەو کەرێتییە جوڵاندویەتی، ئەونە عەقڵانیەت نەیجوڵاندوە، بۆیە هەنێ فەیلەسوف لە مرۆڤ بێ هیوابوون و وتوویانە مرۆڤ گورگی یەکترن، یان وتوویانە جەنگ ڕۆحی مێژووە.. هەرچی شەریعەت و یاساو نەریتیشە، ئەگەر لە ئاستی فەردیدا بۆ سنوردارکردنی چاوچنۆکی هاتبن، لە ئاستی جەماعییدا بۆ سنوردانان بۆ کەرێتییە کۆنەکە هاتوون. مرۆڤ ئەگەر پێش کەرێتییەکەش خەوتبێت و بە دەستی خۆی سیستەمی شەیتانی دروستکردبێ، دواتر زانیویەتی چ پەنێکی داوە، بۆیە ناچارانە خەبەری بۆتەوەو هەنێ ڕێکاری عاقڵانەی داهێناوە.
حیکایەتەکە ئەفسانە نیەو خواو شەیتان و شانۆکە، هەر لێرەیەو لەناو خۆماندایە. دەنگی "من باشترم" لەناو هەمووماندا هەیەو ئەگەر ئەو دەنگە سەرخەین، ڕێک دەنگی شەیتانمان سەرخستووە. هەر دەقێکیش وتی تۆ باشتری لەو، ئەوە یان لە ئەساسەوە دەنگی شەیتانە، یان تۆ شەیتانیانە لێ ی تێگەیشتوویت و وا بۆت تەفسیر کراوە.
مرۆڤ خۆپەرستەو هەر دەنگێک لە دەرەوە پێی بڵێ تۆ باشتریت، ئاسایی بە دەمیەوە ئەچێ، چونکە ئەو دەنگە غەریب نیەو لە ناوەوەش منێکی خۆپەرست هەیە بەردەوام وات پێ ئەڵێ. ئیتر هەردوکی ئەبێت بە یەک دەنگ و شەیتانێکی موحتەرەمی لێ دەرئەچێ کە من و تۆی دەمارگیرین.
ئایدۆلۆژیاکان لە گڕێدانی ئەو دوو دەنگەوە یاری خۆیان ئەکەن. دەمارگیریی گرێدانی ئەو دوو منەیە، منی خۆپەرستی ناوەوە و منی ئایدۆلۆژی دەرەوە. شتەکە دوولایەنەیە، ئایدۆلۆژیاکە حەزی خۆپەرستی تۆ تێرئەکاو پێت ئەڵێ تۆ باشترینیت، تۆش ئەبیتە کەری ئایدۆلۆژیاکەو باری خۆیت لێ بارئەکا. هیتلەر ئەو هەموو ملیۆنە بەشەرەی، هەر بە ترس و بە زۆر نەئەنارد بۆ جەنگ، بەڵکو بە جوملەیەکی زۆر سادە: (تۆ باڵاتریت لەو). حەشامەتەکەش هەر بە ناچاری و بە نابەدڵیی نەئەچوون، بەڵکو زۆرجار بە حەماسەت و خۆشحاڵییشەوە، چونکە ئەو جوملەیە، غەریب نیەو هەمان حەزە گرگنەکەی ناوەوەی خۆتە!
فاشیزم ڕێک بریتییە لە سەرکەوتنی دەنگی شەیتان، بەسەر دەنگی خوایا، لەناو تۆدا. یەعنی سەرکەوتنی خۆپەرستی بەسەر ویژدان و عەقڵدا. بەڵێ تۆ ساحەکەیت و لە فاشیزمدا، ئیتر خوا بە شەیتان ئەدۆڕێ و لەبری (هەر چاکە چاکە) کە مانا دروستەکەی (لا اللە الا اللە)یەو هی کەس نیە، (هەر من چاکم) ئەیباتەوە کە مانا ساختەکەیەو هی گروپەکەی تۆیە. ئەوەش ڕیک قسەکەی شەیتانە: (من باشترم لە ئادەم)، کە دواتر سەریشئەکێشێ بۆ قسەکەی فیرعەون: (انا ربکم الاعلی).
"شەیتان" یەعنی خەیاڵە فاشیستییەکە لەناوەوەی خۆتداو "فیرعەون" یەعنی هاتنە دەرەوەی خەیاڵەکەو تەحویلبوونی بۆ ستەمکاریی لە واقعدا. هەموو مەشروعێکی فاشیستی، بە جوملە شەیتانییەکە دەست پێئەکاو بە جوملە فیرعەونییەکە کۆتایی دێت، دنیایەک فیتنەو شەڕییش لە نێوانەکەیدا. "خومەینی و ئەتاتورک" نمونە نزیکەکەی ئەم هاوکێشەیەیەو فەرقی نیە دینییانە وابیت یان نادینییانە!
من باشترمەکەش ڕەبتی بە باشییەوە نیە، بەڵکو باشترمەکە تەنیا وەسیلەیەکەیە بۆ دەسەڵات، مەوزوعەکە دەسەڵاتە نەک باشی و خراپی. "من باڵاترم" ڕێک یەعنی "من باڵادەستم". من باشترمەکەی یەهودو ئیسلام، فەرقی نیە لەگەڵ من باشترمەکەی نازی. فەرقی نیە بەچی وابیت، گرنگ ئەوەیە وانەبیت و نەیەڵیت ئەو دەنگە شەیتانییە دەس لە عەقل و دەروونت بوەشێنێ. وابوون شەیتانییەو وانەبوون خواییە. خوایبوون بەوەنییە چ دین و تقوسێکت هەیە، بەوەیە کە وا نەبیت، ئەوەش یەکجار نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامەو ئەبێ هەمیشە هۆشیاری ئەوەبیت کە ڤایرۆسێک نەیەت وات لێبکات!
مرۆڤ فریشتە نیەو مرۆڤی موسوڵمانیش، وەکو هەر مرۆڤێکی تری ئەم دنیایە، ئەو دەنگە شەیتانییەی تیایە، بەڵام بە نزمی. دەنگی عەقڵ کە مرۆییەو دەنگی ویژدان کە خواییە، ئەشێ سنورێک بۆ ئەو دەنگە شەیتانییە دانێن و وەحشەکە نەیەتە دەرەوە. بەڵام "ڤایرۆسی ئیسلامیزم" ڕیک بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئەو دەنگە لە ناخی مرۆڤی موسوڵمانداو هێنانە دەرەوەی، لە شێوەی شیعاری "ئیسلام چارەسەرە"و ژەهری هەر من ڕاستمدا!
ئیتر کۆمەڵگا، فیتنەو پەرتبوونێکی ناوەکی تێئەکەوێ، کە ئەسڵەن دوژمنی دەرەکی ناوێ، چونکە بەشی ئیسلامیی، ئەکەونە دژایەتی، لەگەڵ بەشەکەی تری هەر موسوڵمان، بەڵام نائیسلامی. ئەوەش ئەو درزەبوو کە ئیسلامیزم کردیە دیواری کۆمەڵگا موسوڵمانەکانەوە، کە هاوشێوەی فیتنە کۆنەکەی سونەو شیعە، ئەمەش تا قیامەت وەکو خۆی لێ نایەتەوە!
لێرەشەوە ئەتوانین بڵێین، موسوڵمان گیرۆدەی نەخوێنەوار نیە، بەڵکو ئەفەنی و خوێنەوار قوڕی کرد بە سەریدا. ئەوە خوێنەوارە کە فاشیزم و لینینیزمت بۆ تەرجەمە ئەکاتە سەر زمانی دینی و لێتی ئەکات بە ئەسڵی دین و بە وەحی خوا، خۆ ئەوە بە نەخوێنەوار ناکرێت! نەخوێنەوار بە تەنکیی لەناو کەرێتی هەرخۆم ڕاستمدایەو ئاسان لەوەش دەردێ، بەڵام (هەرخۆم ڕاستمی خوێنەوار) دیواری گەمژەیی وا ئەستوور ئەکات، کە بە هەزار پیک بۆت نەشکێ و بە هەزار ساڵیش لێ ی دەرنەچیت!
ئەگەرچی عەوام، جسمێکی گەورەی ناعەقڵانییە، بەڵام ئەوەشی باشە، کە جەهلەکەی سادەیە، ئەگەر نوخبەیەکی کراوە، کاری لەسەر بکات، ئاسان گرێکان ئەکرێتەوە. بەڵام "نوخبەی دەمارگیر" بەڵای مێژووە، چونکە جەهلی سادەی خەڵک، ئەگۆرێت بۆ جەهلی ئاڵۆزو گرێکان ئەکات بە گرێکوێرە.
ئا ئەوەش هەم کێشەی موسوڵمانەو هەم کێشەی کوردە لەسەت ساڵی ڕابردوودا، کە "ئەفەنی ئایدۆلۆژیست" نەیهێشتووە لە جەهلەوە بپەڕینەوە بۆ تەنویر، بەڵکو لە جەهلی تەقلیدییەوە هاتووین بۆ جەهلی مۆدێرن و لە مێگەلی تەکێ و خێڵەوە هاتووین بۆ مێگەلی حیزب. ئەفەنی و خوێنەواری موراهیق، کە هەموو سەقافەتەکەیان تەنیا خوێندنەوەی دوو کتێبی چەپەکان بوو، نەیانهێشت (هۆشیاری تاک) دروستببێ و دیسان مرۆڤەکانیان تۆپەڵکردەوە لەناو ئایدۆلۆژیای قەومی و ئیشتراکی و ئیسلامی.. ئەمە لەکاتێکا کە خێڵ و تەکێ و تۆپەڵە کۆنەکانیش هەر ماون!
بە دیاریکراوی بەهۆی شاڵاوی کۆڵۆنیالیزمەوە، لەم ناوچەیەدا، (کەرێتی شۆڕشگێڕی) سەرکەوتووە بەسەر عەقڵانیەتداو ئیتر چەپ و قەومی و ئیسلامی هەمان مەکینەیان لەسەرەو ئەشیایان بۆ یەک ئەبێت. یارییەکەش هەر ئەوەیە، مونەزیرێکی ئەفەنی دێت، زۆر ئاسان دنیات بۆ ئەکات بە دوو لەتی ڕەش و سپی و "هۆشیاریی مێگەلیی" تۆخترئەکاتەوەو خراپەکەش خراپتر ئەبێت.
بەکورتی: بچوککردنەوەی بازنەکەو داخران بەسەر خۆدا، ئاگرەو کرانەوە بەسەر یەکترداو گەورەکردنی بازنەکە، نەجاتە. یەعنی فیرقەی ناجییە، فیرقەیەک نیە لە فیرقەکان، بەڵکو کرانەوەیەکە لە عەقڵی هەموواندا. شتەکە وایە نەک ئەوەی وەهمەکەی من عاقڵیی بێت و وەهمەکەی تۆ کەرێتی بێت، لەکاتێکا هەردوکی هەمان وەهمەو فەرقی نیە کورتانەکە هی کام گروپ بێت.
لێرەشدا کارەکەی ئیمارات و سعودیە، هەنگاوێکی باشە، لەبەرئەوەی دیشیک شلکردنەوەی برغووە ژەنگاویەکەیە. هەر ئەوە دواتر قەتەریش بە شێوازی خۆی ئەیکاو ئەگەر نەیکات لە مێژوو بەجێ ئەمێنێ. ئەوەی کە قەتەرو ماشێنە ئیعلامییەکەی، هێشتا مەزهەبی فیتنەیان فڕێنەداوە، تەنیا مەسەلەی کاتەو ململانێ سیاسییەکان دوای خستووە. قەتەر بچوکبوو، بە مەزهەبی فیتنە خۆی گەورەکرد، ئێستا گەورەیەو هەرکات مەزهەبی فیتنە ببێتە هۆی بچوکبوونەوەو کردنە دەرەوەی لە یارییەکە، زۆر ئاسان فڕێ ی ئەداو مەزهەب ئەگۆڕێت.
ماویەتی