بۆچی فێستیڤاڵی قوتابخانەکان لە سلێمانی وون دەبێت؟
15/03/2023
گۆران نامیق
چالاکی هونەری قوتابخانەکان لە سلێمانی چەندین ساڵە فێستیڤاڵی هونەری ساز دەکات لەژێر ناونیشانی (فیستیڤاڵی چالاکی هونەری قوتابخانەکان) بۆ هەریەک لە هونەرەکانی (شانۆ ، موزیک ، شێوەکای) ئەم فیستیڤاڵە بە باخچەی ساوایان و قوتابخانە بنەرەتی و ئامادەییەکانەوە ، بەهەردوو یەکەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەرێوەبەرێتی گشییەوە ، بەقوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانەوە زیاتر لە سەد نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکرێت بەقوتابیان و مامۆستایان و دایکان و باوکان ..
بۆچی ماندوبوونی مامۆستایانی هونەر و قووتابیانی بەشداربووی چالاکییەکان و ئەو بەڕێوەبەرە تێگەیشتووانەی کە نابنە بەربەست و کێشە بۆ مامۆستایانی هونەر و هاوکاریان دەبن ، نادیدە دەگیرێت ، تەنانەت ڕێز و سوپاسێکیان پێ ڕەوا نابینرێت ؟
بۆچی دڵسۆزی ئەو سەرپەرشتیارانەی بەبێ هیچ دەرماڵەیەک ، بەردەوام لە هاتوچۆدان و ڕۆژانە لەم باخچە بۆ ئەو باخچە لەم بنەڕەتی بۆ ئەو ئامادەیی ڕاکەڕاکیانە تا کارە هونەرییەکان سەرپێبخەن و ڕۆژەکانی نمایش ڕێکبخەن ، دیارنییە و هیچ کەسێک نایبینێت و نایبیستێت ؟
بۆچی ئەم فێستیڤاڵە نابێتە ڕووداوێکی گەورە و هونەرمەندان و خەڵکی شار و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و تەنانەت وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتییەکانی هەردوو یەکەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک پێویست لێی بە ئاگا نین ؟
بێگومان هۆکار زۆرن بەڵام هەوڵدەدەم لێرە چەند خاڵێکی گرنگ بخەمە ڕوو .
١- نەبوونی ڕاگەیاندنێک کە بتوانێت هەواڵەکانی ئامادەکاری و ڕۆژانی نمایشەکان بگەیەنێتە هەموو لایەک و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن .
٢- دیاری نەکردنی لیژنەکانی هەڵسەنگاندن لە دەرەوەی بەڕێوەبەرێتی چالاکی هونەری قوتابخانەکان .
٣- پەرشوبڵاوی و کۆنەکردنەوەی کارە هونەرییەکان لە چەند هۆڵێکی دیاریکراو لە دەرەوەی قوتابخانەکان .
٤- میوانداری نەکردنی ئەو ئەدیب و هونەرمەندانەی لەبوارەکانی شانۆی منداڵدا ئەزموون و خزمەتیان هەیە ، لە دەرەوە و ناوەوەی سلێمانی .
٥- گرنگی نەدان بە کۆتا ڕۆژ (خیتامی) نەبوونی خەڵات بۆ بەشدار بووان و نەبوونی پلەبەندی یەکەم و دووەم و سێیەمەکان لە بوارە جیاجیاکانی نواندن ، دەرهێنان ، دەق ، سینۆگرافیا بۆ قوتابخانە دواناوەندییەکان….
٦- دیاری نەکردنی ناوێک بۆ فیستیڤاڵەکە لەبری (فیستڤاڵی چالاکی هونەری قوتابخانەکان ) .
٧- نەبوونی ڕۆژێکی دیاری کراو ، کە هەموو ساڵێک قوتابخانە بەشداربووەکانی پێوە پەیوەست بکات ، هاوکات دانانی ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ کۆتا نمایش و سازدانی ئاهەنگی کۆتایی فێستیڤاڵ .
٨- گرنگی نەدان و نەبوونی پۆستەر و دەلیل .
ێ-نەبوونی پۆستەرێکی یەکگرتوو کە گوزارشت لە کۆی فێستیڤاڵەکە بکات و هەموو بەشداربووان بەهی خۆیانی بزانن .
ب- دەلیلێک کە کۆی زانیارییەکانی لەسەر یەک بە یەکی نمایشەکان و ڕۆژ و کات و شوێنی نمایش و ناوی تەواوی بەشدار بووان و ئامادکاران لەخۆ بگرێت .
٩- گرنگیدانی زۆری بەرپرسانی پەروەردە بە فێستیڤاڵەکانی شێوەکاری و قردێلە بڕین و دەرکەوتن .
١٠- نەبوونی هەڵوێست و هەڵوەستە بەرانبەر بەو قوتابخانانەی گرنگی بەو جۆرە چالاکیانە نادەن .