ئایا گەلەکۆمەکێیەکی جوولەکە لە دژی کریستیانۆ رۆنالدۆ هەیە؟
18/03/2023
ماوەیەکە لە سۆشیال میدیا بە گشتی و لە ژمارەیەک پەیجی کوردیدا قسەڵۆکێک بڵاوبۆتەوە کە گوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڕووبەڕووی گەلەکۆمەکێی جوولەکە و کۆمپانیای کۆکا کۆلا بۆتەوە کە ئەمەش بۆتە هۆی دوورخستنەوەی ئەو لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێ لە ئەوروپادا. ئەمەش گوایە لە بەر ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پشتگیری دۆزی فەلەستین دەکا.
پاش کەمێ بەدواداچوون ئەم داتا و زانیارییانە دەخەینە ڕوو کە دەریدەخەن نەک جولەکە دژایەتی کریستانۆ ناکا، بەڵکو بەشێکی زۆری داهاتی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوەیە کە جووەکان خاوەندارێتی دەکەن و یاخود بەڕێوەی دەبەن، بفەرموون ئەمەش بەڵگەکانە کە هەر کەسێ بخوازێ زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە ئینتەرنێت چێکی بکا و بەدواداچوونیان بۆ بکات.
- بە پێی ئاماری ساڵی پاری گۆڤاری (فۆربس) سەبارەت بە دەوڵەمەندەکانی جیهان، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ساڵانە 45 ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی گۆڕەپان، واتە بە شیوەی بزنس و سپۆنسەری تایبەت بە خۆی پەیدا دەکات.
- سپۆنسەرە گەورەکانی کریستیانۆ بریتین لە Nike, Abbott, DAZN, Altice, American Tourister, Hebalife, Livescore, Tag Heuer, MTG, Louis Vuitton, Jacob & Co, و چەند کۆمپانیایەکی دیکە. ئەمە جگە لە ژمارەیەک کۆمپانیا و براند (CR7, 7EGNED, Insparya) کە کریستیانۆ خۆی خاوەندارێتیان دەکات بە هاوکاری لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بواری جلوبەرگ، بۆن، هتد.
- کۆمپانیای نایک(Nike) یەکێکە لە سەرەکیترین سپۆنسەرەکانی کریستیانۆ کە ناوبراو ساڵانە بیست ملیۆن دۆلاری لێ دەستدەکەوێ . نایک، وەک هەر کۆمپانیا گەورەکانی دیکە لە ئەمریکا، ژمارەیەک لە جوە دەوڵەمەندەکان، چ لە خاوەندارێتی و چ لە دەستەی بەڕێوەبەرێتیەکەیدا بەشدارییان هەیە.
- جەیکەب & کۆ (Jacob & Co) کۆمپانیایەکی بواری خشڵ و زێڕە کە خاوەنەکەی جەیکۆب ئارابۆ-یە، جولەکەیەکی ئۆزبەکی دانیشتوی ئەمریکایە و کریستیانۆ تەنها مانگێ پێش مۆندیالی قەتەر گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ کرد.
- ئالتیس (Altice) یەکێکی دیکەیە لە سپۆنسەرەکانی کریستانۆ کە بریتییە لە کۆمپانیایەکی جیهانی بواری تەلەکۆم و ئینتەرنێت، خاوەنەکەی پاتریک دراهی- یە کە جویەکی ملیاردێری ئیسرائیلییە.
- کۆمپانیای ئەیبۆت (Abbott) کە سپۆنسەری کریستیانۆیە، بریتییە لە کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆژیای وەرزشی. ئەیببۆت بەشێکە لە گروپی وەبەرهینەرانی ڤانگارد (The Vanguard Group)کە ئەویش بەشێکە لە گروپی وەبەرهێنەرانی بلاک ڕۆک(Black Rock) کە خاوەنەکەی ملیاردێرێکی جولەکەیە بە ناوی لاری فینک.
- ئەمێریکان توریستەر American Tourister) یەکێکی دیکەیە لە سپۆنسەرەکانی کریستیانۆ. ئەم براندە بەشێکە لە کۆمپانیای سامسۆنایت (Samsonite) بۆ دروستکردنی جانتای گەشتکردن. سامسۆنایت سەر بە گروپی سیفی سی کەپیتەڵ پارتنەرسە (CVC Capital Partners)کە ئەویش سەر بە سیتی گروپە (CitiGroup)و یەکێ لە دوو خاوەنەکەی ساندفۆرد ڤیلە کە جویەکی ملیاردێری ئەمریکییە.
- تاگ هۆیەر (Tag Heuer) مارکەیەکی بەناوبانگی کاتژمێری سویسرییە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ گریبەستی سپۆنسەری لەگەڵدا هەیە. تاگ هۆیەر لە سەدەی نۆزدەیەم لە لایەن ئێدوارد هۆیەر، کە جوویەکی سویسرییە، دامەزرێنراوە و بنچینەیەکی کۆنی هەیە کە جووەکان شانازی پێوەدەکەن.
- ئەمە جگە لەوەی کە زیاد لە جاریک کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڕاستەخۆ ریکلامی بۆ کۆمپانیای هۆت (HOT) کردووە کە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بواری ئینتەرنێتە.
- بەدەر لە پەیوەندی بازرگانی، لە مانگی دوازدەی 2019 و لە میانەی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (ئیزرال کاتز) بۆ یانەی یۆڤنتۆس لە ئیتاڵیا، ناوبراو بەجیا لە لایەن کریستیانۆ رۆنالدۆوە پێشوازی لێکرا و کریستیانۆ تیشێرتێکی خۆی بەتایبەتی پێبەخشی و وێنەکەی هەیە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم کە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ دژایەتیکردنی کریستانۆ ڕۆناڵدۆ نییە. ئامانج لەمە تەنها بەرچاو ڕوونییە بۆ ئەو کەسانەی کە بە دڵپاکی و عاتیفەوە کەوتونەتە دوای چەند دروشم و قسەڵۆکێکی بریقەدار کە ئەسڵ و ئەساسیان نییە! چونکە گەر گەلەکۆمەکێیەکی جوو دژی ڕۆناڵدۆ هەبوایە، ئەوا دەبوو ئەو کۆمپانیایانە هەموو دەستبەرداری سپۆنسەر و گرێبەستە بازرگانییەکانیان بوونایە. هەڵمەتی دەستەجەمعی لەو جۆرە پێشتر هەبووە کە نوێترینیان دژی گۆرانیبێژی ئەمریکی (کانیە وێست) بوو. دوای چەند دەربڕینێکی دژەــجوو ( anti-semetic)کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئەدیداس و بالێنسیاگا و چەندین کۆمپانیای دیکە دەستبەرداری گرێبەستەکانیان بوون و ئامادەبوون زیانێکی زۆر بکەن لە پێناو سزادانی کانیە وێست-دا. هەڵبەت هەرگیز کارێکی لەو جۆرە لە دژی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نەکراوە!
بە دیوێکی دیکەشدا، لۆژیک پێمان دەڵێ گەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەوەندە هاودەردی کێشەی فەلستین و موسوڵمانان بێ، ئەوا دەبوو خۆی وەک پرەنسیپ هیچ گرێبەستێکی بازرگانی لەگەڵ لایەنێکی جوو/ئیسرائیلیدا نەکردایە. کەواتە با چیتر دوای دروشم و قسەی بێ بنەما نەکەوین و ڕاستییەکان وەک خۆی ببینین. کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دوو ئەستێرەی مێژوویی تۆپی پێن. با سیاسەت و هیچ شتێکی دیکە تێکەڵی جوانییەکانی ئەوان نەکەین.
ئا: د.زانا کوردە