نەورۆز جەژنێکی ئاینی نییە
3 مانگ پێش ئێستا
ئەحمەدی مەلا
رۆژمێری وڵاتان لە چەندین توێژ پێکهاتووە، توێژی دێرین، توێژی هاوچەرخ، توێژی ئاینی و ئەفسانەیی، توێژی نیشتیمانی...
ئەم توێژانە تەواوکەری یەکترن، هیچیان هیچیان لانادات، تەنها ئەو بۆنانە نەبێت کە رۆژێک لە رۆژان، بە زۆرملێ سەپێندارن لە لایەن رژێمی دیکتاتۆرانەوە.
وەک چۆن جەژنی لەدایکبوون و جەژنی قیامەتی مەسیح هاوتەریبە لەگەڵ جەژنە میتراییەکان، جیهانی مەسیحی لەگەڵ ئاینە نوێیەکەی خۆیدا تێکهەڵکێشی دەکات، وەک چۆن کەشی حەج لە کۆمەڵگەی عەرەب دەکەێتە پێش سەرهەڵدانی ئیسلامەوە، بەڵام ئیسلام دەیترنجێنێتە نێو روکنەکانی خۆی. هەر بەم پێیە، جەژنی نەورۆز بۆنەیەکە دەکەوێتە پێش سەرهەڵدانی ئیسلامەوە و کورد کردووێتی بە جەژنی نەتەوایەتی خۆی و تازە بەکەس رەگهەڵكێش ناکرێت، وەک چۆن، نەتوانرا تەقسی حەج ریشەکێش بکرێت.
سەرنجێکی کورت : لە هەموو مێژووی میللەتاندا، تەنها مەلای ئێمە، دژ بە جەژنی نەتەوایەتی خۆیەتی، هەموو بەهارێک هەمان تاس و حەمام دووبارە دەکەنەوە، بەڵام خەڵک دوو ئەوەندەی دیکە بە گوڕتر ئەم جەژنە بەسەر دەکاتەوە.
رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت بگوترێت : ئەوەی بۆ خودایە با خودا بێت، ئەوەشی بۆ قەیسەرە با بۆ قەیسەر بێت.