ئایا بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین هیچ کاریگەرییەکی دەبێت؟
3 مانگ پێش ئێستا
ڕەنج نەوزاد
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سنووری کارکردنی تایبەتە بە تاوانەکانی وەک جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی کاتی جەنگ. ئەم دادگایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتین دەکردوە. بێ گومان گونجاو نییە کاریگەری ئەم بڕیارە لەو ڕەهەندەوە تەماشا بکرێت کە ئایا جێبەجێ دەکرێت یا نا، بە دڵنیایەوە پوتین دەستگیر ناکرێت. خودی دادگاکە لایەنی جێبەجێکاریی نییە و بەڵکو دەبێت پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە تاوانبارەکەی لێیە، یاخود دەوڵەتانی ئەندام لە دادگاکە ئەگەر تاوانبار چووە ناو وڵاتەکەیان، دەبیت بڕیارەکەی جێبەجێ بکەن و تۆمەتبار ڕاپێچی دادگاکە بکەن. خودی ڕووسیا ئەندام نییە لەو دادگایە، تەنانەت ئۆکڕانیا و ئەمریکاش ئەندام نین. بەڵام ١٢٣ دەوڵەت ئەندامن لەو دادگایە، زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپا وئەمریکای باشوور و کەندا و ئوسترالیا و ژاپۆن و نیوەی ئەفریقیا ئەندامی ئەو دادگایەن. واتە ئەگەر پوتین بچێت بۆ هەر یەک لەو وڵاتە ئەندامانە، ئەوا پۆلیسی ئەو وڵاتانە دەتوانن دەستبەسەری بکەن ئەگەر بیانەوێت، دادگاکەش داوایان لێدەکات.
کاریگەری ئەم بڕیارە بۆ سەر پوتین و ڕووسیا زیاتر سیاسی و دبلۆماسی دەبێت، بۆ نموونە پوتین بۆ هەر یەک لەو ١٢٣ وڵاتە گەشت بکات، پێویستە سەرەتا ئاگادار بکرێنەوە و پرسیار بکرێت ئایا فەرمانی دادگاکە جێبەجێ دەکەن یاخود نا؟ ئەگەر فەرمانەکە جێبەجێ بکەن ئەوا پوتین بۆی نییە گەشتی بۆ بکات. ئەمە زیاتر پوتین نزیک دەکاتەوە لە تاوانبارێک یا سەرۆک مافیایەک نەک سەرۆکی دەوڵەتێک کە دەیەوێت سیستەمی جیهانی بگۆرێت و ببێتە جەمسەرێکی سیستەمەکە! بۆ ئەوەی لە کاریگەرییە خەراپەکانی ئەو بڕیاڕە لە ڕووی سیاسیەوە تێبگەین، بۆ نموونە پوتین سێهەم سەرۆک دەوڵەتە لە جیهاندا کە ئەو دادگایە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرەکات. پێش پوتین تەنیا بۆ دوو سەرۆک دەوڵەت ئەو بڕیارە دەرچووە ئەوانیش قەزافی و عومەر بەشیری سوودان، هەردووکشیان دوو سەرۆکی گۆشەگیر و بێزراو بوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەردووکشیان چارەنووسیان سەلمێنەری ئەو گۆشەگیرییە سیاسیە بوو. پوتین یەکەم سەرۆکی دەوڵەتێکی زلهێز و ئەندامە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو بڕیارەی بۆ دەربچێت.
ڕووینەداوە و ڕوونادات، سەرۆکی دەوڵەتی جەمسەر لە سیستەمی جیهانیدا پۆلیسی ١٢٣ وڵات لە ڕووی یاساییەوە بۆیان هەبێت دەستبەسەری بکەن! هەر ئەم کاریگەرییە سیاسی و دبلۆماسی وڕەمزیە بوو کە وای کرد ڕووسیا لەسەر ئاستی فەرمی و باڵا چەندین جار و زۆر بە توندی وەڵامی ئەو بڕیارە بدەنەوە و دژی بوەستنەوە. پوتین لە ئێستادا لە سەرۆکە هەرە گۆشەگیرەکانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمریکا و یەکێتی و ئەوروپا و ژاپۆن و هاوپەیمانەکانی تریان، لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژیا و کاریگەرییەوە سێ بەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن ئەگەر زیاتر نەبیت. جگە لەوەی چین وەگ گەورەترین و کاریگەرترین دەوڵەت کە نزیکە لە ڕووسیاوە، هەرگیز ئامادە نییە لەبەر ڕووسیا بچوکترین کێشەی جدی لەگەڵ بەرەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا درووست بکات، چونکە خودی چین و هەژموونەکەی بەشێکی دانەبڕاوی ئەو سیستەمە ڕۆژئاوایەیە، بە بێ تەکنەلۆژیا و بازرگانی کردنی چین لەگەڵ رۆژئاوا، شتێک نییە و نابێت بە ناوی هەژموونی ئابووری چین. بۆ نموونە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین، ئەمریکایە، گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکاش، چینە. دواجار ئەگەر دۆخەکە بگاتە خاڵێک کە چین ناچار بێت لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا، یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا چین ڕۆژئاوا هەڵدەبژێت، هەر وەک چۆن چەندین جار لە نێوان ئیران، کە نزیکترین هاوپەیمانی چینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وئەمریکا، ئەوا چین ئەمریکای هەڵبژاردوە. هەر وەک چۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پرسی جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، چین هەمیشە بێ لایەن دەبێت نە دژی ڕووسیا دەنگ دەدات نە دژی ڕۆژئاوا.
لە سیستەمی جیهانیدا، هەندێک فاکت هەیە بە پڕوپاگەندە و جەنگ و ئینکارکردن ناگۆرێت، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت ببێتە جەمسەر لە سیستەمی جیهانیدا کە لە لایەن سێ بەشی جیهانەوە، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کاریگەرییەوە بێزراو و گۆشەگیر کرابێت. بەشێکی سەرەکی بوون بە جەمسەر لە سیستەمی جیهانیدا ئەوەیە کە زۆرترین هاوپەیمان و پەیوەندی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتان، بە تایبەت دەوڵەتی گرنگ و گەورەکان. چین لە هەوڵدانەکانی بۆ بوون بە جەمسەر، یەکێک لە هەنگاوە هەرە سەرەکییەکانی بریتییە لەوەی ئەمریکا وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی خۆی بهێڵێتەوە، باشترین پەیوەندی ئابووری و دبلۆماسی و بازرگانی درووست بکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک دژایەتی کردنیان و دوور کەوتنەوە لێیان.
لە ئێستادا پوتین و ڕووسیا وەک ئەوەیە کە سەرۆکی چین نەوێرێت بچێتە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا! یاخود ماکرۆن نەتوانێت بە ئاسانی گەشت بکات بۆ ١٢٣ وڵات! ئەمە خەونی بوون بە جەمسەر لە سیستەمی جیهانیدا لەناو دەبات. هەر ئەمەشە ئامانجی ئەمریکا لەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆکڕانیا. لێرەوەیە بڕیاری ئەو دادگایە، گرنگیەکی سیاسی و ڕەمزی گەورەی هەیە، نەک خودی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لەوە دەچێت ئەمریکا بیەوێت کش مات بە ڕووسیا بکات تەنانەت بە بێ یەک لای بوونەوەی ئەنجامی جەنگەکەی ڕووسیا و ئۆکڕانیا. هەر لەم بارەیەوە ئەلیکساندەر دۆگینی گەورە بیرمەندی ڕووسی و نزیک لە پوتین، پێش جەند هەفتەیەک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی، وتی "تەواو لەم جەنگەدا ئەمریکا براوە بوو و یەک لابووەوە، توانیان گۆشەگیرمان بکەن، توانیان زیانی گەورەمان لێبدەن، ڕووسیا ئێستا شەڕ بۆ ئەوە ناکات کە هاوکێشەکە لە ئەمریکا بباتەوە، بەڵکو تەنیا شەڕ بۆ ئەوە دەکات کە لەسەر پێ بوەستێت و بمێنێتەوە و لە ناو نەچێت، ئەگەر نا ئەمریکا توانی لێمان بباتەوە، دوای تەواوی بوونی جەنگەکەش ئەوا ڕووسیا دەبێت بۆ چەندین ساڵ سەرقاڵی ناوخۆی بێت نەک رکابەرایەتی ئەمریکا" هەر وەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا لە کۆتاییدا قبوڵ دەکات ئۆکڕانیا دابروخێت و لەناوبچێت، چونکە خۆی براوە بووە و، ئیتر ئۆکرانیای ئەوەندە بەلاوە گرنگ نییە. وتیشی ڕووسیا ئەگەر جەنگەکە نەباتەوە ئەوا لە ناوخۆە هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە ئەمە شەڕی مان و نەمانە بۆ ڕووسیا، نەک شەڕی بردنەوە لە ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد لە هەردوو حاڵەتەکەدا، بە بردنەوە و دڕۆڕانی ڕووسیا لەم جەنگەدا، ئەوا ئۆکڕانیا هەر نامێنێت، بۆیە ئەمریکا لە کۆتاییدا ئەوە قبوڵ دەکات، دۆگین ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوروپاش زەرەرمەندی گەورە بوون و بەتەواوی ملکەچی ئەمریکا بوون. لە بارەی چینەوە ئاماژەی بەوە کرد کە چین ئامادە نییە لەبەر ڕووسیا بکەوێتە دژایەتی کردن و پەیوەندی بچڕان لەگەڵ ڕۆژئاوا.