ڕۆژنامەنووسە لەچک بەسەرەکان
3 مانگ پێش ئێستا
بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسەکان کچان و ژنانی لەچک بەسەرن بەڵام جیاواز لەوانی دیکە هەمیشە توشی کێشە دەبنەوە بەهۆی لەچکەوە و زۆرجار لەکار وەرناگیرێن و زۆرجاریش ڕوبەڕووی ڕەخنە و توانج ئەبنەوە.
ڕۆژنامەنووسە لەچک بەسەرەکان بەزۆری لە کار وەرناگیرێن لەلایەن کەناڵ و پەیج و سایتەکانەوە بەهۆکاری لەچک بەسەربوونی و زۆرجار پێیان دەڵێن گەر لەچکەکەت لابدەیت وەرتدەگرین، کە ئەمەش کێشەی زۆربەی ڕۆژنامەنووسە لەچک بەسەرەکانە و زۆربەیان ڕووبەڕووی ئەوە بوونەتەوە.
زۆرجار هەمان کێشەیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەکاتی چاوپێکەوتن لە تیڤییە گەورەکان و هەمان شتیان پێدەڵێن و پێیان دەڵێن پێویستە لەچکەکەت لابدەیت و لە هەمان کاتیشدا جلی کورت و تەسک لەبەربکەیت، بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسەکان بەمە ڕازی نابن و بەشێکی کەمیشیان لەپێناو شوێنێکی باش و ناو و ناوبانگ لەچکەکەیان لادەبەن و لە تیڤییەکە وەردەگیرێن.
بەشێکی تری کێشەی ڕۆژنامەنووسە ژنەکان ئەوەیە کە لە هیچ تیڤی و پەیج و سایت و ڕۆژنامەیەکی عیلمانی وەرناگیرێن، نەک تەنها عیلمانییەکان بەڵکو بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسە لەچک بەسەرەکان لە تیڤییە ئیسلامییەکانیش وەرناگیرێن، چونکه تیڤییە ئیسلامییەکان پێیان وایە ڕاست نییە ژن لە تیڤییەکەیانەوە دەربکەوێت و گەر وەریشیبگرن پێویستە جلوبەرگ بەخواستی ئەوان لەبەربکات و پێویستە کەسەکە حیجابی تەواو بێت، کە ئەمەش دووبارە کێشەیە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەچک بەسەرن و لەچکەکانیان تووند نییە و حیجاب ناپۆشن، بۆ ئەو کەسانە دوو هێندە سەختە چونکە نە لە تیڤی عیلمانی وەرئەگیرێن نە لە تیڤی ئیسلامی.
لە کوردستان هێندە گرنگی بە ڕووی دەرەوەی کەسەکە ئەدرێت هێندە گرنگی بە توانا و زیرەکی و لێهاتوویی کەسەکە نادرێت و کە ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ڕۆژنامەنووسە لەچک بەسەرەکان و زۆرینەی جار ئەوان لێهاتووتر و زیرەکتر و بەئەزموونترن بەڵام بەهۆی لەچک بەسەرییانەوە پێشتگوێ ئەخرێن و لە تیڤییە گەورەکان وەرناگیرێن.
بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە بەشێکی زۆر لە کچانی لەچک بەسەری بەشی ڕاگەیاندن دەردەچن و خوێندن لە بواری ڕاگەیاندن تەواو دەکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی لەچک بەسەرن و بڕوایان وایە لەچک بەسەر وەرناگیرێت واز لە بواری ڕاگەیاندن ئەهێنن و بەشێکیشیان ئیشیان دەستناکەوێت بەهۆی بوونی لەچکەکەیان و کە ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ کچانی لەچک بەسەری بەشی ڕاگەیاندن و کێشەیە بۆ ڕاگەیاندنی کوردی چونکە ئەوەندە گرنگی بە ڕووکار ئەدرێت هێندە گرنگی بە توانا و لێهاتوویی نادرێت.
بەنان فاروق
ڕۆژنامەنووس