ماڵی ئیبراهیمی - بەشی سێیەم
3 مانگ پێش ئێستا
پەیكار عوسمان
کاتی خۆی فەیلەسوفێکی قیرسیچمە وتوویەتی، جوڵەو مەسافەو ئەو شتانە هەمووی فشەیە، چونکە من بۆ ئەوەی بگەمە لای تۆ، ئەبێ سەرەتا نیوەی ئەو مەسافەیە ببڕم، دواتر نیوەی ئەو نیوەش ببڕم، ئەو نیوەیەش بکە بە نیوەیەکی تر.. بەو جۆرە لە نیوەکردن بەردەوامبە، ئەبینی ئەو مەوزوعە کۆتاییەکی نیە، یاخود کۆتاییەکەی هەر هەمان شوێنی خۆتەو ئەسڵەن تۆ نەجوڵاوی!
جا مەسەلەکە ئەوەنیە کام مەزهەب باشترە، هەمووی هەر تۆپەڵێکە لە تێگەیشتنی باش و خراپ، لە بەکارهێنانی باش و خراپ، ئێمەش لەبری ئەوەی بەردەوام دنیا لەتکەین بۆ نیوەی "هەرخۆم ڕاستم" کە ئەو یارییە کۆتاییەکی نیە، گرنگە لە زهنی خۆماندا، نیوەکان بخەینەوە تەنیشتی یەک و وێنەکانی پێکەوەژیان دروست بکەین.
کاتێ لە ئیحتکاری حەقیقەتەوە دنیا لەت ئەکەیت، کێشەکە هەر ئەوەنیە کە دنیات لەت کردووە، کێشەکە ئەوەیە کە لەتکردنەکە کۆتایی نایەت. ئەوەش هەر پەیوەندی بە دۆگمای دینییەوە نیە، بە هەر ئایدۆلۆژیایەکی کۆن و مۆدێرنەوە وابیت، هەر هەمان شتەو مەسەلەکە وابوونەکەیە نەک ئەوەی بەچی وایت!
ئا لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا لەڕووی واقعییەوە، مرۆڤ ئەتوانێ خۆی بە ڕاست نەزانێت؟ نەخێر ناتوانێ، چونکە بینا لەسەر ڕاستی ئەکرێ و ئەگەر مرۆڤ خۆی بەڕاست نەزانێت، بەردێکی بۆ ناخرێتە سەر بەردێک. بەڵام هەر ئەوە بەس نیەو مرۆڤ ئەگەر تەنیا (هێزی ڕاستی) هەبێت و (هێزی فەحسکردنی ڕاستی) نەبێت، ئیتر فاوڵە گەورەکان دروست ئەبێت!
هۆشیاریی ڕاستەقینە، هێزی پرسیارکردنە لە ڕاستی. بۆئەوەشی بینای هۆشیاری پتەوبێ، ئەبێ بەردەوام خۆت لە ڕاستی جیاکەیتەوەو مەسافەیەکی لەگەڵ وەرگریت، بۆئەوەی بتوانی بیخەیتە ژێر پرسیار.
خۆتێکی هۆشیار، تەنیا ئەوکاتە بوونی هەیە، کە مەسافەت لەگەڵ شتەکەیا وەرگرتبێ و بتوانی بیخەیتە بەرچاو. شتەکەش کاتێ ئەکەوێتە بواری ڕاستییەوە، کە خۆیەکی هۆشیار هەبێ بیبینێت. بەمجۆرە ئیتر "خۆ" بەردەوام هۆشیارترئەبێ و "ڕاستی" بەردەوام ڕاستتر ئەبێ و هەردوکی ئەجوڵێت.
بەڵام دۆخی دەمارگیری، ئەوەیە کە مەسافەی تیانەماوەو مرۆڤەکەو کاڵاکە بوون بە یەک بۆدی. ئیتر کاتێ تۆ ڕەخنە لە کاڵاکە ئەگریت، ئەو بە شەخسی وەریئەگرێ و دێت شەڕت لەگەڵ ئەکا.
یەعنی کە مەسافە لەنێوان تۆ و کاڵاکەدا نەما، ئیتر "خۆ" ناهۆشیارتر و "ڕاستی" ناڕاستتر ئەبێ!
واز لەوانە بێنەو ئێستا با بە هاوکاری دێوەکەی عەلادین، ئەو فەلسفەی نیوەکردنە جێبەجێ بکەین، بزانین ئەگەینە نەجات، یان ئەگەینە گەمژەییە ناکۆتاکە!
مەسەلەن تۆ وائەزانیت کێشەکە بێ دینییە، دەی ئەگەر بە کلیکێک، تەواوی بێ دینییت بۆ لابەین، خۆ کێشەکە حەل نابێ، ئینجا دینەکان بەر ئەبنە یەکترو هەریەکەو بەس خۆی پێ ڕاستە. بە کلیکێک هەموو دینەکانیشت بۆ لابەین و بەس دینەکەی تۆ بهێڵینەوە، خۆ یارییەکە کۆتایی نایەت، ئینجا هەر لەو دینەیا، هەزار مەزهەب بەرئەبنە یەکترو دیسان هەمووی هەر خۆی ڕاستە. با زۆر درێژنەبێتەوە، هەموو دنیات بۆ بکەن بە دوو عەلی باپیر، شەڕ دەسپێئەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە کامیان عەلی باپیرترە!
بەمجۆرە یاریەکە کۆتاییەکی نیە، یاخود ئەگەر هەشیبێت، هەر هەمان شوێنی خۆتە. یەعنی ئەگەر لە مەلا لەتیفەوە دەست پێبکەیت و هەر هەشت ملیارەکە بکەیت بە کۆپی ئەو، تۆ هیچ نەجوڵایت، بەڵکو هەر لە شوێنی خۆتدایت کە لەتیفە. لەتیفەکە بکە بە لینین و خومەینی و سەید قوتب.. هەر هەمان یارییە. یەعنی کێشەی خەیاڵە یەکڕەنگەکەی ئایدۆلۆژیا، هەر ئەوەنیە کە نەکردەیە، بشکرێ هەر لە شوێنی خۆتدایت و هیچت نەکردوە.
دوای ئەوەی کە هەموو دەرەوەمان نیوە نیوەکردو کەچی کێشەکە هەر کۆتایی نەهات، کەواتە ئەسڵەن کێشەکە لە دەرەوەدا نیەو لەناو کەلەسەری خۆماندایە. چارەسەریش نە دینە نە بێ دینی، نە ئەم ئایدۆلۆژیاو یزمە، نە ئەوی تر، بەڵکو هەمیشە ئەگەری گەمژەبوونێک لەبەردەم هەمووماندایەو بە هەموو ئایدۆلۆژیایەکەوە ئەکرێ وابین و تەنیا "وانەبوون" نەجاتە.
من نازانم چ دینێک ڕاستە، بەڵام ئەزانم فڵچەی دانەکەم بەس هی خۆمەو نابێ کەسی تر دانی پێ بشوات. تۆش کە خوات وەکو فڵچەی دان، تایبەت کرد، ئیتر هەڵیگرە بۆ خۆت و مەیکە بە دەمی خەڵکا با هێڵنج نەدەن. ئا لێرەدا دینە ناتەبشیرییەکان، ئەگەرچی هەر قۆرخکاریین، بەڵام بڕێک موحتەرەمترن لە دینە تەبشیرییەکان، چونکە فڵچەی خۆیان هەڵگرتووە بۆ خۆیان و نایکەن بە دەمی کەسدا.
مەسیح ویستی ئیحتکار نەهێڵێ و خواکەی یەهود ببێ بە هی هەمووان، بەڵام دواتر مەسیحیەت و پاشتریش ئیسلام، بوونەوە بە یەهودەکەی سەرەتاو زۆر خراپتریش، چونکە ئەوەی کە پیویستبوو ئازادانە هی هەمووان بێت، ئەمان ویستیان ناچارانە بیگشتێنن و ئیحتکارە بچوکەکەیان گەورە کرد. مەسیح تەنیا ویستی خوا لە دەستی یەهود ڕزگار بکات، نەک ئەوەی بیەوێ خوا بیسەپێنێ بەسەر ئەوانیتردا، بەڵام ئەمان خوایان داگیرکردو ئەیانەوێ دنیاشی پێ داگیر بکەن.
کاتێ کە دەجالێک پێت ئەڵێ دینەکانی تر لۆکاڵین و دینەکەی ئێمە جیهانییە، مەبەستی ئەوەنیە کە بەراورد بە ئیحتکارە بچوکەکان، کرانەوە ڕوویداوەو فیکرەی ئیحتکار تێپەڕێندراوە، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە وەکالەتی ئیحتکارە گەورەکە لای منە!
جیهانیبوون یەعنی تێپەڕاندنی فیکرەی ئیحتکارو گەیشتن بە پەیوەندی تەعاروف و هەزمکردنی فرەیی، نەک فیکرەی خۆسەپاندن و یەکڕەنگکردنی جیهان، کە ئەوە بە دیوی ئیسلامیزم و کۆمۆنیزم و هەر یزمێکی تریشدا هەر هەمان دۆزەخە. جیهانییبوون ئایدۆلۆژی و عەقیدەیی و شوناسیی نیە، بەڵکو ژیانی و فەزیلەتی و عەدالەتییە.
ئەگەریش زۆر حەزئەکەی شتەکە بۆ هەمووانبێ، دەی مەیکە بە هی خۆت، با وەکو باخی گشتی هەموو کەس بتوانێ تیای دانیشێ. چارەسەر ئەوەنیە کەس بە فڵچەی کەس دان بشوات، چارەسەر ئەوەیە فڵچەکە بکەینەوە بە باخ.
دەمارگیرەکانی هەموو دینەکان، پێیان خۆشبێ یان نا، ئایندە بۆ دینی باخییەو دینی فڵچەی دان، بەرەو زبڵدان ئەڕوات. "یۆگا" نزیکترین نمونەیە لە دینی باخی، مەبەستم ئەوەنیە ببین بە بووداچی و ئینجا بە باسی کارما یەکتر داگرینەوە، مەبەستم ئەوەیە ئیسلام و دینەکانی تریش، ئارامترین و ئاشتییانەترین فۆڕمی خۆیان بهێننە دەرەوەو هەریەک لەبری ئەوەی شەڕ لەگەڵ ئەوێکی تر بکات، دەمارگیرییەکانی خۆی فڕێ بدات.
با نەچینە ناو جەدەلە مارکسییەکەو باسی سەرخان و ژێرخان، بەڵکو هەموو ڕەگەزەکانی ناو سیاقێک، بە تێکەڵاویی کارلێک ئەکەن و پەیوەندی و فۆڕمی تازە دروست ئەکەن، لەناویشیاندا پەیوەندی و فۆڕمی نوێ ی ئاینی.
یەعنی ئەگەر عارفانە، شتەکەش زۆر وردو فەردی نەکەینەوەو نەڵێین هەموو مرۆڤێک خۆی پەنجەرەیەکە، لانیکەم ئەکرێ بڵێین، هەموو سیاق و هەلومەرجیک، بۆخۆی پەنجەرەیەکەو ڕوانینی نوێ بۆ دین و دنیا ئەهێنێ.
سەیرکە سعودیەو ئێران، بە ڕێکەوتنێک ڕەمەزانیان کردەوە بە یەک، دەی چەن ساڵیشە کە جیایە، هەر بەهۆکاری سیاسیی و ئەرزی جیابووە، نەک بە هۆکاری خوایی. ئیمارات خەریکە ئیسلامی خۆی ئەهێنێ، دەی دینی ئومەوی و عەباسییش هەر وا هاتووەو تۆ لێتبووە بە شتێکی تر.
ئەو فۆڕمگۆڕینەش کێشەنیەو جوڵەی مێژووە، کێشەکە ئەوەیە وابزانی فۆڕمە دینییەکەی تۆ لە دەرەوەی مێژووەوە هاتووە. تەنانەت خودی ئەفسانە، بەو هەموو ڕەمزو لوغزو کۆدەوە، هەڵقوڵاوی مێژووی خۆیەتی و ئەفسانەی گەلێک، بەقەت فەهم و وێنای ئەوانە بۆ خوداو بۆ دنیا، نەکئەوەی شتێکی غەریب و ئەودیوی مەعریفەی ئەوان بووبێت.
هەر شتێک تەقوای خۆی هەیەو تەقواکەشیەتی کە گرنگە نەک خودی شتەکە. تەقوای دینەکان، ئەوەیە کە نەگەیتە ئارگۆمێنتە شەیتانییەکەی "من باشترم"و هەرخۆم ڕاستم. تەقوای عەقڵ ئەوەیە خۆت و ئەویش مێژوویی ببینی نەک ئەوەی خۆتت لێبووبێ بە جەماعەتی عاسمان. تەقوای ئەم نوسینەش ئەوەیە کە من خۆم نەخەمە دەرەوەی بازنەی کەرێتییەکەو کۆی ئەوەی خوێندتەوە، ئەشێ وا نەبێت.
ماویەتی