ئیسلام و گۆرانی

2 مانگ پێش ئێستا

كوردۆ شابان
لە مێژووی ئیسلامدا، گۆرانی بایەخێکی زۆری هەبووە، ئەمەش بۆ خەلیفەکان دەگەڕێتەوە. عوسمانی عەففان، زۆری حەز لە دەنگی "توویس" بووە کە گۆرانیبێژێکی خەڵکی مەدینە بووە. پاشان لە دیوەخانی ئەمەوی عەبباسییەکاندا، بەردەوام گۆرانی گوتراوە، شیعر خوێندراوەتەوە و کەنیزەکیش بە نیمچەڕووتی بە دەوری میری موسڵماناندا سەمایان کردووە.
شەوانی ماڵی عەبدوڵڵای جەعفەری ئەبووتاڵیب، بەردەوام بە گۆرانی و عوودژەنین تەواو کراوە. هەر کەنیزەکێک دەنگی خۆش بوایە، پارەی باشی دەدایە، تا لە بەردەمیدا گۆرانی بڵێت. هێنری جۆرج فارمەر، ڕۆژهەڵاتناسی ئایرلەندی دەڵێت: عەبدوڵڵای جەعفەر، یەکەم پشتیوانی گۆرانییە لە مێژووی ئیسلامدا. واتە ئەگەر ئەو نەبوایە، بۆچوونی ئەوانە پێش دەکەوت کە میوزیک و گۆرانی حەرام دەکەن.
هەڵبەت چەند دەقێکی پەیامهێن هەیە کە باسی میوزیک و گۆرانی دەکات، بەڵام حوکم لەسەریان تا ئێستەش گوماناوی و جێی مشتومڕە.
بەگشتی لەسەر حوکمەکانی ئیسلام لە کۆندا، چوار قوتابخانە هەبوون: مەککە و مەدینە لە لایەک، شام لە لایەک، عێراقیش لایەک و میسریش چوارەم بووە. لە بابەتی میوزیک و گۆرانیدا، تەنیا زانا عێراقییەکان دژی بوون، وەک چۆن لە زۆر بابەتی دیکەشدا لە هەموویان توندتر بوون.