(خواردنی خێرا ) و (ئاگاهی خێرا)

2 مانگ پێش ئێستا

(fast food) و (fast awareness)
لە نووسینی قوڵەوە، بۆ لایڤ و کورتە ڤیدیۆ .
پێشەکی :-
ڕۆشنبیر و نووسەر ئەرکێتی کە بەزمانێکی سادە بێتە ئاخاوتن و نووسین ، بۆ ئەوەی پەیامەکانی بەسادەیی بگەن و زۆرترین کەس سوودیان لێببینێت ، بەڵام ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیر نییە بەخواستی بازاڕ بنوسێت و بێتەگۆ چونکە ئەوەکاری بازرگانە نەک (خوێنەوار)،
بازرگان لە بازاڕدا بەدوای قازانجەوەیە ، بەڵام نووسەر بە دوای هۆشیاری دەستەجەمعییەوەیە ، بازرگان گوێناداتە کوالێتی کاڵا و دەرهاویشتەکانی چونکە تەنها پارەکۆکردنەوە ئامانجەکەیەتی، بەڵام ڕۆشنبیر دەبێت ئاگای لە وشە بە وشەی نوسینەکانی بێت چونکە کۆمەڵگا بەگشتی ئامانجەکەیەتی ، ئەرکی نووسەرە ئاستی هۆشیاری خوێنەر و خەڵکە سادەکە بەرزکاتەوە بۆ ئاستی خۆی ، بەڵام ئەرکی نووسەر نییە دابەزێت بۆ ئاستی هۆشیاری ئەوانی تر .
دەردەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە سەرلەبەری (دەزگاکانی میدیا و میدیاکار و مامۆستای ئاینی و توێژەر و پارێزەر و نوسەر و مامۆستای زانکۆ و ماستەر و دکتۆرا و ...هتد) بەگوێرەی خواستی (بازاڕ-بینەر) بێنەگۆ .
کاتێک بازاڕی مەعریفە کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت ڤیو هەڵیدەسوڕێنێت، نووسەری ساختە و ڕاهێنەری ساختە و ئامۆژگاریکەری ساختە و میدیاکاری ساختە و لە دەرەنجامیشدا پەرلەمانتاری ساختە و یاسای ساختە و کۆمەڵگای ساختە دێتە ئاراوە .
............................................................
چۆن بە دوو خاڵ ژیانت دەگۆڕیت ؟
چۆن بە سێ خاڵ هاوسەرەکەت عاشقت ئەبێت ؟
چۆن بە خاڵ و نیوێک ئاگات لە تەندروستی دڵت بێت ؟ چۆن بە چوار خاڵ خەوێکی باشمان هەبێت ؟ پێنج خاڵ سەبارەت بە دانانی کەوچک و قاپ لە میوانی ؟ حەوت خاڵ چۆن دەستمان دانێین لەکاتی چاوپێکەوتن ؟ سێ خاڵ بۆ ئەوانەی دڵیان تەنگە ؟ ئەم هەموو خاڵە زیاتر سەروکاری لەگەڵ ئەزنیف و دۆمینەدا دێتەوە نەک لەگەڵ مەعریفە یان هۆشیاری قوڵ.
...........................................
خوێنەری ئێستا خوێنەرێکی خێرا و تێپەرە ، حەوسەڵەی چوار دێڕ زیاتری نیە وەک ئەو کەسەی کە حەوسەڵەی ئامادەکردنی برنجێکی نیە ،
خواردنی خێرا پاساوەکەی نەبوونی کاتە ، ئاگاهی خێراش بەهەمان شێوە ،لە خواردنی خێرادا برێکی زۆر لە چەوری و شەکری ناپیویست هەیە ، لە ئاگاهی خێراشدا برێکی زۆر ژەهری کوشندە هەیە کە وەرگر هەستی پێناکات ، خواردنی خێرا لاشەی مرۆڤ تێکدەدات ، هەر بەو چەشنەی کە مەعریفەی خێراش ئاستی گفتوگۆ و مەمەلەکردن و هزرمان لەگەڵ یەکتر تێک دەدات .
.............................................
ئەوە هەر بەتەنها ماتۆڕەکانی دیلیڤەری نین کە بە شەقامەکاندا بەخێڕایی تێدەپەڕن تا خواردنەکان بگەیەنن بە مالەکان ، بەڵکو ئەمڕۆ هۆشیاری خێرا لە ماتۆڕەکان خێراتر بە مێشکماندا گوزەر دەکەن ، خواردنی خێرا ورگ و کەمەر و ژێر چەناگەت شۆڕ دەکاتەوە ، مەعریفەی خێراش ئاستی زانین و بیرکردنەوەت شۆڕ ئەکاتەوە
بەپاساوی نەبوونی کاتەوە مرۆڤ دەستی لەوە هەڵگرتووە کە خواردنێکی گەرم و بەچێژ لە چێشتخانەکەیدا ئامادە بکات بەردەوام پاکەتێک پێچراوە یان لەسەر مێزەکەیەتی یان لەبەردەرگاکەی ، هەر بەو چەشنەی کە مرۆڤ دەستی هەڵگرتووە لە خوێندنەوەی چواردێڕی قوڵ تێکستێکی باش ، کتێبێکی دووسەد لاپەڕەیی ، بۆیە هەمیشە دەبینیت ڤیدیۆیەکی کورت ، لایڤێکی چەند دەقیقەیی لەسەر شاشەی مۆبایل و لە ئارگۆمێنتی گفتوگۆکانیدا ئامادەیە
چونکە لە راستیدا (ئاگاهی خێرا )ئیش لەسەر کۆکردنەوەی (حاشەمات) دەکات، ئەوانەی کە بەشوێن ئاگاهی خێراوەن ، پێیان خۆشە میدیایەک ، دەزگایەک ، کەسێک ، نوسەرێکیان دەست کەوێت ، بەئەندازەی ئاگاهی و عەقڵ و ژیری خۆیان بۆیان بدوێت ، نەک بەئەندازەی (قوڵی کێشەکان) ، بۆیە کاتێک ڕۆژێکی نوێ هەڵدێت ئاگاهیەکەشی بەخێرای تێدەپەڕێت ، ئەوکات نەک چوار خاڵ و پێنج خاڵ ، نەک کورتە پەیام و کورتە ڤیدیۆ و سیمینار و کۆڕ ، بەڵکو هیچ شتێک بەهانا و کۆمەکی ئازارەکانیەوە نایەت و دوبارە گرفتەکانی سەر هەڵدەدەنەوە.
-------------
پیشەی نووسین وەک هەر پیشەیەکی تری (جۆڵایی و چەرچی و مەیتەری) بەرەو کزی و لەناو چوون دەچێت، بەڵام هیچ دڵنیایەک نیە ، کە کورتە ڤیدیۆ و لایڤ و خاڵ و تیک تۆک بەهانای ئاگاهیمانەوە بێت .
.....................................................
هەروەکوچۆن قوماشی بازە و کودەری بۆ چاکەت و پانتۆڵ و کەتافی نابێت ، هەربەو چەشنە هەموو نوسین و تێکستێک بۆ ڤیدیۆ نابێت ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بزنس و بازرگانیەکی باشە بۆ پارەپەیداکردن و بەناوبانگ بوون ، بەڵام ئەوەی حاشەمات دروستی بکات ، هەر حاشەمات خۆی پەلاماری دەدات و دەیروخێنێت ، بەڵام ئەوەی ئاگاهی دروستی بکات ، بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە .
کەواتە بەخێربێن بۆ سەردەمی ئاگاهی ساختە و توێکڵ و ڕوشاوی تەنک ، ئەسەف بۆ سەردەمی ئاگاهی قوڵ و کاکڵ و برینیداری زۆر و بەئاگاهێنانەوە
نوقتە سەری دێڕ .....
_________________________________________
نوسەری میسری (کەمال ئەلمەلاخ) وەختێک مرد ، نزیکەی شەست هەزار کتێب لە مالەکەیدا بوو ، کەچی هەمیشە خۆی بە قوتابی دەزانی، ئەی ئێمە چی ؟
** نوسینەکەمان بۆ کورت بکەرەوە ، یان بیکە بە ڤیدیۆ ، ئەمە خواستە، هەرکەسێک دابەزێت بۆ خواستی بازاڕ ، دەبێتە کالا ، کاڵاش یان بەسەر دەچێت یان بەکاردەبرێت یان ووردە وردە بێ نرخ دەبێت.
***تکایە ئەم نووسینە مەبەست لە هیچ کەسێکی دیاریکراو نییە بەڵکو مەبەست لە سەردەمەکەیە، سەردەمی بە بازارکردننی ئاگاهی و مەعریفە