بەر لەوەی ئێوە بێن ئێمە هەموو برا بووین، کە هاتن زەوی لە ژێر پێمان کەرت بوو..

2 مانگ پێش ئێستا

هەوراز محەمەد
ئەمە ئەو پەیامەیە کە فیلمی (خاک) یان ۱۹٤۷ دەیەوێت بیگەیەنێت.. ژنە دەرهێنەری هیندی (دیپا مێهتا) یەکێک لەناوە گرنگەکانی سینەمای جیهانییە و خاوەنی چەند فیلمە، بەڵام سێینەی فیلمەکانی (ئاو، ئاگر، خاک) لە باشترین و بەناوبانگترین کارەکانین.. کە هەر یەکەیان بەجیا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بگرە زۆر گۆمی مەگیان شڵەقاند و پەنجەیان خستە سەر زۆر برین کە کەس بەو بوێریەوە لە مێژووی هیندستاندا وەک ئەو ژنە فیلمسازە دەستی بۆ نەبردبوون، هەڵبەت ئەمانەش ئاسان نەبوون و بێ  سزا لەسەری تێنەپەڕین، بەڵام دواجار ئەو فیلمەکانی خۆی بە باشترین شێوە دروست کردن..
چیرۆکی فیلمی خاک، چیرۆکی ژیانی گوندێکە، کە تیایدا هەموان بە جوانترین و شێوەی ژیان دەژین، موسڵمان و هیندۆس و مەسیحی و زەردەشتیەکانیش، بێ ئەوەی کەس بیری ئەوەی هەبێت ئایینەکەی چییە؟ بەڵام هاتنی داگیرکاریی ئینگلیز کارێک دەکات کە هەمووان ببن بە دوژمنی یەکتر و هەر یەکێک پێی وابێت لەو باشتر و پاکتر و ڕەسەنترە، رووداوەکانی ناو فیلمەکە ساڵی ۱۹٤۷ دەگێڕێتەوە، ئەو ساڵەی هیندستان پارچە پارچە بوو، بۆ دەوڵەتەکانی هیندستان و پاکستان و دواتریش نیپاڵ و بەنگلادیشی لێ جیابوونەوە..
لە کۆتاییا هێڵێک بە ناوەڕاستی گوندەکەدا دێت و دەیکات بە دوو بەشەوە.. ئەوان هاتن و  شوێنەکەیان گڕ تێ بەردا.. تا ئێرە چیرۆکی فیلمەکەبوو..
ئەوەی مایەی سەرنجە لە دەرئەنجامەکانی ئەو ڕووداوانەوە هەندێک شتی نوێ دەرکەوتوون.
ئەو رووداوانە بەگشی لەو ساڵانەدا ڕوویاندا بوونە هۆکاری ئاوارەبوونی زۆرێک لەهیندەکان بۆ وڵاتانی جیهان بەتایبەتیش بۆ شانشینی یەکگرتوو..
باوانی هەر یەکە لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ئێستا و سەرۆکی نوێی سکۆتلاند لە و ئاوارانەن..
ماوەیەکە لە شانشینی یەکگرتوو دەژین..ئەگەرچی دۆزی داواکاری بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی سکۆتلەندا و وێڵ لە ئینگلاند تازە نیە و چەندین جاری تر هەوڵی بۆ دراوە و شکستی هێناوە، بەڵام وەک قەدەری لەتبوون دیسان ویستێک هەیە خاکی شانشینی یەکگرتوو لەسەر دەستی سکۆتلەندیەکی بەرەگەز پاکستانی لەت ببێت و بەریتانیەکی بەرەگەز هیندی دەیەوێت ئەوە روو نەدات.. بە کورتی ئەمە چیرۆکەکەیە..
بڵێی ئەم قەدەرە بەرهەمی ستەمکارییەکی مێژوویی بێت و سیحرێک بێت  جارێکی تر  وەک چۆن بەریتانیاکان هیندستانیان بەش بەش کرد ئاواش هیندی و پاکستانیە گەنجەکە خەریکن خودی بەریتانیا و سکۆتلەندا دابەش  بکەن؟!
هەواڵەکەش وەک لە میدیا جیهانیەکاندا بڵاوە بریتییە لە:
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا (ڕیشی سوناک) کە کوڕێکی گەنجی ئەسمەری بە ڕەچەڵەک هیندییە، داواکارییەکانی سەرکردەی نوێی سکۆتلەندا، (حەمزە یوسفی) بە ڕەچەڵەک پاکستانی سەبارەت بە ڕیفراندۆمێکی نوێ بۆ جیابوونەوەی سکۆتلەندا لە بەریتانیا ڕەتکردەوە. لە کاتێکدا دەشێت ئەم رەتکردنەوەیە زۆر نەخایەنێت داواکارییەکی تر بۆ ریفراندۆم بێنێتەوە ئاراوە چونکە حەمزە یوسفی یەکێک لەو بەڵێنانەی داویەتی خێراکردنی پرسی ریفراندۆم و جیابوونەوەیە..
رۆژگارێک ئینگلیز خاکی ئەوانی بەش بەش کرد، ئێستاش خەریکە ئەوان خاکی ئینگلیز بەش بەش بکەن!!