خوێندنی ماستەرو دکتۆرا دڵخۆشی دەوێت نەک نیگەرانی

2 مانگ پێش ئێستا

اسماعیل تەها
خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زۆربەی وڵاتان شتێکی کراوەیە، خوێندکارانیان دەرفەتیان ھەیە لە خوێندنی باڵا درێژە بەخوێتندن بدەن، زۆربەی وڵاتانیش لە رێگەی خوێندنی باڵاوە توانیویانە قوتابیەکی زۆر لە وڵاتان بۆخۆیان راکێشن، بەوەش سەرچاوەیەکی زۆرباشی داھات دەستەبەر بکەن، ئەگەر ئێستا بە وردی کار لەسەر ئەوە بکرێت، کە لە چەند ساڵی رابردوو خوێندکارانی کورد لەو وڵاتانەی چوونە ماستەر و دکتۆریان خوێندنەوە، پارەکەی بخەمڵێندرێت، دڵنیام چەند ملیۆن دۆلارێک دەبێت، باشە ئەو پارەیە لەناوخۆبوایە باشتر بوو یا لە دەرەوە؟
ئینجا بۆ دەبێت خەڵک حەزنەکات ئەو دەرفەتە فراوان بکرێت، ئەگەر ئەو کەسانە پاساویان ئەوەیە جێگەی دامەزراندن نییە،  ئەگەر سەیر بکەین ئێستا جێگەی دەرچووانی زانکۆش نییە، ئینجا مەرجیش نییە ھەرچی ماستەر و دکتۆرای ھەبوو دامەزرێت، چونکە ھەر یەکەی بە ئامانجێک دەخوێنێت، بۆ دەبێت ھەموو ئامانجی خوێندن لە مادە کۆبکرێتەوە، ھەندێک کەس دەچێتەوە بۆ خوێندن خانەنشین بووە، ھەیە لە بوارێک دامەزراوە دەچێت لە بوارێکی تر دەخوێنێت لە وەزیفەکەی پێویستی بەو بڕوانەیە نابێت، بەڵام ئەوە خواستێکی زاتییە نەک مادی.
پاساوی ھەندێک لەو کەسانە ئەوەیە دەڵێن، حکومەت ئەو ژمارە زۆرەی بۆ بازرگانییە، جا لەوە باشترە حکومەت ئەو دەرفەتە لێرە دروست بکات، خەڵێکی زۆر حەزدەکات بڕوانامەی بەزرتر بھێنێت، لەبری ئەوەی خەڵک بچێت بۆ وڵاتان و پارەیەکی زۆر سەرف بکات، لێرە لە ماڵەکەی خۆی بە پارەیەکی کەمتر ئەو خواستەی خۆی بەدەی دەھێنێت ..
پاساوی ئەو کەسانە ھەرچییەک بێت، من ئەو پاساوانە بەلاواز دەبینم، ھیوادارم حکومەتی ھەرێم و زانکۆکان دەرگاکان زیاتر بەرووی خوێندنی باڵادا بکەنەوە، بەداخەوە ئەگەر ئاستی خوێندن بەو جۆرەی ئێستا نەبوایە، دەبوو زانکۆکان چاویان لەوە بێت، خوێندنی باڵا وەک وڵاتانی تر بکەن بە بەشێک لە سەرچاوەی داھات.