چ مانایەکی هەیە ئەمڕۆ دەرهێنەر بیت؟

2 مانگ پێش ئێستا

وەرگێڕانی بۆ كوردی: هیوا فایەق
گیییرمۆ دیل تۆرۆ* ۲٠۲۲
ئێمە ئێستا لە دۆخی سینەمای بێدەنگداین ڕێک لەو کاتەی سینەما دەنگی تیادا داهێنرا. ئا بەو ئەندازەیە گۆڕانکارییەکە قوڵە. بەتایبەت بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بەوەی بینەر چۆن فیلمەکە وەردەگرێت، بەڵکو پەیوەندی بە لە خۆ گرتنی چیرۆکەکەشەوە هەیە.
پێکهاتەی ئێستامان پێکهاتەیەکی کۆنە، بەهیچ جۆرێکیش دەربازبوون لە داهاتوو نییە، کە هەر چۆنێک بووە خۆی دەسەپێنێت. پێویستە لەگەڵیدا بڕۆیت نەک بەرەنگاری بیتەوە، یان دژی بوەستیت، شوناس و بوونمان وەک مرۆڤ بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، پەتای کۆرۆنا ڕۆلێکی یەکلاکەرەوەی لەم گۆڕانکارییەدا هەبوو. ئێمە پەتاکەمان تێپەڕاند تەنها لەبەرئەوەی سێ شت لەبەر دەستماندا بوو: خواردن، دەرمان، لەگەڵ چیرۆک بۆ گێڕانەوە. دەربارەی ئەو چارەسەرانەی خراونەتە ڕوو لە پێناو پاراستنی میراتیی سینەمایی ـ کە گەوهەرە بۆ مرۆڤایەتی ـ زیادەڕۆیی تێدا نەکەین، بڕوا ناکەم چارەسەرێکی دروست یان چارەسەرێکی هەڵە بوونی هەبێت.
بوونی مرۆڤ لە ئێستادا پابەندە بە  بوونی بەرامبەر بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەوەی دواییان باشییەکەی ئەوەیە کە موڵکی ئێمە نییە، بەڵکو موڵکی داهاتووە. ئەمەش پێی دەوترێت "بەردەوامی". من گۆرانکاریم بەلاوە پەسەندە هەر چەندە توندیش بێت، بەڵکو پێی دڵخۆش دەبم. ژیان دەوران دەورانە، هەندێک جار سواری بووین و هەندێک جاریش لە پەراوێزی داین. هەروەها ئەو فۆرمەشم بەلاوە پەسندە کە سینەما لە داهاتوودا وەریدەگرێت، بەڵام پێویستە دوای پرسیاری ڕووکەش نەکەوین، بۆ نموونە، ئایا پێویست بەوە دەکات گفتوگۆ دەربارەی قەبارەی شاشەو قەبارەی بیروڕاکان بکەین؟ دەبێت ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە لە ئێستامانەوە بڕوانینە داهاتوو.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی ڕابردوو زیاتر بەرهەممان هەیە و کەمتریش لە جاران دەبینین. زاراوەی"ناوەڕۆک" گاڵتە بە هونەر دەکات و وەسفی شتێکی تێپەڕ دەکات کە سینەما ناخاتە پێگەی شایستەی خۆی. شوێنی کاری سینەمایی بە بەها، لەپاڵ تابلۆ و رۆمانە مەزنەکاندایە. ئەگەر شتێک نییە بە ناوی تابلۆی کۆن، پێویستە شتێکیش نەبێت بەناوی فیلمێکی کۆن.
تەلەفزیۆن، پێچەوانەی سینەمایە، توانای بەرهەم هێنانی وێنەیەکی نییە کە لە یادەوەریدا خۆی بگرێت. گۆدار دەمێکە وتیوێتی "سینەما یادەوەری دروست دەکات، تەلەفزیۆنیش لەبیرچونەوە". ئەمڕۆ گەلێک وێنە چواردەوریان گرتووین، بەڵام هیچ ئازار و ڕەهەندێکی مرۆیی تێدانییە، جیاوازی لە نێوان سینەما و تەلەفزیۆندا ئەوەیە سینەما ئەفسانە و وێنەی سەرنجڕاکێش دەخاتەوە و خۆی لە یادەوەریدا جێگیر دەکات، جا باسی دیمەنی ڕژانی خوێنمان بۆ بکات لە Shining یاخود کۆرپەلە ) 2001, A space Odyssey) یاخود باسی ئیندیانا جۆنز، یان چاپلن لە ناو ئامێردا لە ( modern times).  ئەم وێنانە دەچنە خانەی ئەفسانەوە. من حەزم لە زنجیرەی (Soprano) هەیە، بەڵام ئەستەمە یەک وێنەی لە یادەوەریمدا بمێنێتەوە.
دەبێت خۆمان لە بیرۆکەی ترس دەرباز بکەین، هەرچەندە ترس لە زەمەنی ئێمەدا بە هەموو هێزییەوە ئامادەیە، دەبێت بیرۆکەی پابەند بوون بە ڕابردوەوە توڕ بدەین، چونکە گۆرانکاری بە ناچاری دێت، شتەکان وەک خۆیان و وەک ئەوەی هەبوون نامێننەوە. ئەستەمە بەو شێوازە بمێنێتەوە کە ناسیومانە، بۆیە پێویستیشە وەک شێوازی پێشووی نەمێنێتەوە.
*دەرهێنەرێکی مەکسیکییە، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتێک لە فێستیڤاڵی کانە.