ئیبۆ و داگیرکردنی عەقڵی کورد
2 مانگ پێش ئێستا
بڵێسە شاوەیس
ئیبراهیم تاتلیساس، لە سیستمی تورکیادا، تەنها گۆرانیبێژێکی ئاسایی و ئەستێرەیەکی ئەرەبێسک نییە. تاتلیساس، نوێنەرایەتی ئەجێندایەکی مەترسیدار دەکات و ئەرکی ئەو لە گۆرانیبێژێک زیاترە.
ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، شەپۆلی چەپ تورکیای تەنیبوو، رادیۆی یێریڤان بووبووە مۆتەکەی سەری دەوڵەت، دەنگبێژانی ئەو رادیۆیە قەدەخەی سەر زمانی کوردیان شکاندبوو و دەنگی شاکرۆ و سەرۆیێ برۆ لە هەموو ماڵێک دەبیسترا. لە ئاستی سیاسیش قەیران لەگەڵ کورد، لەگەڵ سوریە، لەگەڵ یۆنان و چەندین قەیرانی دیکە بەرۆکی تورکیایان گرتبوو. لەو دەمەدا، دەوڵەتی قوڵ لەپاڵ ئامادەسازی بۆ کودەتا شومەکەی کەنعان ئەڤرەن، تاتلیساس بۆ ئەرکێک دیاری کرا. ئەو کوردێکی خەڵکی رحابوو ئەرکێکی مەترسیداری پێسپێردرا، کە بریتیبوو لە بەتورکیکردنی هەرچی ئاوازی موزیک و سترانی کوردییە. ئەودەم، رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەت (تەرەتە) بەهەموو تواناکانیانەوە خرانە بەر خزمەتی ئەو پیاوەی دەوڵەتی قوڵ.
کە ئۆجالان دەستگیرکرا، تاتلیساس یەکێک بوو لەو کەسانەی لە دانپیادانانەکانیدا ناویهێنا و ئاشکرابوو پارەی داوەتە ئارگەکە، کەچی هەموو ئەوانەی ناویان هات لێپێچینەوەیان لەگەڵکرا ئیبۆ نەبێت.
ئەرکی ئیبۆ تەنها لێرە نەوەستا، بەڵکە یەکێکی دیکە لەو کارانەی پێیسپێردراوە، ناشرینکردنی وێنای پیاوی کورد و پێشاندانیەتی وەک ژنکوژ، دژە شارستانیەت، خائین، پارەپەرست و خۆفرۆش و ئاشق بە چەک.
هەموو ئەوانە بەلایەک. ئەگەر لە باشووری کوردستان هۆشیاری پرس بوایە و مرۆڤی هۆشیار هەبوایە، لەبەر هیچ نا بەهۆی ئەو زەڕینەی ئیبۆ لە داگیرکردنی عەفرین نیشانیداین، هەقبوو ئێستا نەک بەو گەرمییە پێشوازی لێنەکرایە، بگرە بکرایەتە پەند.
ئەم دیمەنە، گەرچی سەلمێنەری نەبوونی یادەوری نیشتمانیە، هاوکات ئاماژەیەکی گرنگیشە بۆ ئەوەی سێندرۆمی ستۆکهۆڵم هاتووەتە ئاستە سیاسییەکەی. مرۆڤی کورد شەیدای ئەوەیە زۆرترین ئازاری پێدەگەیەنێت. لەمەدا پیاهەڵدان بە سەدام و ئەم پێشوازیەی ئیبۆ باشترین بەڵگەن.