ئاوی زەم زەم تا کاتێک پیرۆزە نەچێتە تاقیگەوە!
2 مانگ پێش ئێستا
رێبین ئەحمەد رەشید
حەقیقەت، ئیمانی دینی،جوانی، هونەر، عیشق، ..هتد لەو میوانانەی ئەم دونیایەن کە خۆیان لەخۆیاندا سەر بە دونیاکە و ئەزمونە هەستییەکانی ئێمە نین. تا ئەوکاتە دەتوانن لەگەڵمان بژین کە ئێمە لەبەرژەوەندی هەستەکانمان نایانجەڕێنین و نایانکەینە غوڵام و کۆیلەی هەستە ئەزمونییەکانمان، هەرکە بوونەکەیان بەسترایەوە بە ئەزموونەوە ئیدی لەوە دەکەون خۆیان بن و مەحاڵیشە بچنە ژێر ڕکێفی ئەو ئەزمونە، ئەو خۆی لەوە بەدوور دەگرێت دانیان پێدابهێنێت چونکە هەستەوەرەکانی نایانناسێتەوە.
مەرج نییە ئەوی لەم جیهانە بێت سەر بە ئێبستمۆلۆژیی و یاساکانی ئەم جیهانە بێت. دین شتێکی سەر بەم جیهانەیە بەڵام نەکردەیە ئێمە بەیاسای زانستە ئەزموونییەکان بوون و پێودانگی ئەزموونی بۆ دروست بکەین. ئەمە تەنها ئیدیعای هەندێ بانگخواز و پیاوی ئاینی تێنەگەیشتووە لە بنەڕەتی دیاردە دینی و زانستییەکان. ئەم قسەیە تەنها بۆ دین ڕاست نییە، ئومێد و جوانی و هونەریش هەر سەر بەهەمان جیهانبینین. کێ دەتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات جوانی بە پێشگریمانە زانستییە ئەزموونییەکان لێکبداتەوە؟ جوانترین مرۆڤی سەر ئەم هەسارەیە کاتێک دەچێتە لابۆرێکی ئاناتۆمییەوە و پێستەکەی لێدادەماڵرێت چی لێدێت؟ ئاخر ئاناتۆمی و توێکاری کارەکەی ئەو داماڵینەیە، یان لە تاقیگەیەکی شانەزانیدا لەژێر مایکرۆسکۆپێکدا تەماشای جوانترین گوڵ بکە چی دەبینیت؟ هەمان جوانی دەمێنێتەوە؟ نەخێر، دەی ئەمەیە میتۆد و سروشتی زانستی نوێ بۆ تێگەیششتن لە جوانی و هونەر و ئیمان وپیرۆزی، وردکردنەوە و دابشکردی شتەکان بۆ گەرد و گەردیلە بنەڕەتییەکانی، مەرج نییە هەمیشە زاست لەبەرژەوەندی ئیمان و جوانی و ئومێد کاربکات، زانست وردیان دەکاتەوە بۆ ئەوەی خاڵی لاوازیان دەستنیشان بکات و لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت. ئاوی زەم زەم کاتێک دەچێتە تاقیکگەیەکە لەبری پیرۆزی و شکاندنی توینێتی و ئەو ئەفسانە پیرۆزەی پشتی ئێمە لەگەردەکانی ئۆکسجین و هایدرۆجین و سۆدیۆم شتێکی زیاتر نابینین. دەشێت بتوانین بیر لە دونیایەکی بێ زانست بکەینەوە، بەڵام بۆ چرکەیەک بیر لە دونیایەکی بێ جوانی و بێ ئیمان و بێ ئەخلاق و بێ هونەر بکەرەوە! ئایا شتێکی مومکینە؟ بەدڵنیایی نەخێر بیر لە تەنانەت شتێکی وەک بیرکاری بکەرەوە، ئایا دەچێتە ژێر هاوێنەکانی ئەزموونەوە؟ دیسانەوە نەخێر. زانست پێدراوێکی عەقڵی ئێمەیە کە زۆر جار ناتوانێت تەفسیری زۆر شتی ئیعتباریمان بۆ بکات.
دەبێت لەم ڕوانگەیەوە تەماشای ئاوی زەم زەم و هەموو پیرۆزییەکانی دیکە بکرێتەوە نەک بێین بیکەینە بەدیلی حەپ و دەرمانی شێرپەنجە و لە لابۆر و تاقیگەکاندا بمانەوێت پیرۆزییەکەی بسەلمێنین، پیرۆزی گەر ڕازی بوو بچێتە تاقیگە لەوە دەکەوێت ئیدی پیرۆز بێت.
ئەوەی دەبێت ئێمە بەهەندی وەربگرین ئەوەیە کە زانست و حەقیقەت دووشتی لێکجیاوازن، هەندێک جار تەریب و هەندێکجار دژی یەکترن. نابێت بەهیچ کلۆجێک حەقیقەت یەکسان بکرێت بە زانست و بەپێچەوانەشەوە، ئەو شتەی زانستی بوو شەرت نییە حەقیقەت بێت و بە پێچەوانەشەوە. زانست گومانپەروەر و حەقیقەت ئومێد پەروەر و یەقین پەروەرە. بەو ئەداتانەی ئەمڕۆ زانست لەبەردستێتی کارێکی هەڵەو نالۆژیکییە یەقین و ئیمان تەقویەو تەغزیە بکرێن و ڕاستی و دروستی شتێکی یەقینی بسەلمێندرێت. نەکردەیە حەقیقەت بدەیتە دەست گومان بۆ ئەوەی بزانیت حەقیقەتە یان نا. زانست وەک هەندێک ئیدیعای دەکەن بێلایەنیش نییە، هیچ بیردۆز و ئەپرۆچێکی زانستی بە مێشکێک و پێشگریمانەیەکی بێلایەنیانە مامەڵە ناکات.
نابێت خۆمان بخەڵەتێنین و بەوە تەخدیری ئیمانی خۆمانبکەین کە زانست و ئیمان تەریبن. میتۆدی ئیمانی و میتۆدی زانستی ئەمڕۆ دوو شتی تەواو پێچەوانەن. زانست گومان دەداتە دەست گومان بۆ گەیشتن بە گومانێکی نوێ، لەکاتێکدا ئیمان دەیەوێت ئینسان تەسلیمی حەقیقەتێکی تەواو موتڵەق بکات و وەک پاککردنی پیازێک پەردە دوای پەردەی یەقین دەدڕێت بۆ گەیشتن بە یەقینێکی گەرموگوڕتر. ئەمڕۆ هیچ زانستێک بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت، بۆشی تەنانەت بۆشی گرنگ نییە. لەوانەیە هەموو ئامانجێکی ئێمە لە ژیان حەقیقەت بێت، بەڵام تەقە لەدەرگایەکی هەڵە دەدەین گەر لە دەرگای زانست بدەین بۆ دۆزینەوەی.
فرانسس بەیکن ە بە تیۆرسیێنی زانستی مۆدێرن دادەندرێت دەیوت زانست ئیدی کاری بەسەر تەعریف و پێناسەکردنەوە نەماوە وەک ئەوەی دونیای کۆن دەیکرد، ئیدی زانست ئەو زانستە نییە کە بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێت، بەڵکو زانست ئەمڕۆ بەهەموو هێزی بە شوێن هێزدا دەگەڕێت و دەیەوێت و بە تەواوی سروشت بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. زانست و سروشت ئەمڕۆ دوو شتی تەواو دژی یەکن. گەر لە ڕابردوودا زانسست بە شوێن ئاشکراکردن و کەشفی سروشتەوەبووبێت ئەوا لە دوای مۆدێرنیتە ئیدی زاست دەیەوێت سواری پشتی سروشت بێت و وەک مەرکەبێک لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت.
ئیمان و حەقیقەت و یەقینی دینی بەراورد بە ئەزموونی زانستی و پزیشکی و گەردوونناسی سەر بە دوو ئێبستمۆلۆژیای تەواو جیاوازن. بوونی هەندێ خاڵی هاوبەش لەنێوانیان دین و زانستد ناکاتە ئەوەی ئەم دوانە ببنە جێگرەوە و بەدیلی یەکتر و بەناوی یەکدییەوە خوتبە بخوێننەوە و تەخدیر بکەن. هەروەکچۆن یارییەکانی باسکە و فتبۆڵ لە بوونی تۆپێک تیایاندا هاوبەشن، بەڵام فەلسەفەی پشت دوویارییەکەی لە بنەڕەتدا سەر بە دوو ئێبستمۆلۆژیای تەواو جیاوازن. لەیەکێکیاندا دەست ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە سوڕاندنی کەشی یارییەکە بەڵام بە پێچەوانەوە لەوی دیکەدا هەمان دەست بۆ هەمان تۆپ دەبێتە هەڵەی کوشندە و تێکدانی یارییەکە. دین و زانستی ئەزمونیش شتێکی هەر لەم جۆرەن.