خودا لە گۆشەیەکی ترەوە

2 مانگ پێش ئێستا

نياز نجم الدين

دۆزینەوەی خودا و تێگەیشتن لە مێژووی ئیسلام و گونجاندنی لەگەڵ ئەم سەردەمە کارێکی سەرپێی و سادە نییە. لە کۆمەڵگەیەکدا هزر بە بۆماوەیی ماوەتەوە و لە فلتەری زانست نەدراوە، بەردەوام لە شەڕ و نەهامەتییدا ژیاوە، دەشێت مرۆڤ لە گۆشەیەکی بچوکەوە خودا ببینێت و هزری خۆی وەک پەیامی ئیلاهیی بخاتەڕوو. لێرەدا، من رەخنەی دید و بۆچوونی بەشێک لەو مامۆستا ئاینیی و مسوڵمانانە دەگرم کە لە یەک گۆشەوە خودا پێناسە دەکەن و سەرئێشەیان بۆ دروست کردووین و ترسێکی زۆریان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ناوەتەوە.
سیفەتی یەکەمی ئەو خودایەی بەشێک لەم مامۆستا ئاینییانە و شوێنکەوتەکانیان باسی دەکەن ئەوەیە پتر لە مرۆڤێکی ترسناک (نەک خودایەکی میهرەبان و بە رەحم) دەچێت: ئەو سیستمێکی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆی هەیە و لەوە دەرچیت، نەک مرۆڤێکی دۆزەخییت، بەڵکو لەم دنیاش دەبێت بەشمەینەت و بێزراو بیت.
لای ئەم گروپە، نوێژ و رۆژوو، دوای ئەمانیش عەمەلی ساڵحات (کاری چاکە) خودا رازیی دەکات و رێگەی بەهەشتت بۆ ئاسان دەکات. کەس هەق نییە رەخنەی ئەوە بگرێت مسوڵمانان بۆ نوێژ دەکەن. نەک ماف بەڵکو رەنگە ئەرکیش بێت بانگەشەی بۆ بکەن. ئەوەش مایەی دڵخۆشییە کاری چاکە رێگەیەکە بۆ بەهەشت، لەبەرئەوەی هانی مرۆڤ دەدات لەبەر خودا خزمەت بکات. کێشەکە ئەوەیە لای ئەم گروپە، چاکەکاریی تەنها لەوانە دەوەشێتەوە نوێژ دەکەن و رۆژوو دەگرن. وەک ئەردۆغان بکوژە و ببڕە، کێشە نییە و بە تێگەیشتنی ئەوان خودا دەتبورێت بە مەرجێک نوێژ بکەیت. لەلای ئەمان، هیچ نرخێکی نییە باشترین دەرمان بۆ نەخۆشەکانمان دروست بکەیت، یان بەرهەمێک دروست بکەیت کەمتر زەوییەکەی خودا پیس بکات و تەمەنی درێژ بکاتەوە.
بە تێگەیشتنی ئەوان، خودا تەنها بەهەشتی بۆ مسوڵمانانی ئەم ناوچەیە تەرخان کردووە کە خزمەتێکی ئەوتۆی جیهان ناکەین کەچی چینیی و ئەمەریکیی و ئەوروپیی هەموویان دۆزەخین لەبەرئەوەی نوێژ ناکەن. دێن و لە یەقیینەوە ئەڵێن تەنها یەک رێگە بۆ بەهەشت هەیە، ئەویش نوێژ و رۆژووە لەگەڵ هەندێک چاکەکاریی ئەویش بەو شێوەیەی باوەڕیان پێیەتی.
کورتکردنەوەی رێگاکانی بەهەشت بۆ یەک رێگا و دانانی ئەو هەموو پێشمەرجە هیچی تر نییە جگە لە ساردکردنەوەی مرۆڤ لەوەی خزمەتی جیهانەکەی خودا بکات. منی نوێژنەکەر کە چاکەکانم شەفاعەتم بۆ ناکەن و بێزراوم لەبەرئەوەی نوێژ ناکەم، ئیدی بۆ لە پێناوی خودادا چاکەیەک بکەم؟
کێشەیەکی تری ئەم پێناسە بەرتەسکە ئەوەیە بە ناوی خوداوە دێت و مێشکت دەبات ئەوەندەت پێ دەڵێت "شوێنم بکەوە"، لە پەنای موقەدەسدا هەرچی خورافاتەکانی خۆیان هەیە بە گوێماندا دەدەن، بەڵام تۆ بۆت نییە گفتوگۆی بۆچونەکانیان بکەیت، ئازادانە قسە بکەیت، تەنانەت باسی رێگەکانی تری رازیکردنی خودا بکەیت، هتد. بەکورتیی، گوتاری زاڵی ئاینیی لای ئێمە لەسەر شتە وردەکان (مایکرۆ) بیناکراوە (ئەویش لە گۆشەیەکی زۆر بچوک و زۆرجار دواکەوتووانەوە) و شتە گەورەکان(واتە ماکرۆ)ی فەرامۆش کردووە مەگەر تەنها بۆ باسی شتە بچوکەکانی خۆی بەسەریاندا تێپەڕێت. لێرەشەوە، پرۆژەی عەرەبیی-کوردیی بۆ ئیسلام مەعریفەیەک بەرهەمناهێنێت یارمەتی مسوڵمانان بدات لە دنیا و مەترسییەکانی تێبگەن (وەک تێگەیشتن لە پیسبوونی ژینگە یان ژیریی دەستکرد) و توانایان هەبێت رووبەڕووی کێشەکانی هاوچەرخ ببنەوە. پرۆژەکە لەسەر لایەنی چەندایەتیی ئیش دەکات (بۆ نموونە ژمارەی نوێژکەر زیاد ببێت)، نەک چۆنایەتیی (کوالتیی بابەتەکان، هزری نوێ، هتد). ئەمانەش رۆڵیان هەیە لەوەدا وێنەی مسوڵمان لە جیهاندا ناشیرین بکەن. رەنگە هەڵبژاردنی ئەم بابەتانە لەلایەن ئەم جۆرە مامۆستایانەی ئایینەوە لە روویەکەوە لەوەوە هاتبێت گوێگریان هەیە و باسکردنیان وادەکات ناوبانگ و دەسەڵاتیان زیاد بکات، واتە پۆپۆلیستن نەک خوداپەرست.
کەم شت هێندەی چەقبەستن و جوینەوەی هزر و ئایدۆلۆجیایەکی کۆن بۆ سەر ئازادیی و بەختەوەرییمان ترسناکە. من وەک چۆن خوازیارم لەبەر رۆشنایی قەیرانەکانمان و گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا کورد بتوانێت پرۆژە سیاسییەکانی وەک کۆمۆنیزم، لیبرالیزم، هتد، ئەپدەیت بکاتەوە، ئاواش خوازیارم هزری خۆی بۆ ئیسلام نوێ بکاتەوە و دەوڵەمەندی بکات. بەڵام بانگەشەکارانی ئەم پرۆژە سیاسیی و هزرییانە خۆیان هێندە لەلا گەورەیە باوەڕیان وایە ئەوە ئەوان نین دەبێت هزری خۆیان نوێ بکەنەوە و خۆیان لەگەڵ سەردەمی نوێ بگونجێنن، ئەوە ئێمەین گەمژەین و دەبێت شوێنیان بکەوین و ملکەچ بین.
بۆ نوێکردنەوەی گوتاری ئیسلامیی کورد، دوو هەنگاو ئاماژە پێ دەدەم.
یەکەمیان، دەرگا لە رووی ئەو مامۆستا ئاینییانەش بکرێتەوە کە لە گۆشەیەکی فراوانتر و لە بیرێکی قوڵترەوە خودا دەبینینن و دەیناسێنن و تێزی ئیسلام بۆ چآرەسەری قەیرانەکانمان دەخەنەڕوو. دووەمیان، هەڵەیەکی گەورەیە جیلی نوێ بەوە رازی بێت بێتە سەر سفرەی حازریی و ئەوە قبوڵ بکات پێی گوتراوە و دەگوترێت، ئەوە ئیش و بەرپرسیارێتیی خۆیانە بە شوێن خودادا بگەڕێن، قایل نەبن بە پێناسەی عەرەبیی-کوردیی بۆماوەیی بۆ خودا و رازیکردنی، عەقڵی مسوڵمان بگەیەننەوە ئەو ئاستەی تێبگات ئەو خودای تەواوی مرۆڤایەتییشە، کە دەشێت بە رزگارکردنی هەژارێک لە هەژاریی، ئاژەڵێک لە نەخۆشیی، درەختێک لە بڕینەوە و دەریایەک لە وشکبوون شوێنێکت لە بەهەشت پێ ببەخشێت تەنانەت ئەگەر باوەڕداریش نەبیت.