چین و مەیموونەکانی سریلانکا
2 مانگ پێش ئێستا
خالد سلێمان
چین لەبەرامبەر 7 ملیار دۆلار قەرزدا، دەیەوێت 100 هەزار مەیموون لە سریلانکا وەربگرێت، چونکە ئەم وڵاتەی دووەم هیچ داهاتێکی لەبەر دەستدا نەماوە قەرزەکانی پێ بداتەوە. وەک میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەم جۆرەی مەیموون کە چین لەبەرامبەر قەرزەکانیدا چاوی بڕیوەتە سەر، لە تیرەی مەکاکەو تەنها لە سریلانکا دەژیت. هەرچەندە چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بۆ باخچەی ئاژەڵان بەکاریان دەهێنێت، بەڵام ڕێکخراوو چالاکوانانی بواری ژینگەیی و ژیانی کێویانە، پێیان وایە کە لە تاقیگەکاندا بەکاریان بهێنێت.
هەڵبەتە چین، فایلێکی خراپ و ڕەشی لە قاچاخچێتیدا بە ئاژەڵان و گیانەوەرانەوە هەیەو، یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ئەفریقیاو ئاسیادا، پەنجەمۆرێکی خراپی لە کۆی سیستمی ژینگەییدا بەجێهێشتووە. هەر ڕۆژەی بازاڕی جۆرێک لە ئاژەڵی ماڵیی یان گیانەوەری کێوی گەرمدەکات. جارێک ددانی فیل، جارێک گوێدرێژ و جارێکیش شاخی unicorn کە لە ژێر هەڕەشەی نەماندایە.
لە مێژوودا، کاری لەمجۆرەی چین لەبەرامبەر پارەی قەرزدا زۆرە، بەڵام ئاشکراترین و کوشندەترینیان قەرزەکانی هاییتی بوو، کە بووە هۆی ڕووتاندنەوەی تەواوی وڵاتەکە. نرخی سەربەخۆیی هاییتی کە یەکێکە لە دوورگەکانی دەریای کاریبی و لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە بەشێکە لە ئەمریکای باکوور، لەسەر سیستمی سروشتی وڵاتەکە زۆر گەورەبوو. بەو هۆیشەوە تا ئێستاش یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی دنیاو باجی سەربەخۆییەکەی ئەدات.
ساڵی 1804 شۆڕشی کریۆلەکان (دانیشتوانی هاییتی) دووای شۆڕشێکی بێوێنە دژی سیستمی کۆڵۆنیالیزم و کۆیلایەتیی، فەرەنسییەکانیان ناچارکرد ددان بە سەربەخۆیی هاییتیدا بنێن، بەڵام ئامادە نەبوون وڵاتەکە بەجێبهێڵن، چونکە 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لە ئەستۆی هاییتیدا بوو، کە یەکەم دەوڵەتی ڕەش پێستەکانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەو بڕە پارەیە کە بە ئەژماردنی ئەمڕۆ زیاترە لە 16 ملیار دۆلار، لە توانای دەوڵەتە تازە لە دایکبووەکەدا نەبوو بیداتەوە، گەڕاندنەوەشی مەرجی کشانەوەی فەرەنسییەکان بوو کە پێشتر بازاری هەموو جیهانیان پڕ کردبوو لە قاوەی بەرهەمهێنراوی هاییتی.
لەبەرامبەر ئەو قەرزەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی داری هاییتی ببات. ئەو دەمەش لە 80%ی خاکی وڵاتەکە بە سەوزایی داپۆشرابوو، داری بەرداری بێشووماری وەک مەنگۆ، گوێزی هیندی و ئەمانگۆی تیابوو. دووای ئەو ڕێککەوتنە کە کریۆلەکان باجەکەیان نەدەزانی، کۆڵۆنیالە فەرەنسییەکان وڵاتەکەیان ڕووتاندەوەو لەپای ئەو ڕووتاندنەوەدا، ئەمڕۆ لە 2%ی هاییتی بە سەوزایی داپۆشراوەو هەژارترین ولاتی دنیایە.
نزیکەی 220 ساڵ لە نێوان هەردوو ڕووداوەکەدا هەیە، ئەمە جگە لە جیاوازی لە جۆری قەرزەکەو مەرجەکانیدا، بەڵام لە جەوهەردا یەک مانایان هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ چین بەرامبەر سیستمی ژینگەیی وڵاتانی ئاسیا دەیکات، هیچ جیاواز نیە لەوەی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی لە ئەفریقیا، ئاسیاو هەردوو ئەمریکای باکوورو باشوور کردی. ئەوانەش وا دەڵێن مەیموونەکان زیان بە جوتیارانی سریلانکا دەگەیەنن، با ئاوڕێک لەو ڕۆڵە گرنگە بدەنەوە کە لە ناو دارستان و کۆی سیستمی ژینگەییدا دەبینن. هەر مەیموونێک ڕۆڵی چەندەها مرۆڤ دەبینێت لە زیادبوونی ڕووبەری دارستانەکاندا.
وەک چۆن نەوەکانی ئێستای هاییتی ئاه بۆ پیرە دارەکانی سەدەکانی پێشوو هەڵدەکێشن، نەوەکانی داهاتووی سریلانکاش، ئاه بۆ ژیانی کێویانەی وڵاتەکەیان هەڵدەکێشن.