پاڵەوانیش پێویستی بە حەوانەوەیە
2 مانگ پێش ئێستا
رۆزا دڵشاد مەریوانی
من برسیم نییە تۆ بیخۆ، پێویستم نییە بۆ تۆ، ماندوونیم کارەکانم تەواو دەکەم، گرنگ نییە بۆ من تۆ سەلامەت بیت.. ئەمانەو چەندان رستەی دیکەی لەمجۆرە لەگەڵ گەورەبوونماندا گوێمان لێبووە و دەبێت و چۆتە نەست و رەفتارەکانمانەوە و هەر لەمنداڵییەوە ئێمەی مێینە فێردەبین و رادێین لەسەر ئەوەی منی ژن و دایک دەبێت خۆشی و پێویستییەکانم دوای هەموو ئەندامانی خێزانەکەم بێت و خەمخۆر و بەڕێوەبەری هەموو کارەکانیان بم و گرنگی بە تەندروستی و حەوانەوەی هەموویان بدەم ئینجا بێمە سەر خۆم، ئەوەش وایکردووە هەمیشە هەرزوو دایکان تەندروستییان تێکبچێت و پەکیان بکەوێت. ئەو کەلتورە چۆتە نەستمانەوە بەوەی ئێمەی ژن و دایک عەیبەیە پێش ئەوانی دیکە گرنگی بە تەندروستی خۆمان بدەین و دەبێت دوا کەس بیر لەخۆمان بکەینەوە، هەرگیز دایکێکت بینیووە لەشی ساغ بێت و پێش منداڵەکانی بخەوێت؟ یان لەبەر داوای منداڵێکی لەسەر نانخواردن یان لە خەودا هەڵنەستێت، بێگومان بە گشتگیری باسی لێوە دەکەم و لە هزری هەمووماندا وێنەی دایکی نموونەیی بەو جۆرەیە.
کەلتوری رۆژهەڵاتی فێری کردووین و تائێستاش بەشێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامە، ئەوەیە دایک دەبێت هەمیشە قوربانیدەر بێت لەسەر حیسابی حەوانەوە و تەندروستی و خۆشی و پێویستییەکانی خۆی لەپێناو منداڵ و ئەندامانی خێزانەکەیدا، تەنانەت لەپێناو دایک و باوکیشیدا دوای ئەوەی دەچنە تەمەنەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و ئێمەی ژن دەبێت پێش هەموو شتێک بیر لە تەندروستی خۆمان و گرنگیدان بە خودی خۆمان بکەینەوە، چەندمان لەوپەڕی نەخۆشی و ماندووێتیدا زۆرمان لەخۆمان کردووە بۆ گرنگیدان بەوانی دیکە؟ لەکاتێکدا ئەگەر ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین پێش ئەوانی تر باشترە تا بتوانین لەکاتی پێویستدا باشتر پێشکەش بکەین و زوو پەکمان نەکەوێت و نەبین بەبار بەسەر خێزانەوە و ئەو هاوکێشەیە لەبەرچاو بگرین ئەگەر من لەش ساغ بم دەتوانم باشتر و زیاتر پێشکەش بکەم و لەکاتی پێویستیدا خۆمان وەلا نەنێین و لە تەمەنێکی زووەوە منداڵەکانمان فێربکەین راستە ئێمە پاڵەوانی ئەوانین، بەڵام ئەم پاڵەوانەش پێویستی بە حەوانەوە و یارمەتییە، چونکە ئەگەر وابکەیت زیاتر منداڵەکانت و ئەندامانی خێزانەکەت پێزانینیان دەبێت بۆ هەوڵ و ماندوبوونەکانت.
هاوکات لەکاتی پێویستدا هاوکار و یارمەتیدەریشت دەبن، پێویستە هەوڵبدەین ئەو قاڵبەی بۆمان دانراوە کە دایک تەنیا پێشکەش دەکات و پێویستی بەهیچ نییە بشکێنین و پێناسەیەکی نوێ بۆ دایکایەتی لە چوارچێوەیەکی مۆدێرندا دابڕێژینەوە، ئەویش ئەوەیە دایک گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات تا ئەو پاڵەوانە بێت کە منداڵەکانی چاوەڕێی دەکەن، جگەلەوەی چیتر بە چاوێکی کەمتر تەماشای دایکێک نەکەین لە رۆژەکەدا هەندێ کات بۆ گرنگیدان بەخۆی تەرخان دەکات و وابزانین ئەوە دایکایەتی نییە و ئەو ژنە دایکێکی خراپە، چونکە دواجار لەکاتە پێویستەکاندا هەر ئەو دایکەیە فریامان دەکەوێت.