‎سامانی نەوت و پرسی سەربەخۆیی

2 مانگ پێش ئێستا

هاوڕێ ڕەزا

‎لە ساڵی ۲٠۱٤ەوە بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتی نەوت بە سەربەخۆ کرد،سێ ساڵ دواتر ڕیفراندۆم ئەنجامدرا ئەم دوو ڕووداوە لای دەسەڵاتدانی هەرێم پەیوەندیەکی زۆریان بەیەکەوە هەبوو ،دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان وابوو سەربەخۆیی ئابوری دەتوانێت ببێتە هۆی سەربەخۆیی سیاسیش،ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە، سەربەخۆیی سیاسی بە دروست کردنی بنەماکانی دەوڵەت دەبێت وەک، بنیاتنانی ئابوریەکی بەهێزی نیشتیمانی، دروستکردنی پەیوەندیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی،هەروەها بەهێزکرنی دامەزراوە سیاسیەکانی وەک پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری کە لەماوەی ڕابروودا هیچ کام لەمانە نەبینراوە،
‎ئێستا کە هەرێم مەلەفی نەوتی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کردووە زۆرێک پێیان وایە ئەمە شکستی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە و دوورکەوتنەوەمانە لەسەربەخۆیی،دووبارە ئەمەش هەڵەیەکی میتۆدیە لەم بابەتەدا چونکە ئەو دوو بابەتە پەیوەندیان پێکەوە نیە، فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی و سەربەخۆیی ئابوری نەیتوانی ببێتە هۆکاری بەهێزبوونمان لە ڕووی ئابوریەوە بەڵکو هێنانی قەرزێکی زۆر بۆسەر حکومەت و چەندین شکستی ئابوری دیکە وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوە تێبگەن کە هەرێم و دەسەڵاتەکەی ناتوانن خۆیان بەڕێوەببەن،
‎کەواتە دروست کردنی دەوڵەت بە دروست کردن و بنیاتنانی بنەماکانی دەوڵەت دەبێت نەک فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی،بە پێچەوانە دەکرێت لەکاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندی هەرێم زیاتر و باشتر بیر لە سەربەخۆیی سیاسی بکاتەوە و بنەماکانی دروستکردنی دەوڵەت گەشەپێبدات بەڵام بێگوومان لەسەر دەستی ئەم کاستە سیاسیەی ئێستا نا بەڵکو لەسەر دەستی ئەو هێز و لایەنانەی نیشتیمانیانە بیردەکەنەوە نەک حیزبی.