وانەرانی کتێب

2 مانگ پێش ئێستا

سەرەتا دەبێت بزانیت کەخوێندنەوە کارێکی ئاسانە و سەرەتای هەموو شتێکی تازەش چێژ بەخشە. وەک ئەرستۆ گوتی؛ خوێندنەوە چێژ بە جەستە دەبەخشێت بە تایبەتی چاو.

بەڵام دوای ئەوەی بوویت بە مەلەوانی دەریای کتێبەکان، هەست دەکەیت کە خوێندنەوە چاڵی قوڵی تێدایە، زووزوو دەکەویتە ئەشکەوتە قووڵەکانی گووما و پرسیار و شۆکبوون. زووزوو خۆت دادەماڵی لەو بەرگە دۆگمایەی پێشتر هەتبووە. دوای ئەوەی لە بواری گشتی خوێندتەوە، دوای ئەوەی دەرگای بینایەکی گەورەت کردەوە، دەبێت خۆت بدوزیتەوە. خۆنەدۆزینەوەی خوێنەران کارەساتە، بەشێکی زۆری خوێنەران خۆیان بزرکردووە نازانن چین.

کتێب بێشەرمە، شەرم لەهیچ شتێک ناکات، ئەوەی شەرمنە خوێنەرە، خوێنەر دەبێت دەست بۆ ترسناکییەکانی فیکری بەرێت، دەبێت دوو دیو ببینێت، دیوێک قەناعەتی خۆتە و دیوەکەی تر کتێب. لەم ململانێیەدا دەبێت یەکتر داماڵن، دەبێت کتێب وەک چەکووش چیمەنتۆی دۆگمابونمان بشکێنێت. وەک کافکا گوتی؛ کتێب دەبێت وەک تەور بێت و بەستەڵەکی ناخمان بشکێنێت. ئایا تۆ ئامادەی بۆ گۆڕانکای دوای کتێبەکان؟ بەرگەی شکاندن و داماڵینی بەرگی ڕابردوو دەگریت؟ ئامادەی قوربانی بۆ خوێندنەوەت بدەیت؟ ئێستا ئامادەی عاشقی خوێندنەوەبیت؟

چونکە دوونیای خوێندنەوە دوونیایەکی پڕۆلال و فرەڕەنگە، دوونیای ڕاستی و هەڵە و ڕێژەگەراییە. کتێبێک دژە کتێب درووستدەکات، تۆ دەبێت دژە کتێبەکەش بخوێنیتەوە تا حەقیقەتی کتێبێک دۆگمات نەکات و لە بازنەیەکدا گێژ نەکات. هەرکتێبە و بڕوای بەڕەنگێکە، تۆ نازانیت مارکسیزم چیە، چۆن گفتوگۆی دەکەیت و بە کارەساتی دەزانی؟ تۆنازانیت کون و کەلەبەری فەلسەفەی دینەکان چییە، چۆن بانگەشی بانگخوازی دەکەی؟ تۆنازانیت کاپیتاڵیزم چییە، چۆن بەرگری لە کۆمۆنیزم دەکەی؟

زۆر کەس لە دونیا سادەکەی خوێندنەوەوە فەشەلدێنێت و یاریگا چۆڵدەکات، ناگاتە دونیا قوڵەکە. کە تیایدا شۆکبێت و پرسیاربکات، بۆیە زوو یاریگا جێدەهێڵێت و خوێندنەوەی کتێبەکانی جگە لەیادگاری شتێکی تر نابێت. وەک کافکا گوتی؛ ئێمه بۆیە دەخوێنینەوە تافێربین پرسیاربکەین. خوێنەری ڕاستەقینە پرسیارکەرە، خوێنەر پرسیارکەر نەبێت لە خوێنەر دەکەوێت. چونکە زۆرجار پرسیار گرنگترە لە وەڵام، گەر پرسیار نەبێت قسە دەمرێت.

ئێستا ئێمە ڕێژەی خوێندەوارمان زۆرە بەڵام خوێنەرمان کەمە، تیراژی باشترین کتێب لێرە 1000دانەیە گەر بفرۆشرێت بە ماوەیەک. لەکاتێکدا زیاتر لە 100هەزار مامۆستا و هەزاران خوێندکاری زانکۆمان هەیە! وەک .ویڵ ڕۆجەرز گوتی؛ کەسێک خوێندەواربێت و نەخوێنێتەوە حاڵی باشتر نیە لە کەسێک نەخوێندەوارە و نازانێت بخوێنێتەوە. ئەمە کارەساتەکەیە، ئەمە پێمان دەڵێت کتێب لێرە شتێکی گەورە نییە و نەبۆتە کولتوور،کتێب بەقەد کیلۆ تەماتەیەک گرنگ نییە، بەقەد ماکیاژێک ڕێزی نییە، نرخی وەحدەیەکی مۆبایلی نییە، کەواتە لێرە خوێندنەوە کولتورنییە، بەشێک نییە لەبوون و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیمان.

ئارام قادر حەمەسور