بنیاتنانی نەتەوە لەڕێگەی هونەرەوە : زەکەریا عەبدوڵا وەک نموونە
01/05/2023
پەیڕەو ئەنوەر
لەدوای رێنەیسانسەوە <نەتەوە> دەبێت بە چەقی بیرکردنەوە و ئاگایی لە ئەوڕوپا، دواتر شۆڕشی پیشەسازی، سنورەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی Nation-State و مۆدێرنە خۆراکی زیاتر بە کاکڵی نەتەوە و پڕۆژەی بنیاتنانی نەتەوە Nation-Building دەدەن. ناسیۆنالیزم درەنگ دەگات بە خۆرهەڵات، لەسەدەی نۆزدەهەمەوە سەرەتا لەناو ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا دەردەکەوێت! مۆدێرنە و پیشەسازی بەلای ئێمەدا نەهاتووە، رۆژگارێکی درێژ بەهەستێکی ناسیۆنالیزمانە ژیاوین <بزووتنەوەی سیاسی و ئەدەبیاتی کوردی> بەڵام توانای پیتاندن و چوونە نێو پڕۆەژی بنیاتنانی نەتەوەمان نەبووە. لەدەرەوەی ئامێرەکەبووین.
ناسنامە وەک پێدراو و هێز، وەک کارپێکەر و جۆشدەری بنەڕەتی پەیکەری نەتەوە دەبینرێت. بەڵام ناسنامە یەکەیەکی جوڵاو و ناجێگیرە. گۆڕاو و جیوەییە. <ئێرنێست رێنان> لەم پەنجەرەوە ناسیۆنالیزم وەک راپرسییەکی رۆژانە Daily Plebiscite دەخاتەڕوو. لێرەوە زمان و ئەرکەکانی زمان دەبن بە قوڵایی و بڕبڕە بۆ نەتەوە. زمان وەک پەیوەندی، زمان وەک گوزارشت، زمان وەک جیاوازبوون و خۆجیاکردنەوە لەوانی تر نەتەوە دەربازدەکات لە کەوتن و رۆح لەدەستدان. بەڵام بنیاتنانی نەتەوە جگە لە کەرەستەی زمان هێشتا پێویستی بە زۆر کەناڵی ترە بۆئەوەی هەموو ئەندامانی نەتەوە بەیەکتر ببەستێتەوە، خەون، یادەوەری و گێڕانەوەکانیان یەکبخات و دووبارە بەسەریاندا دابەشبکاتەوە.
لێرەوە باسوخواسی بنیاتنانی نەتەوە بەها وەردەگرێت، بیری لێدەکرێتەوە. لەراستیدا ئەم بنیاتنانە بەزۆر رێگە شێوە وەردەگرێت. تۆڕ و خانەکانی بنیاتنانی نەتەوە فراوان، فرەئاست و جۆراوجۆرن. فڕۆکەخانە، هێلی شەمەندەفەر، بازاڕ و مەیدانی ساغکردنەوەی کاڵا، زانکۆ، میدیای نیشتیمانی، ئەفسانە، هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتیمانی، جەنگ، دنیای سیمبولەکان و زۆر مەڵبەندی تر بەشدارن لە پتەوکردنی پڕۆژەکە. بەڵام لەزۆربەیان گرنگتر و خێراتر، هونەرە! لەناویشیدا گۆرانی، سینەما و شانۆ و ژانرەکانی ترە، ئێمە سەرێک بە گۆرانییەکانی زەکەریا عەبدوڵادا دەکەین.
لەدوای ساڵی ١٩٩١ و راپەڕینەوە، شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان بەئەندازەیەکی زۆر لەگەڵ گۆرانییەکانی <ئیبراهم تاتڵیس> بەپلەی یەکەم و <کازم ساهیر> و چەندانی تر لە پەیوەندی، مەستبوون و توانەوەدابوون. ساردەمەنییەکان ناوەندێک بوون بەردەوام گۆرانی تورکی و عەرەبی لێوەدەبیسترا. ئەم جۆرە پەیوەندی و لەگەڵ یەکبوونەی گەنجانی کورد و ئەوانی تر لەسەر بنەمای منی سەروەر و تۆی ناسەروەر وەک ئەوەی هیگل ناوی ناوە Master & Slave بوو کەزمان و هونەری بێگانە رۆڵی سەروەربوونی خۆی تێدادەبینی.
لەکۆتایی نەوەتەکاندا <زەکەریا> دێت، زۆر دیاردە و گۆڕان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. دیارە من لەباری سەرنجی نەتەوە و تێکستەوە دەدوێم نەک هونەر. زەکەریا وەک کۆکەرەوە و لکێنەر دەردەکەوێت. کۆکەرەوە بەو مانایەی ئەندامانی نەتەوە وەک هێزی راکێشەر بەلای خۆیدا رادەکێشێت و دووریان دەخاتەوە لە ئەوانی تری بێگانە و نامۆ! بنەما و کۆدەزگای پەیوەندییەکانی نێوان زەکەریا و هەوادارانی <هونەرە بەزمانی کوردی> ئەگەرچی سیمای سەرەکی گۆرانییەکانی زەکەریا هەر لەسەرەتاوە دوو رەگەزی یەکجار گرنگی لەخۆیدا هەڵگرتبوو کە وەک پەین و ئۆکسجین بۆ بنیاتنانی نەتەوە کاریدەکرد:
یەکەم: نیشتیمان، نەتەوە، یادەوەری و کەلەپوورەکەی لەهەموو ئەلبوومەکانی هەمیشە ئامادەبوو، بەتایبەت لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا. گۆرانی <شڤانێ گارێ> لەساڵی ٢٠٠٣ و لەکاتی ترس، دڵەڕاوکێ و هەڕەشە لەسەربوونی نەتەوەییمان خۆی وەک سەرچاوەی هیوا و مانەوە نمایش کرد. تێکستێکی یەکجار جوان و مانابەخشە بۆ بنیاتنانی نەتەوە. سەیربکەن چۆن باسی چیڕۆکی خۆمان و توانای خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە دەکات لە بەرامبەر دوژمندا. لەخوارەوە تێکستەکە دادەنێم.
دووەم: گۆرانی چڕین بە زاراوەی جیاواز<کرمانجی سەروو-بادینی> کە هەوڵێکی یەکجار گرنگ بوو بۆ نزیککردنەوە و بەیەکەوەلکاندنی ئەندامانی نەتەوە لە دەڤەرە جیاوازەکان و شکاندنی سنورەکانی شێوەزار، سنوورە فەرهەنگی و نەبینراوەکان. دیارە زەکەریا لەهەموو ئەلبوومەکانیدا چەند سترانەکی بە زاراوەی <کرمانجی سەروو-بادینی> بەئاستێکی یەکجار جوان و بەرز چڕیوە. ئەم هەوڵە هونەرییە جۆرێک لە لکاندن-لەحیمکردنمان بوو بەیەکەوە. هەستکردن بە یەک چیڕۆک، یادەوەری، گفتوگۆ و کەناڵی هاوبەش. لەڕاستیدا بەیەکەوەبوون و مانەوەیەکی هاوبەش بوو لەگەڵ یەکتردا.
Şivanê Garê..
Hizir nekey dê lê mînî
Her dê xewna pê ve bînî
Serê Garey her ave ke
Tu warê min naçêrînî
Çi Eskender, çi Zeynefûn
Berî we li, vêre peyda bûn
Welatê me lê bû agir
Hemû tevde, revîn û çûn
Her çê ke bo me pîlana
Dê agehdar kem şivana
Rêwas gaz diket ez û tu
Pêkve naçî çi dîwana