ئایا فیلم و سینەما لایەندارە، یاخود دەتوانێت بێلایەنی خۆی بپارێزێت!
02/05/2023
سەرەتا، ھەندێکجار بیرخستنەوە و یادھێنانەوەی ھەندێک ناوی(فیلم)ی، جوان و ناوازە و شایستە بۆ بینەران لە پێناو دوبارە و سێبارە تەماشاکردنەوە ڕەنگە کارێکی خراپ نەبێت! بۆ نمونە؛ ئەم دو دانە فیلمە سینەماییە قەشەنگە، کە ڕەنگە زۆرێک لە بینەران لانیکەم تەنھا بۆ جارێکیش بوبێت تەماشایانی کردبێت ئەوانیش ھەردو فیلمی سینەمایی جەنگی - مێژویی؛(Enemy at the Gates) و (Kingdom of Heaven)ە، کە لەو جۆرە فیلمانەن دەکرێت ھەل و چانسی چەندبار بینینەوەیان پێ بدرێنەوە.
بەر لە ھەرشتێک، با لەو قسە ئاسان و دوبارە سواوە دەربچین کە دەڵێت؛ «مێژو، براوەکان دەینوسنەوە»! ھەربۆیە لە بری وتنەوەی ئەو دێڕە، خۆتان بە دواداچونی زیاتر و چڕتڕ بۆ حەقیقەتی دۆخی براوە و دۆڕاوەکان بکەن. ئەوجا با بێینەوە سەر کاکڵەی بابەتەکەمان کە وابەستە بو بە سیاسەتی کارکردنی ھۆلیود. بەوەی ئایا لایەندارە! ئاڕاستەکراوە! ئەم وەڵامە، بە بەڵێ و نەخێرێکی خێرا قوتارمان ناکات؟ ھەربۆیە دیراسە و بەدواداچونی قوڵی زۆر زیاتری دەوێت، بەڵام لە دەرەوەی سەرجەم خوێندنەوە ڕەخنەیی و ناڕەخنەییەکان بۆ کرۆک و پڵات و ڕوداوی نێو ھەردو فیلمەکە، ھەروەھا لە دەرەوەی کەش ومودی فیلمەکە وەک ڕوداو و واقعێکی جەنگی و پڕ ململانێی قوڵ و لەمێژینەی نێوان مرۆڤ و نەتەوە و گەلە ئاینییەکان، کە یەکیان؛ خۆی لە ململانێی جەنگی ھەرد وڵاتی ڕوسیا و ئەڵمانیادا دەبینێتەوە لە ماوەی ساڵانی (١٩٣٩ - ١٩٤٥) - واتا؛ جەنگی دوەمی جیھانی، ئەوەی دیکەیان؛ کە مێژوەکەی زۆر کۆنترە و بە تایبەت بۆ سەدەکانی (یانزە) و (دوانزە)دەگەڕێتەوە، کە ئەویش؛ بریتییە لە جەنگی نێوان خاچپەرستان - مەسیحییەکان و موسڵمانەکان لە ناو چەق و سەنتەری شاری(ئۆشەلیم). دەکرێت لەو دو بەرھەمەدا دۆخی براوە و دۆڕاوە زۆر تۆخ دەرنەکەون!
نەک، ڕەنگە، بەڵکو دەشێت ھەر لە بنەڕەتەوە سینەما، وەک بەدیلێک بۆ ئەوە ھاتبێتە ئاراوە، تاوەکو ببێتە (چەکێکی کاریگەر و بەھێز)، تاوەکو دژ بە بابەتێکی تر بەکار ببرێتەوە کە دەکرێت ھاوشێوەی (شمشێرێکـی دوسەرە)یش، لێی بڕوانین، تەنانەت گرتنی لە ھەر سەرێکیانەوە بێ خوێن و بێ زیان لێیدەرنەچین! ھەربۆیە بەدەر لە دیوە جوان و سیحراوی و جاویدانییەکەی سینەما، کە بێگومان بە جیھان و مرۆڤایەتی بەخشیوە، ڕەنگە دیوێکی تری پڕ تارمایی و تاریکتری ھەبێت کە ئێمە دەرکی نەکەین! کە ئەمەیان زۆرتر بابەتێکی قوڵتر و درێژتر و جوداترە. ھەربۆیە لێرەدا ناکرێت و بۆیە ناچینەوە نێو ئەو ململانێ ئەزەلییە گوماناوییە ترسناکەوە!
دێمەوە سەر ھێڵی باسکردنی فیلمەکان، دەکرێت یەکێک لە ھەرە خاڵە جیاکارییەکانی ئەم دو دانە فیلمە لە دەرەوەی کەشومودیاندا کە بەوجۆرە ھەستی بینەرانی بە لای خۆیدا پەلکێش کردبێت، واتا؛ «جگە لە لایەنە جوانی و پڕ مانای فیلمەکە»؛ ڕەنگە پەیوەندی بەو (باڵانص ڕاگرتن) و (بێلایەنی)یەوە ھەبێت کە بناغەی نوسینی ئەو دو دانە فیلمەی لەسەر ڕۆنراوە. تاوەکو بینەر جگە لەوەی ھەست بە نیگەرانی و بێتاقەتی نەکات، لە ھەمانکاتدا نەتوانێت لە سەر بنەمای ململانێی نێوان دو وڵات، یاخود دو میللەتی دژ بە یەک لە ئایندا، لایەنگری بکات، چون بە ھیچ جۆرێک لەم جۆرە کارانەدا کار و ئەرکی بینەر نیە تەڕەفداری بکات، یاخود دژایەتی بکات، بەڵکو ئەو تەنھا دەتوانێت پاش تەماشاکردن کونجوکۆڵانە شەنوکەوی حەقیقەتی ڕوداوەکان بکات، گەرچی دواجار ھەست و سۆز و ھۆگربون لە ناخی بینەردا ھەر چەکەرە و گەشە دەکات بە لایەکدا و لە کۆتایدا ڕەنگە بە (تا)ی یەکێکیاندا ھەر (لاری)بکاتـەوە. بەڵام بە لای منەوە، بینەری ژیر ھەتاوەکو بتوانێت خۆی بە دوربگرێت لە لایەنگری و زاڵبون و ھەژمونی ئایدۆلۆژیایی ئایینی و نەتەوەیی ئەوکات دەتوانێت؛ دەرون ئارامتر و ژیرترانەتر لە فیلم و سینەما بڕوانێت...
نـوسین؛ شــادمان محـەمـەد
Enemy at the Gates - 2001
War/Drama
Kingdom of Heaven 2005
War/Adventure