مەرجە گۆرانی نەمر بێت؟

04/05/2023

رۆزا دڵشاد مەریوانی
یەکێک لەو ستایلی گۆرانیانەی گوێگرێکی زۆریان هەیە و لەنێو خەڵکیدا بەناوبانگ دەبن، ئەو گۆرانیانەن باس لە لەبیرکردنی یار و تۆڵەسەندنەوە و بێ منەتی لەو خۆشەویستەی رۆیشتووە دەکەن، واتا ئەو جۆرەی تێیدا یار نەویستراوە و تازە ناتوانێت وەکو جارانی لێبێتەوە.
هەر لە کۆنەوە ئەو جۆرە گۆرانییانە هەبووە و بوونەتە باو، هەروەها بەشێکی زۆر لە خەڵک لایان چێژبەخش بووە، دەبینین لە ئێستا و رابردوودا گۆرانی لەو جۆرە زۆرە و بە رای من ئەوەش جۆرێکە لە هونەر و لەوێدا هونەرمەند دەبێتە باڵیۆز و قسەکەری ئەو توێژەی دڵیان شکاوە و دەیانەوێت خۆشەویستەکەیان لەبیربچێتەوە و تێیپەڕێنن، ئەگەر نموونەی لەو جۆرە بێنینەوە لە گۆرانی عەرەبی و کوردییەکاندا هەیە و بێگومان گۆرانی بیانی لەو جۆرە رەنگە زیاتریش بێت، هاوکات زۆرجار گۆرانیبێژێک لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنیدا گۆرانییەکەی لەو شێوەیە پێشکەش دەکات و ئەوە دەبێتە هۆی بەناوبانگبوونی بەو پێیەی زیاتر توێژی گەنجان و هەرزەکاران حەزیان لەو جۆرە گۆرانییانەیە و ئەوانیش فاکتەرێکی گرنگن بۆ بەناوبانگبوونی گۆرانیبێژان، نموونەی هونەرمەندان کە بەو جۆرە گۆرانییانە بەناوبانگ بوون وەک شیرین عەبدولوەهاب-ی میسری و گۆرانیبێژی عیراقی محەمەد سالم کاتێک گۆرانی «بلی بلی» پێشکەش کرد، لەگەڵ گۆرانیبێژان تایلۆر سویفت و مایلی سایرس..هتد گۆرانی لەو شێوەیەیان زۆرە، هاوکات گۆرانیبێژ هەردی سەلامی کاتێک گۆرانی «مەجبوری خۆم دەبێتەوە»ی پێشکەش کرد من کە زۆر هەواداری گۆرانییە کوردییە نوێیەکان نیم بەلامەوە گۆرانییەکی چێژ بەخش بوو بەتایبەتی بۆ نێو ئۆتۆمبێل و رێگەی گەشت و سەیران.
زۆرجار ئەو جۆرە گۆرانییانە وەکو گۆرانی وەرز دەناسرێن و بەناوبانگ دەبن و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی گوێیان لێدەگرن و دەیڵێنەوە، بەڵام کە وەرزی تێپەڕی یان گۆرانییەکی دیکەی ئەو هونەرمەندە یان هونەرمەندێکی دیکە جێی گرتەوە ئیتر لەبیر دەچنەوە، رەنگە وابزانن ئەوە شتێکی خراپە و خاڵی لاوازە لەو گۆرانیبێژ یان گۆرانییەدا، بەڵام بە رای من بەو شێوەیە نییە و مەرج نییە هەموو گۆرانییەک وەکو گۆرانییەکانی زەبەلاحەکانی هونەری گۆرانی لە هەر وڵات و نەتەوەیەکدا بێت بمێننەوە و ئاساییە گۆرانی لەو جۆرەش هەبێت، چونکە گرنگ ئەوەیە لەکاتی خۆیدا چێژی بەخشیوەتە کۆمەڵێک خەڵک و پەیامی خۆی گەیاندووە و تەواو بووە، مەرجیش نییە هەموو گۆرانییەک بە نەمریی بمێنێتەوە، چونکە حەز و خولیای مرۆڤەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندایە و رەنگە ئەمڕۆ حەزبکەیت گوێ لە گۆرانییەکی عەبدول حەلیم بگریت، بەڵام سبەینێ حەز بە گوێگرتن لە گۆرانییەک بگریت ئازارەکانی ناخت نەوروژێنێت و چێژت پێ ببەخشێت تەنیا لەپێناو چێژ و کات بەسەربردندا.