هۆكاری هەژاری

04/05/2023

كەمال چۆمانی
لە دامەزراندنی بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردو تا ئەمڕۆ، هیچ کاتێک یەدەگی دراوی عێراقی هێندەی ٢٠٢٣ بەرز نەبوە بە هەبونی ١٠٠ ملیار دۆلار، کەچی بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانان سەدا ٢٥ی خەڵکی عێراق لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
عێراق هەژار نییە بەڵام بەڕێوەبردنی عێراق و سیاسەتەکانی دابەشکردن و دابەشکردنەوەی سامان لە عێراق هەژارن. 
هەرکاتێک بەڕێوەبەرانی وڵات لە عەقڵ و دڵسۆزی هەژار بون، وڵاتییان هەژار دەبێ. هۆکارێکی سەرەکیی ئەوەی وای کردوە باکوری جیهان\رۆژئاوا دەوڵەمەند بێ و باشوری جیهان\رۆژهەڵات هەژار ئەوەیە کە؛ لە باکور دامەزراوەکان هەن کە خەڵکی هەرەهۆشمەند بەڕێوەبەرایەتیی دەکەن لە چوارچێوەی قانونە دیموکراتەکانی وڵاتدا، بەڵام لە باشوردا، خەڵکی هەرە نانیشتیمانی و ناهۆشمەند و نادڵسۆز بەڕێوەبەرایەتیی خەڵک دەکەن و هیچ حیسابێک بۆ قانون و دامەزراوەکانی وڵات ناکەن. دامەزراوەکان وجودێکیان نییە تەنها خۆیان هەن. هەر سیاسییەکی عێراق لە زاخۆوە بۆ فاو خۆی دامەزراوەی بڕیاردەر و سیاسەتدروستکەرە، خۆشیان نە دڵسۆزن و نە هۆشمەند و نە نیشتیمانی.