ژیانی ئێمە لەبەردەم ویژدانی بیماری ئەواندا

07/05/2023

سەردەشت محه‌مه‌د
ڕۆژنییە هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی دەیان جۆر لەخۆراک‌و کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچوو نەبیستین، ئەم هەواڵانە بەڕادەیەک زۆربوون وامان لێهاتووە گومان لەتەواوی ئەو خۆراک‌و  پێداویستییانە بکەین کە ئێستا لەبازاڕەکانی هەرێمدا کڕین‌و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.

ئەگەر ڕۆژگارێک پێمانوابوو کە بازاڕەکانی هەرێم بونەتە زبڵدانێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچوی وڵاتانی دەرەوەو لامان وابوو ئەوە پەیوەندیی بەو دوژمنایەتیە لەمێژینەی نەیارەکانمانەوە هەیە کە دەیانەوێت هەموو ڕێگاکانی لەناوبردنمان بگرنەبەر،  کەچی ئێستا بۆمان ڕونبۆتەوە ئەم نەخۆشییە بەروبوم‌و کەره‌ستەو پێداویستییەکانی ناوخۆیشی گرتۆتەوە، کەواتە بابەتەکە هیچ پەیوەندی نییە بەسیاسەتی خراپی وڵاتانی چواردەورەوە، بەڵکو ئەوە کۆمەڵێک بازرگان‌و فرۆشیاری بێویژدان‌و داماڵراون لەئەخلاقی مرۆڤایەتی کە لەپێناو کەڵەکەکردنی سەروەت‌و سامانی ناشەرعیدا گرنگی بەژیانی خەڵک نادەن‌و  تەنها ئامانجیان پڕکردنی قاسەکانیان لەسەروەت‌و سامانی حەرام.

بەداخەوە سەرەڕایی ئەوەی ڕۆژانە ئەم هەواڵانە دەبیستین، کەچی تائێستا نەمانزانی سزایی یاسایی ئەو بازرگان‌و دوکاندارو فرۆشیارانەچین کە ئەم تاوانانە ئەنجامدەدەن، تەنها ئەوەندە دەبیستین کە سزای مادیی دەدرێن، بۆیە حەقی خۆمانە بپرسین ئایە فرۆشیارێک کە لەبری خۆراک ژەهر دەرخواردی هاوڵاتیان بدات دەکرێت تەنها بەسزایەکی مادیی دەربازی ببێت؟ یاخود  بۆ بنەبڕکردنی ئەم تاوانە دەکرێت دەسەڵات ڕێگای دیکە بگرێتەبەرو  دەبێت وەک تیرۆرستێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ناکرێت خۆراک‌و کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچوی بازرگانێک کە ڕەنگە هۆکاربێت بۆ توشبونی دەیان کەس بەنەخۆشی شێرپەنجەو دەیان نەخۆشی دیکە هەروا بەسزادانێکی مادیی دەستی لێهەڵبگیرێت، بەڵکو دەبێت حکومەت‌و یاسا بەجۆرێک سزایان بدات کە جارێکی دیکە نەتوانن لەبازاڕدا پەنا بۆ دوبارەبونەوەی کارێکی لەوجۆرە ببەن، ئەگەرنا ئەوا دورنییە هەمان بازرگان‌و فرۆشیارو دوکاندار بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانە مادییەی کە لێی کەوتوە جارێکی دیکە پەنا بۆ هەمان تاوان نەباتەوە.

هەرچەندە بەشێک لەقورسکردنەوەی ئەو سزایانە پەیوەندی بەدەسەڵات‌و لایەنی پەیوەندیدارەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێکی دیکەی ئەو سزایانەش پەیوەندیی بەئاستی ڕۆشنبیریی ئێمەی کڕیاریشەوە هەیەو دەبێت، ئەو فرۆشیارانە وەلاوەبنێین کە دەزانین تاوانبارە بەوەها تاوانێکەوەو نابێت جارێکی دیکە خودی خۆمان ببینەوە بەهۆکاری گەرمبونەوەی بازاڕی.