باوکانـی تاوانکار و کـوڕەکانیان...
07/05/2023
(ئاخۆ... کوڕان، گوناھەکانی باوکیان دەگرنە ئەستۆ)!
وەک خوێنەرێک، ڕەنگە خانمە نوسەری بەتوانا، جواننوس، بە سەلیقە، ئەلیف شەفەق، تەنھا لە یەک خاڵدا بخەمە ئاست یەک دۆخی کتێبەکانی دۆستۆیڤیسکی - یەوە، ئەوەیش؛(ھیچکات نەبوە ـ بۆ ساتێک لە خەیاڵمدا بوبێت لە خوێندنەوەی ڕۆمان و کتێبەکانی پەشیمان بوبێتمەوە)! ئەمە تەنھا وەک ڕایەکـی تایبەتی. ھەربۆیە؛ ھەردو نوسەر، بە لای منەوە دو تاکە نوسەرن کە زۆرترین کتێبیانم خوێندبێتەوە.
بۆ نمونە دۆستۆیڤیسکی مەزن، ھەریەک لە کتێبەکانی(برایانی کارامازۆف، تاوان و سزا، شەیتانەکان، یادگاری خانەی مردوان، شەوە سپییەکان، ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو، سارد، نامەکانی ژێرزەوی...ھد). ھەروەھا کتێبەکانی ئەلیف شەفەقیش، وەک(ئەڤین - یاخود چل ڕێساکەی عەشق، شەرەف، گوڵی ساردۆنیا، شیری ڕەش، سێ کچەکەی حەوا، زۆڵەكەی ئەستانبوڵ، دورگەی درەختە ونبوەکان، پێت وانەبێ تەنھای.. ھد). بێگومان ناوی ئەوانەم بۆ ئەوە باسکرد و کردمنە نمونە، چونکە زۆرترین کتێبی ئەو دو نوسەرەم خوێندۆتەوە. ھەربۆیە لێرەشدا نەھاتوم بەراورد و شوبھاندن بکەم لە ئاست نوسین و شێواز و دونیابینی و ڕوانین و کەشومودی نوسینیان کە دو جیھانی جیاوازن، بەڵکو تەنھا ویستومە بڵێم؛«لە خوێندنەوەی یەک دانە پەڕوتوکیان ھیچکامیان پەشیمان نەبومەتەوە.»
لە ڕاستیدا، دوایین کتێبی - ئەلیف شەفەق، کە ڕەنگە کتێبی تەواو و کامڵ نەبوبێت، بەڵکو کۆکراوەی وتارگەلێکی جودا بوبێێت، بەڵام لە یەک کتێبدا بە ناوی (پێت وا نەبێ، تەنھای)، بڵاوبوێتەوە، کە بە نزیکەی خۆی لە (شەست - ٦٠)دانە بابەتگەلی جودا و جوان و سەرنجراکێش دەدات. گەرچی لێوانلێوە لە بابەتی جوان و کاریگەر و ناوازە بۆ خوێنەران، بەڵام لە ناویاندا چەند دانە بابەتێک و بە تایبەت یەکێکیان زۆر سەرنجی ڕاکێشام بەناوی (ئاخۆ، کوڕان گوناھەکانی باوکیان دەگرنە ئەستۆ)!
لەو پەڕەگرافەدا، باس لە بابەتێکی گرنگ دەکات کە وابەستەیە بە ژیانی ڕابردوی نێوان (باوک) و (کوڕەکان)، بە مانایەکی دی، ئایا تاوانی باوک وەک مۆرێک دەلکێت بە ناوچەوانی کوڕەیەکەوە؟ ئایا باوکێک لە ڕابردودا تاوانێکی گەورەی ئەنجام دابێت کوڕەکەی دەبێت باجەکەی بدات! یاخود بەرگری لێ بکات؟ یان بێ گوێدانە پەیوەندی باوک بە کوڕەوە ڕاشکاوانە، ئازایانە، ئازادانە، بەرگری لێ نەکات و دان بنێ بەوەدا کە باوکی تاوانی ئەنجامداوە و تاوانباریی جەنگ بوە و بپیە ناچار نیە تاوانی ئەو بگرێتە ئەستۆ!؟
سەرچاوەی بابەتەکەیش لە زاری کەسێکی ئامادەبوی ناو کۆڕێکی ئەدەبی مەزنەوە دەردەچێت کە باس لە ڕاوبۆچونی کوڕە نازییەک دەکات کە وتویەتی ؛«لە سێدارەدانی باوکم بەجێ بوو»! ئەو کوڕەیش، ناوی(نیکڵاس فڕانک)ە،کە دەکاتە کوڕی گەورە بەرپرسێکی پێشوی نازی، بەڵام دواتر بە ھۆی تاوانکانەوە باوکی لە سێدارە دراوە، بەڵام کوڕەکەی کاتێک گەورە بوە و بوە بە نوسەر کتێبێکی بڵاوکردەوە کە بە ھۆیەوە ھەراوھوریایەکی زۆر گەورەی لە ناو فەزای ئەڵمانیادا دروستکرد.
کتێبەکەی لە ساڵی١٩٨٧، بەناوی (باوکەکە - The Father)بڵاوکردەوە، لەو کتێبەدا باس لە ھاوبەشە تاوانی باوکی دەکات کە وەک نازییەک لە تاوانەکانی نازییەکانی سەردەمی ڕایخی سێھەمدا بەشدار بوە. ئەمەیش دەبێتە یەکەم کوڕە بەرپرسێکی نازی لە مێژودا کە بەوجۆرە ڕەخنەی توند لە باوکی بگرێت و دان بنێت بەوەدا کە تاونباری جەنگ بوە، ھەربۆیە دەڵێت؛ لە سێدارەدانی شایستە بوە و بۆیە بە ھیچ جۆرێک من تاوانەکانی باوکم ناگرمە ئەستۆ!
لە کۆتاییدا، خوێنەر لە خۆی دەپرسێت ئایا مرۆڤی لەوجۆرە ئەسڵەن بونی ھەیە! بونی ماوە کە بتوانێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی باوکی نەکات!
شــادمان مـحەمەد