لە بەرامبەر پرسی ئیسلامی سیاسی، نەتەوە پرسێکی لاوەکییە - 1
11/05/2023
لە بەرامبەر پرسی نەتەوە، زانست لاوەکییە
بەشی یەکەم
ناونیشانی یەکەم: ئیسماعیل بێشکچی، گەورە بیرمەندی تورکی هاوسۆزی کورد، بە ناونیشانی یەکەم وەڵامی دەدراییەوە لەلایەن هەرچی دەوڵەت و زانکۆ و دادگا هەبوو کە بە بەردەوامی بێشکچی پەلەکێش دەکرایە بەردەمیان لە مەڕ هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی مەژاری کورد لە تورکیا. بێشکچی بڕوای وابوو ناوەندی لێکۆڵینەوە ئەکادیمی و زانستییەکان دەتوانن ڕوڵی گرنگ ببینن لە گەیاندنی ئارێشەی مافی کورد و نەتەوەکانی تر بە چارەسەرێکی ڕێشەیی. دەنگی ئەو بە هاوار و هەوڵدانی بەردەوام بۆ سڕکردنی هەوڵەکانی بەرپەرچ دەدراییەوە، هەمیشە پێ دەگوترا “ لە بەرامبەر پرسی نەتەوە، زانست لاوەکییە”، مەبەستیان ئەوە بوو لە ئاست باڵابوون و سەرخستنی ڕەوتی ( تۆڕانیزم، ڕەگەزپەرستی تورکی و پاشان ئەتاتورکیزم/کەمالیزم) هەر پرسێکی دی، و بەتایبەت کورد و هەوڵدان بۆ بە زانستی کردنی مەژارەکە، کوفرێکی گەورەییە. بێشکچی دەیڕوانییە داهاتوو و دەیبینی چۆن ئەو ڕەوتە دەبێتە هۆی پەروەردەکردنی نەوەیەک گۆشکراو بە ڕەگەزپەرستی و دژە-کورد. ئیدی ئەوەی چەندین دەیەیە لە کوردستانی باکور دەیبینین، ئەو ئەنجامەیە کە بێشکچی لێدەترسا دژی کورد و دۆزەکەی پەرە بسێنێت.
ناونیشانی دووەم: پرسی نەتەوە و پاراستنی شوناسی کوردبوونێکی تەندروست لە ژێر گەورەترین مەترسی دایە لە باشوری کوردستان. گەر تەنها ئاوڕدەینەوە لە هەڵسوکەوت و وتار و گوفتاری پیاوانی ئایینی و بانگخوازی ئیسلامی تەنها لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک، دەبینین کە بە کلتورکردنی توندوتیژی و دەمامکردنی ئاکارە ڕەسەن و نەتەوەییەکانی کورد لە باشور بە سیمایەک هێندەی دووری هەسارەکان، دوور و نامۆ بە کورد، بۆتە پێشە و خەمی گەورەییان. حەتمەن ئەمەش بە پلان و ئەجیندای دەرکییە، ئەجیندای ئیخوانی و سەلەفیسزم. نزیکترین نموونە کە هەنووکەییە، پرسی هەڵبژاردنەکانی تورکیایە، گەر گوزەرێکی پەیج و ئەکاونتی هەندێ لەم بانگخواز و مەلایانە بکەی، دەبینی چۆن دژایەتیەکی ئاشکرا و توندی سەرکەوتنی کورد دەکەن لە باکور، نزا و پاڕانەوەییان بۆ ئۆردۆگانە تا سەرکەوێ. ئەوان کار لەسەر شێواندنی پارتی چەپی سەوز دەکەن بەوەی پاڵپشتی جەهەپە دەکەن دژ بە ئاگەپە، پارتەکەی ئۆردۆکانی فاشیست و دکتاتۆر و ڕەگەزپەرست و توندڕەوی ئیسلامی. دیارە لە نێوان جەهەپەیەکی ڕەگەزپەرست و دژە ئۆردۆگان، و ئاکەپەیەکی ئیخوانیبو توندڕەو و ڕەگەزپەرست و بەهەموو جۆرێک دژ بە کورد، پارتی چەپی سەوز باشترین بژاردەیان یەکدەنگی بووە لەگەڵ جەهەپە دژ بە ئۆردۆگان و ئاگەپە.
هەڵبژاردن هەر تەواو دەبێ، خەباتی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە باکور هەر بەردەوام دەبێ و بێوچانە ئەو هەوڵە ئیدی بە بەردنەوەی جەهەپە یان ئاگەپە بێت. ترسە گەورەکە لە داهاتووی باشوری کوردستانە، ئێستا نەوەیەک پەروەدە دەکرێت، ئەتک کردنی شوناسی کوردبوون و داماڵینی تاکی کورد لە ئینتیمای نەتەوەیی ئاکارێتی. تۆ بڕوانە کە شنگال و کچانی کوردی ئێزدی و لەلاشەوە کچانی و کوڕانی کوردی موسڵمان ڕۆژئاڤای کوردستان کە لەسەر خاک و پاراستنی نیشتمان بەشێک شەهید و بەشێک بە کویلە دەکران، مزگەوت و نەخۆشخانە دەڕما بەسەریاندا لەسەر دەستی داعشی نەگریس و تورکیای فاشیست، کەچی هیچ کام لە ئیخوانیە سەلەفییە بێ مروەتانە نەهاتنە دەنگ و بە هەمان جەرگ سوتانین بۆ قودس و غەزە. ئەوان فرمێسکی نەیارانی کورد دەیانهەژێنێ، لێ فرمێسکی منداڵی کوردی سوتاو بە ناپاڵمی تورکی و قیژەی جەرگی دایکی شەهێدێکی شەرڤانی موسڵمانی کورد لای ئەوان مەسەلەیەک نییە.
بەدوایدا دێ ئەم باسە. بەشی دووەم بۆ باسکردنی ڕوڵی کورد دەبێ لە دروستبوونی ڕەگەزپەرستی و توندڕەووی دژی بە دۆزە ڕەواکەی خۆی.