بەرامبەر پرسی نەتەوە، زانست لاوەکییە

14/05/2023

: زیا گۆکئاڵپ وعەبدوڵڵا جودەت 

ئاڤان رەفیق شوانی
بەرامبەر پرسی ئیسلامی سیاسی، نەتەوە پرسێکی لاوەکییە: عەلی قەرداغی و سەید ئەحمەد پێنجوێنی
بەشی دووەم و کۆتایی
ناونیشانی یەکەم:
یەکێک لە مەینەتییە پڕ ئێشەکانی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە ڕۆڵەی خۆی، لەدایکبووی زێدی نیشتمانەکەی خۆی ببێتە ئەو دوژمنەی ئامانجی ئەوە بێت نەتەوەکەی قڕ بکات. لێرە باس لە ڕایسزمی تورکییە، یاخود کەمالیزم و ئەتاتورکیزم. دەستم سڕە کە ئەم دێرانە دەنووسم، ئارەزووم دەکرد ئەم بەشەم پەڕاندایە، لێ چار نییە جگە لە باس کردنی حەقیقەتە تاڵەکە، ئەوەش کە دوو لە کۆی سێ داهێنەرانی کۆمەڵناسی تورکی و  خوڵقێنەرانی رایسزمی تورکی و دژە کوردبوون، بە ڕەچەڵەک کوردن، زیا گۆکئاڵپ وعەبدوڵڵا جودەت. ئەم دوو زاتە، یەکێک بوون لە دامەزرێنەرانی حزبی ئیتیحاد و تەرەقی، و پاشان برەویان بەو پارتە دا ئەتاتورک بێنێتە کایەوە، کە سەرەتای دروستبوونی ڕەوتی توندڕەوی و باڵابوونی ڕەگەزی تورک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت،کە تا سەر ئێسقان دژە کورد و مافی هەر نەتەوەیەکی دی بوو لە تورکیا. ئیسماعیل بێشکچی، کە چووە زانکۆ، بابەت و مەنهەجی هەڵقوڵاوی ئەم دوو زاتە دەخوێندرا، بە هاوشانی لەگەڵ کۆمەڵناسی سێیەم،  یوسف ئاکجۆرا کە بە ڕەگەز تورک بوو ، ئەم سییانە بوونە سێکوچکەی دامەزراندنی توندڕەوی تورکی. بێشکچی، هەر زوو درکی بە ترسناکی زانستی شوێندروای سەر دەستی ئەم کۆمەڵناسانە کرد، بۆیە، بڕیاریدا کە ئەو ببێتە دەنگێکی دلێری بەرانگاربوونەوەی ئەو ڕەوتە، ئەو سێ کۆمەڵناسە بکوژێت، کوشتنێک بەو مانایەی بەرهەڵستکردنەوەی نەهج و پەیڕەویان بێت بە تیۆری. ئەم دەنگە یەکسانخوازە دادپەروەرەی بێشکچی بووە هۆی دوورخستەوەی لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و زانکۆ و دەرگای بە ڕوودا داخرا، بە بەردەوامی پەلەکێشی دادگا و زیندان دەکرا. لێ بۆ هەتایە ناوێکە بە پیرۆزییەوە لە مێژوو دەمێنێتەوە بۆ هەڵوێستە پڕ مرۆڤدۆستانەی وەک داکۆکیکارێکی جەسورانەی دۆزی کورد و مافی نەتەوەکانی دی لە تورکیا .
ناونیشانی دووەم:
ئیسلامی سیاسی بە جۆرێک دەیەوێت کورد و پرسی نەتەوەیی بکاتە قوربانی ئەجینداکەی، بە ڕادەیەک هاوشێوەی زیا گۆکئاڵپ وعەبدوڵڵا جودەت کە خوڵقێنەر و پاشان ئینتیمای تەواویان بۆ ڕەوتی رایسزمی تورکی و کەمالیزم بوون، هەموو کارێک دەکەن بۆ خزمەتی دوژمنە سەرسەختەکانی کوردە لە ڕابەرانی ئیخوان و سەلەفییەکان، کرنوشیان بۆ دەبەن. باس لە نموونەی عەلی قەرەداغی سەرۆکی دەستەی زانایانی ئیسلامی جیهان و سەید ئەحمەد پێنجوێنی سەرۆکی لقی کوردستانی زانایانی ئیسلامی جیهان دەکەم. من ناگەڕێمەوە سەر نموونەکانی هەڵوێستی دژە کورد و دۆزیی نەتەوەیی ئەم دوو زاتە لە چەند ساڵی ڕابردوو، چونکە نموونەی ئێستا و زیندووم هەیە. بەر لە چەند ڕۆژێک ٦٦ کەسایەتی ئاینی ئیسلامی جیهان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە نزا و پاڵپشتی خۆیان دووپات کردەوە بۆ ئۆردۆگان و داوایان لە هەر هاوڵاتییەکی تورکی ئیماندار کردوە دەنگ بدەن بە ئۆردۆگان. لە سەری سەرەوەی لیستەکە، ناوی عەلی قەرداغی و سەید ئەحمەد پێنجوێنی دەبینی لەگەڵ مەلایەکی تری خەڵکی فارقینی باکوری کوردستان ئەنوەر فارقینی. من هیچ ناڵێم بەڵام ناکرێ تاکی کورد نابینا و نابیست بێت بەرامبەر بەم زاتانە، ناکرێ تۆ نموونەی هەڵوێستی نامەردانەی ئەمان بەرامبەر بە بەرخۆدانی شەڕڤان و گەریلا و پێشمەرگەی دڵسۆز لە پرۆسەی پاراستنی خاک و نیشتمان بەرامبەر بە دۆژمنێکی فاشیست و خوێنڕێژی وەک تورکیا و ئێران و داعشی نەگریس ببینی ، هێشتا تۆ پێت وابێت ئەم زاتانە ئیسلامێکی دڵسۆزی نەتەوەکەی خۆیانن. دەبێ ئارەقەی خەجاڵەتی بە روخسارمان بێتەخوار بەرامبەر مرۆڤدۆستێکی وەک بێشکچی و لەولاشەوە شەرمەزاری کە دەبینە شوێنکەوتووی قەرداغی و پێنجوێنی.
سەرکەوتن بۆ هەر ڕەوت و ئایدۆلۆژیایەک کە شوناسی کوردبوون و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی نیشتمان دەخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە. 
دەقی لینکی هەواڵی بەیاننامەکە لە کۆمێنت دادەنێم کە لە چەندین ویبەسایتە هەواڵی عەرەبی و  جیهانی بڵاوکراوەتەوە.