نرخاندنـی خود...
14/05/2023
- لە کارەکانتاندا، نرخی خۆتان و پاشان کارەکانتان بزانن...
- گەر لە ھەر کارێکدا باش بون، یاخود بەھرەتان تێیدا ھەبو، یان شارەزایی، ھیچکات ئەو کارە بێ بەرانبەر و بە خۆڕایی مەکەن.
وتەی - جۆکەر - فیلمی سوارچاکـی تاریکـی
نیچە دەڵێت؛ لە بەخشیندا منەت دابنێن... جا منەتەکە مادیی بێت، یاخود مەعنەوی، بە تایبەت منەتدانان بە پارە!
زۆر بە کورتی: دیاردەیەکی ناخۆش، نادادپەروەرانە، سواو و دوبارە و بێ ڕێزانە لە ناو میللەتی کوردا و زۆرێک لە میللەتانی تری جیھاندا ھەیە و زۆریش باوە، بەڵام ڕەنگە لە ناو میللەتی ئێمەدا بەھۆکاری ھەبونی بۆشایی یاسایی و بەڵێن و نەبونی گرێبەستی یاساییانەی کۆنکرێتانە، یاخود حساب نەکردن بۆ پابەند بون بە ناوەرۆکی گرێبەستی کار و مەزاجئاسا کاریگەری زۆری خراپتری ھەبێت و دروستکردبێت؛ ئەوەیش بەشێکی وابەستەیە بە کەم تەماشاکردنی ئەو کارانەی، ئەو ھەوڵانەی کە مرۆڤێکی ڕەوشت باڵا، بە ویژدان، ئارامگر، بە خۆڕایی و وەک بەخشین دەیبەخشێت بە بەرانبەر، ئیدی بەرانبەرەکە مرۆڤ بێت، یاخود دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان بێت.
لە ڕاستیدا، مرۆڤ کاتێک کارێک بە خۆڕایی بە بەرانبەر دەبەخشێت، لە خۆوە مرۆڤەکانی تر گومانی خراپی لەسەر دروست دەکەن، گومانەکەیش ئەوەیە؛ یان کارەکەی دەخەنە قاڵبی بە گەوج دانانەوە، یاخود بە گێل دانان و گەمژە بینین و بە موحتاجبونی کەسە بەخشەرەکە بەو کارەکە! ھەربۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مرۆڤە بەکەرامەت و شەرمنەکان و شەرەفمەند و بەڕێزەکان و سەنگینەکان زۆرکات و بە زۆریی بەش خوارو دەبن، بەتایبەت لە ڕوی (ماددیەوە - پارە و پول)ەوە، کە بناغەی ھەمو کارێکە.
یانی بۆ نمونە، کە ئەمە زۆرمان پێیدا ڕۆیشتوین، کاتێک کەسێک کارێک بۆ جێگەیەک دەکات، یاخود بۆ کەسێک، یان بۆ لایەنێک، کۆمپانیایەک، کەناڵێک، دەزگایەک، ئیدی ھەر جێگە و شوێنگەیەک، دەبینین گەر کەسەکە تۆزێک شەرمنۆکە بێت، ئەخلاقبەرز بێت، بڕوا بکەن ڕێک حەق خوراو و گورگان خواردنی دەکەن، ھەربۆیە تکایە ئیدی دەستبەرداری ئەقڵیەت و کاری خۆبەخشی و خۆڕایی ببن و واز لە پەتای (شەرمکردن)بھێنن، چونکە لێرە ھەتاوەکو داوای ماف و حەقی خۆت نەکەیت، شەری بۆ نەکەیت، بڕوا بکە نەک مافت نادەن. بەڵکو قەرزارباریشت دەکەن و پێت دەڵێن؛ خۆی نەیویستوە! یان پێویستی پێی نیە! خۆی حەزی لە پارە نیە! پارەی ناوێت! ھھھھ ئاخر کێ پارەی ناوێت! مەگەر مرۆڤی مردوو؟ ھەربۆیە تکایە چیدی کار بە خۆڕایی مەکەن چون ھەمیشە کەسانێک ھەن پەردەی شەرمنیان دڕاوە و ئەو حاڵەتانە بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن و مافەکەی تۆیش حەپەلوش دەکەن و ئەوجا بە گەوجیشت دەزانن! بۆیە گەر خاوەن ھەر بەھرەیەکی ھونەری بویت؛واتا؛ ھونەرمەندیت، شیکەرەوەیت، ئامادەکاریت، دەرھێنەریت، موزیکزانیت، نوسەریت، وەرگێڕیت، ئیدی خاوەن ھەر کەسایەتی و پیشەیەکیت کاتێک دەبێتە میوانی شوێنێک، جێگەیەک، کەناڵێک، میدیایەک، ھیچکات بە (خۆڕایی) مەچۆ! یاخود ھەر مەیکە و مەچۆ، چونکە کەسانێک ھەن لە بری تۆ و لەسەر بەھرە بچوکەی تۆ پاروی گەورە دەخۆن و قوت دەدەن. ھەربۆیە ھەوڵبدەن؛ نرخ بە خۆتان و پیشەکەتان و بەھرەکانتان بدەن و دەستبەرداری دیاردەی ھەر کردەیەکی خۆڕایی ببن، چون زۆر بە (ھەرزان و چیپ)تەماشات دەکەن.
لە کۆتاییدا؛ مرۆڤ دەبێت سنوری چاکەکانیشی بزانێت؛ واتا؛ لەگەڵ کێیدا دەیکات؟ بۆ کێی دەکات! لە پێناو چیدا دەیکات! چونکە ھەمو کەس پێی خۆشە بە چاکەکەی بزانن، جا مەعنەوی بێت، یان ماددی، بەڵام زێدەریکردن لە چاکە و باشەدا بە لای منەوە دواجار بە خراپ و زیان بەسەردا دەشکێتەوە. وە ئەزمونیش ئەوەی سەلماندوە زۆرێک لە مرۆڤە (بێڕوەکان) کە زۆرترین ڕوییان ھەیە، دەستکەوتی ماددیان زۆرتر بوە بەروارد بەوانەی یەک ڕو بون و ھەمیشە یەک ڕوی راستەقینەیان ھەبوە، ھەربۆیە تکایە ...تکایە... نرخ بە خۆتان و بەھرەکانتان بدەن، با ئیتر خەڵکە قۆراخکار و ھەلپەرست و بێشعورەکان وەک جاران مافەکانتان حەپەلوش نەکەن...
شـادمان محەمەد