میدیای نەخۆش و لەفەڕکەوتوو٭
14/05/2023
ئاریان ئەحمەد
ئاشکرایە میدیا بەگشتیی و وەزیفەی گەیاندن لەو کایە و بوارانەن کە بونیان وابەستەو پەیوەندیدارە بەپلان و سیاسەت و ستراتیژیەتێکی ئامادەو پێشوەخت، کە بوونی ئەم ناوەندانە بەپێویست دەکاتە ئامادەگیەکی پاشکۆو زمانحاڵ. بۆیە هەر ڕۆڵ بینین و جوڵەیەک کەلەمیدیایەک ئەوەشێتەوە، بەمانایەک لەماناکان بەجێگەیاندنی خواست و داوایەکی لەپێشترو ئامادەیە.
ئەگەرچی سروشت و کارکردی میدیا زۆرجار ئەم ڕۆڵ بینینە جێبەجێکەرەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەم سروشتەی ناکرێت بەدەربێ لەبیرکردنەوەی ڕەخنەیی یاخوود وەها تەماشای بکەین کە بێگوناهانە تەمسیلی شتێک ئەکات کە ڕودانەکەی نیشتەجێی ئامادەیی بوون بە قوربانی خۆیەتی و لەڕەخنەو بەپرسکردنی ببورین. تا ئەو شوێنەی پرسی کاری میدیایی ئەبێتە سەکۆی گەیاندن و بەشدارێکی گرنگی ڕەوشتیانە بەنیسبەت خستنەڕووی دیاریدەو حاڵەتەکانی پەیوەند بەچاکەی گشتی، دەرکەوتەو ئامادەگیەکە قبوڵکراوو شیاوی ڕێزلێگرتنە، بەڵام ئەگەر میدیا ڕۆڵەکەی بوو بە بەشداریی لە پرۆسەیەکی قێزەونی فریوکارانەو مەودایەک بۆ بەبازاڕکردن و دروستکردنی هەواڵی ئاستنزم و لەفەڕکەوتو.
ئەوکاتە شیاوی فەرامۆشکردن و بایکۆتکردنە، بەتایبەت ئەم فۆرمە لەکاری میدیایی چ لەئاستی زمان و پێش مەرجەکانی مەعریفەیەکی زانستی و ڕۆشنبیری بە کاری میدیایی، کڵۆڵ و ئاستخراپە. لەدیدی ئەم فۆرمە لەکاری میدیایی زەمینەی ناهوشیاری باشترین هەل و مەرجە بۆ گەشەسەندنی ناڕەسەنانەی بوونی و بەر دەوامبوونی ئامادەگی مشەخۆرانەی. سەرەنجی کاری میدیایی ئەم ناوەندانە پتر مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕووکاری دەرەوەی دیاریدەو گرفتەکان، بەبڕێک بەکارهێنانی زمانی ڕەوانبێژی دوبارەو سواو کە پێی بەشدار ئەبن لەپرۆسەی دروستکردنی هەواڵی ئاستنزم و ناپێویست. ئەڵبەتە پێویستی ئەم هەواڵ و وروژاندنە ئەبێتە نیشانەو دیاریدەیەک کەئەتوانین خودی ئەم دەزگایانەو سەرچاوەکانیانی پێبخوێنینەوە. لەلایەک وەک قوربانی تەماشایان بکەین، لەلایەک وەک بەشێک لە دەرهاوێشتەو نیشانەکانی هەل و مەرجێکی نەخوازراو سەیریان بکەین کە بوونیان ئەخاتە ژێرقورسایی پرسیارو تێڕامانەوە.
ڕەهەندێکی تری ئەم فۆرمە لەکاری میدیایی ئەو نەرجسیەتەیە کە لە رەفتار و دەروونی کارەکتەرەکانیا هەیە، بەتایبەت کە تێگەیشتنێکی ساختەیان بۆ وێنەو پێگەی خۆیان هەیە.ئەو نیگاو تەماشا زاتیە لەکارەکتەری خۆیان نیشانەی نەخۆشی و بیماریەکی تری ئەم ناوەندانەیە لەکاری میدیا. ئەمەش بەئاشکرا لەنواندن و بەکارهێنانی زمانی ڕەوانبێژانەو سەفسەتانەیان بەدیئەکرێت،لەمامەڵەیان لەگەڵ ئەوانیتر.
ئەگەرچی ئەم تایپە لەکاری میدیایی بۆی گرنگ نیە لەڕووکاری دیاریدەکانەوە بنکۆڵکاریی هزری بکات بۆ گەیشتن بەجەوهەری کێشەکان، لەهەمانکاتدا هەنوکەییبوونی خۆی دەرخەری جەوهەرێکی وێران و ناواخنێکی شپرزو لەفەڕ کەوتووە. کولتووری زمانەوانیی ئەم تایپە لەمیدیا زیاتر بەدەوری ویستی فریودەرانەو ختوکەدان و لێڵکردنی ڕەگی کێشەو دیاریدەو دەرکەوتەکاندا دەڕوات. کارکردن بۆ وەها میدیایەک لەو دۆخ و فەزا شپرزو شێواوە ئەگەر چی زەمینەدارەو ڕەخساوە. بەڵام سەرەنجام ڕەخنەی جدی و هوشیاری ڕیشەیی لەم یاریە بەئاگادێ و هیچ هەواڵ و حەرفێکی ساختەیان لێ ناکڕێ.
* فۆرمێک لەگەیاندنی هەواڵ؛ وەک سەمپتۆم و دەرخەری دیاریدەی بێ بازاڕی کاری میدیایی.