حەسەن کامکار.. باوکی مۆسیقای کورد
15/05/2023
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
ـــ سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوو، پیاوێکی گەنج لە شاری سنە بۆ ئەوەی مۆسیقا و ئاوازی کوردی ببوژێنێتەوە. سەری بە دەرگای هەموو مالێکدا دەکرد کە ئەگەر منداڵێک یان دەنگخۆشێکیان هەیە بینێرنە لای.
ـــ زۆر نابات ئەم پیاوە دەبێتە مەدرەسەیەکی بەناوبانگ و دەیان دەنگخۆش و هونەرمەندی گومناو لەخۆی کۆدەکاتەوە. ئەو پیاوەیش حەسەن کامکار بوو.
ـــ کەم گۆرانییبێژ و هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵات هەیە کە ئەگەر بۆ رۆژێکیش بووە شاگردی بەردەست حەسەن کامکار نەبووبێ.
ــ ساڵی 1923لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە
ـــ سەرەتا بە حەسەنە سوور ناوبراوە، پاشان نازناوی کامکار دەبڕێ بەسەر بنەماڵەکەیدا.
ـــ دەوترێ هەر لە منداڵییەوە بەهرەی مۆسیقازانی تێدا دەرکەوتووە، بەڵام ئەوکاتانە کوردستان هیچ ناوەندێکی مۆسیقیی تێدا نەبووە.
ـــ لە تەمەنی 13ساڵاندا حەسەن کامکار دەچێتە مەدرەسەی سەربازیی تا لەوێ فێری مۆسیقا ببێ چونکە لەو کاتەدا تەنیا مەدرەسەی سەربازیی ئامێرەکانی مۆسیقای تێدابووە.
ـــ حەسەن کامکار وەک تکاکردن لە خەڵک بانگێشتیان دەکات تا ئاوازی کوردی گەشە پێبدەن و لە فەوتان بیپارێزن.
ـــ سەرەڕای فێرکردنی ئامێرەکانی مۆسیقا، توانیویەتی ٤٠٠ میلۆدی و ئاوازی کوردی بە نۆتە بنووسێتەوە. کە ئەمە بە یەکێک لە بەنرخترین کارەکانی دەژمێردرێ،
ـــ حەسەن کامکار چونکە بۆ خۆی لە مەدرەسەیەکی سەربازییەوە فێری مۆسیقابووە، دەوترێ خاوەن دیسپلینێکی سەیربووە لە پێگەیاندنی هونەرمەندانا.
ـــ بێژەن کامکاری کوڕی لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت: باوکم زۆر دیکتاتۆربوو!
ـــ حەسەن کامکار بێ ئەوەی بانگەشەی ناسیۆنالیستی کردبێ، بەڵام بە یەکێک لە خزمەتکارە هەرە بەناوبانگەکانی کورد لە سەدەی بیستدا دادەنرێت.
ــــ سەرەڕای زیندووکردنەوەو گەشەپێدانی ئاواز و مۆسیقای کوردی، بوویە دامەزرێنەری مەدرەسەیەکی مۆسیقیش کە لەسەر ئاستی ئێرانێکی دەوڵەمەنددا حسابی زۆر بۆ هونەرەکەی کامکار بکرێت.
ــــ ساڵی 1992حەسەن کامکار لە تەمەنی 69 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ـــ تاقە کچ و حەوت کوڕەکەی، بوونەتە بەناوبانگترین گروپی مۆسیقا و گۆرانیی لە تەواوی جیهاندا.. گروپی کامکارەکان