براکانی لەیلا

15/05/2023

د. ڕێبین ئەحمەد رەشید
من بەسروشت کەم تەماشای فیلم دەکەم، بەڵام پێم وایە هیچ فیلمێکی خراپ بوونی نییە. بە گرنگییەوە پێشنیاری تەماشا کردنی ئەم فیلمە دەکەم، چونکە ئاوێنەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆمان.
 "براکانی لەیلا" فیلمێکە لە ژانەری درامی،  براوەی خەڵاتی Fipresci prizeی کانی فەرەنسییە. لەیلا کچێکی 40 ساڵانە کە هێشتا شوی نەکردووە، چوار برای هەیە و برایەکیشی پێشتر مردووە. باوکی لەیلا پیرەمێردێکی تریاکییە، نیشانەکانی ئاڵزایمەری تێدا دەرکەوتوون. هەرچی دایکی لەیلایە ژنێکی نابەرپرسیار و خۆپەسەندە، لەپێناو مانەوەی خۆی لەو ماڵە شەقوشڕەی پیرە ئیسماعیلی مێردیدا قوربانی بە مناڵەکانی دەدات. براکانی لەیلا یەکێکیان کرێکاری کارگەیەکە و بەهۆی گەندەڵییەوە کارگەکەی دادەخرێت و لەکار دوور دەخرێتەوە، یەکێکی دیکەیان پاککەرەوەی ئاودەستخانەی مۆڵێکە، یەکێکی دیکەیان بێکار و ئەوەی کۆتاییش سەرسەری و ڕێگر و دزە. هەژاری و نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و نابەرپرسیارێتی دایک و باوک دەرحەق بە منداڵەکانیان شیرازەی خێزانەکەی پیرە ئیسماعیل تارومار دەکات. لەیلا لەنێوان ئازاری نابەرپرسیارێتی دایک و باوکی لەلایەک و بێکاری و ئازار و بێباکی براکانی لەلایەکی دیکەوە بەردەوام گینگڵ دەخوات. گرانی، هەڵاوسانی ئابووری وڵات، حەزی باوکی لەیلا بۆ بوون بە سەرداری خێڵ، خۆپەرەستی دایکی لەیلا، عاتیفی بوون گەمژەیی، گەلحۆیی و ساختەچێتی چوار براکە ڕۆژ دوای ڕۆژ برینەکەی لەیلا قوڵتر دەکەنەوە و زیاتر خوێی تێدەکەن.
لەیلا چیرۆکی قوربانیدانی کچێکە کە لەنێوان دووبەرەدا دەسوتێت، بەرەی دایک و باوکێکی خۆپەسەند و نابەرپرسیار لەلایەک و بەرەی چوار برای بێکار و نەدار و قوڕبەسەر و بەدبەخت لەلایەکی دیکەوە. من لەوە زیاتر فیلمەکە سپۆیڵ ناکەم، لێرەدا دەمەوێت خوێندنەوەیەکی سەرپێیی بۆ دۆخی دەروونی لەیلاو براکانی بکەم لە تێگەیشتنی ئازاردا. لینیک فیلمەکە لە کۆمێنت دادەنێم، کە تەماشات کرد جارێکی دیکە ئەم نووسینە بخوێنەرەوە.
🔹چی لە خەم و ئازار بکەین؟
گەورەترین کێشەی ماڵی لەیلا لە ڕووە دەرونزانییەکەیەوە بە بۆچوونی من شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیانە لەگەڵ ئازار و خەمدا. بەدبەختی لەیلا و براکانی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە نازانن چی لەو هەموو خەم و ئازارە بکەن. لەیلا تێگەیشتووە لەوەی دەشێت دەریچەیەک هەبێت بتوانێت هەموو ئەم ئازارانەیان بۆ بگۆڕێت بۆ خۆشی، ئەو نایەوێت بەرگەی ئازار بگرێت بەڵکو دەەوێت هۆکاری ئازارەکە بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات، بەڵام دایک و باوک و براکان نایەڵن ئەم گەورەکچە بگاتە ئەو دەریچەیە. 
یەکێک لە براکان لە ئازار ڕادەکات، یەکێکی دیکەیان هەر لەسەرەتاوە  هەست بە خەم و  ئازارەکە ناکات و ئینکاریی دەکات، یەکێکی دیکە دەیەوێت ئازار قەبوڵ بکات و تێیدا بژی، بەرەی بگرێت بەڵام نایەوێت لێی تێبگات، لەناویدا مەلە دەکات. دایک و باوکیش دیارە لە دونیا شێواوەکەی خۆیاندا دەژین و چاویان لە کچێکی قەیرە و چوار برای بێکار نوقاندووە.
دکتۆر کارل گۆستاف یۆنگ لەباسی خەم و ئازاردا پێی وایە شتێک نییە بەناوی خەمباری نۆرماڵ، خەمباری هەمیشە بیماری و نەخۆشییە Pathologicl ە. ئێمە لەوێدا لێمان تێک دەچێت کە ئازار و خەمباری یەکسان دەکەین. ئازار سیستمێکی پارێزگارییە بۆ ئەوە دروستبووە من و تۆ چالاکتر و ئاگادارتر و هۆشیارتر بکاتەوە نەک دەستەوئەژنۆ داماننیشێنێت و بەناوی سەبر و تەحەمولکردنەوە پاسیڤ ودەردەدارمان بکات، توشی خەمۆکی و داڕزانی دەروونیمان بکات.  یۆنگ بۆچوونی وایە ئێمە نابێت بەرگەی ئازارەکان بگرین بەڵکو دەبێ لێیان تێبگەین، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان بەرگەگرتن و تێگەیشتن هەیە.
بۆ تێگەیشتن لەئازار واباشە تەماشای ئەم نمونەیە بکەین: کەسێک کە شەکرەی هەیە و هەستەدەمارەکانی لە پەنجەکانی قاچیدا دەمرن، ئیدی هەست بە ئازار ناکات بەڵکو بەرگەی دەگرێت، کاتێک شتێکی تیژ و پیس دەچەقنە قاچی ئەم بەرگەی دەگرێت و هەستی پێناکات، ئەم نەمانی هەستە دەقیق پاسیڤبوون و بەرگەگرتنی قاچەکە نیشان دەدات بۆ ئازار، بەردەوام ڕوودانەوەی ئەم تێچەقینە کۆتایی قاچەکە بە گانگرین و بڕینەوەی دەهێنێت. لە بەشە دەرونییەکەی مرۆڤیشدا  سیستمەکە هەر بەم شێوەیە کار دەکات، کاتێک ئێمە بەرگەی ئازار دەگرین و تەحەمولی دەکەین، ئازار دەگڕین بۆ خەم، ئیدی وردە وردە خەم و خەمۆکی شوێنی هەستە ئازارەکان دەگرنەوە و چیرۆکەکەمان بە دەردی قاچەکە بە تراژیدیا و گانگرین کۆتایی دێت.
هەستی ئازار لە من و تۆدا چێندراوە تا لەم بڕینەوە و گانگرینە بمانپارێزێت، تێگەیشتن لە ئازار هەنگاوی یەکەمی ئەو ئاگادارییەیە کا ئازارەکە دەمانداتێ، تێگەیشتن لێی ئەکتیڤترمان دەکات تا خێرا ئەو شتەی تێمان چەقیوە لایبدەین پێش ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ هەوکردن و ڕەشبوونەوە و گانگرین.
لەڕاستیدا ئازارەکان هەموویان لەیەک جنسن چ دەروونی چ جەستەیی، ئەوانەی بەرگەی  ئازار ئازار دەگرن، لە جیاتی تێگەیشتن ئازار شیفت دەکەن بۆ خەم، دواتر دێن بەناوی ئارامگرتن و سەبرەوە دەکەونە عیشقبازی لەگەڵ ئەم خەمانەدا و وەک ماڵە داڕزاوەکەی لەیلا بە هەڵوەشانەوە و قەرزداری و تێکچون و گانگرین کۆتاییان دێت.
 ئێمە کە لە ئازارەکانمان تێناگەین، سروشت وجود ناچار دەکەین هەمیشە هەمان شتی دووبارەمان بەرامبەر بکەنەوە، لەهەمان بازنەی سواودا بمانسوڕێننەوە، تێگەیشتن لە ئازار واتە قەبوڵکردنی ئازار، قەبوڵکردن واتە ئاگاهی بۆ سەرچاوەی ئازار، ، ئاگاهییش یەکسانە بە گۆڕان و نەسوڕانەوە لەهەمان بازنەی ناسراو بە سەبرگرتن، بەرەگرتن و دواتر و مردندا. 
حەوت سەدە پێش یۆنگ مەولانا گوتی لە برینەکەت تێبگە، چونکە برینەکەت پەنجەرەیەکە  بۆ ئەوەی لێیەوە ڕوناکی بێتە ژوورەوە.
لەیلا دەقیق هەوڵیدەدا لەو برینە تێبگات کە ئەم دایک و باوکە خستبوویانە نێو ئەم ماڵەوە، بەڵام بێباکی و ناهۆشیاری براکان لەلایەک و عاتیفیبوونی برا عاقڵەکە بۆ باوکی لەلایەکی دیکەوە لەمپەریان بۆ لەیلا دروستدەکرد تا نەتوانێت ئەو چەقۆ پیسە دەربهێنێتەوە کە لە سەر دڵی خانەوادەکەی چەقیبوو و ئەم دەیبینی. لەیلا ژنێکە لەم فیلمەدا دەتوانێت باشتر لە پێنج پیاوی دنیادیدە بیر بکاتەوە، لە ئازار تێبگات و چارەسەریشی پێبێت بۆی، بەڵام نە دەستاڕی گەردوون، نە چەرخی فەلەک و نە ویست و ئیرادەی براکان یارمەتیدەری نین، نەک هەر هاوکاری ناکەن دەبنە لەمپەر لەبەردەمیشیدا و ئازارەکانیان دەکەنە خەم و دەیانلێسنەوە، پێیان وایە بەرگەی ئازار گرتن، بەدبەختی و بێچارەیی شتێکی موقەدەس و پیرۆزە، لە ئەزەلەوە بەبەری ئەمان دووراوە نابێت ئەم کراسە شومە لەبەری خۆیان دادڕن، ئامادەی قوربانیدان نین، ئازار و خەمیان تێکەڵ کردووە.