تەلارو شەقامەکان پێویستیان بەعەقڵە
16/05/2023
هەژار سدیق
لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان 1914–1918 ژاپۆنیەکان، دەڵێن پێش جەنگ تەلاری بەرزو جادەی پانو پۆڕی زۆرمان دروستکرد، بەڵام لەدوای جەنگو وێرانبونی وڵاتەکەمان، ئینجا زانیمان کەچ هەڵەیەکمان کردوە.
(دەبوایە پێش دروستکردنی تەلارو شەقامەکان، عەقلمان دروستکردبایە بۆ ناو تەلارەکانو سەرشەقامەکان). باشوری کوردستانیش وەك هەرێمێکی دەستوری لەناو عێراقدا، سیخناخ بوە بەتەلاری بەرزو شەقامی پانوپۆڕو مەزرەعەو باخی بێبەرهەمو فەوجو لیوای شەڕنەکەرو مزگەوتو زانکۆ بۆ لێکدانەوەی خەونەکانو تەرخانکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بۆ نزاکردن ئەو نەخۆشانەی کە لەنەخۆشخانەکاندا بەزەبری دۆلار چارەسەردەکرێن، بەڵام دیارنییە، کەی وەکو ژاپۆنیەکان ئەم شوێنە بەتاڵانە پڕدەکەین لەعەقڵو لۆژیك، نەوەکو دوعاو نزای خێر.
بەداخەوە هەموو هێڵکاریەکی هاتوچۆشمان هەیە لەسەر شەقامەکان، بەڵام هیچ شوفێرێك پابەندنییە بەهێڵەکانی پەڕینەوەو یەکتربڕو لادانو وەستان، شوفێر حساب بۆ کەس ناکا، بەردەوام چاوسور دەکاتەوەو جنێو دەدات، تائەوکاتەی پۆلیسی هاتوچۆ دەبینێو ئینجا ئەژنۆی دەشکێتو دەکەوێتەسەر چۆك لەبەرامبەر نەدانی غەرامەیەکی بیست هەزار دیناریدا.
لەسیاسەتو ئیدارهدانی ململانێ سیاسیەکانیشدا، وەکو شۆفێری سەر شەقامەکان، عاشقی ئەزمەو قەیرانین، حساب بۆ کەس ناکەین (هەموو خەڵك لێمان دەپاڕێتەوە ناکۆك نەبینو ئەو نانەی هەمانە پێکەوە بیخۆینو تێکی نەدەین)، بەڵام بەقسەی کەس ناکەین.
چەندساڵ جارێك (دەیگەیەنینە مریشکە) ئینجا لەناوخۆبێت یان لەگەڵ بەغدا، ئەوەندە توندی دەکەین (دەشتی هەولێر دەکەین بەتونی بابا) تائەوکاتەی فەرمانبەرێکی (پلە پێنجی ئەمریکی) پێمان نەڵێ ستۆپ، ستۆپ ناکەین.