هەدەپە بێسەر چوە ناو هەڵبژاردنەکانەوە

16/05/2023

ئارام ڕەفعەت
هەدەپە بێسەر چوە ناو هەڵبژاردنەکانەوە
(ئەوەی لەجەنگ نەبێت شێرە)
ئەم چەند دێڕە پاساو نییە بۆ هەدەپە، بەڵکو وێناکردنێکی ئەو واقیعەیە کە هەدەپە تێیدا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد. هەدەپە لەدۆخێکی هێندە دژواردا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی تورکیای کرد کە هیچ پارتێک لەم جیهانە ئیرەیی پێنەبات. ئەو پارتە، بەبێسەرو بێ سەرۆک‌و سەرکردە ئەسڵییەکانی چوە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە.

دەوڵەتی تورک، گوڵبژێری سەرکردەکانی ئەو پارتەی کرد، هەرچی کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵگه‌ی کوردی ساڵانێکە خراونەتە زیندانەوە. هەدەپە بێ سەرکردە کاریزماکەی، دەمیرتاشی هاوسەرۆک‌و بێ 100 سەرۆک شارەوانى‌و حەوت هەزار ئەندامی هەرە چالاکی بەشداریی هەڵبژاردنی کرد.

دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنیش، هەموو ئەوانەی کە لەمیدیای ئەو حزبەدا کارییان دەکرد، کە زیاتر لە200 کادیری ڕاگەیاندن‌و پارێزەر بون، بەدەستەجەمعی دەسگیرکران‌و هێشتا لەزینداندان.

ئەوەی بەدەست هەدەپەوە مابوو بۆ ڕابەرایەتیکردنی حزبەکەو کەمپینی هەڵبژاردنەکان، چەند کادیرێکی ڕیزی دوەمی سەرکردایەتی ئەو حزبە بوو، لەبابەتی پەروین گوڵدان‌و مەدحەد سەنجار.

هەدەپە هەر بێسەرو سەرۆک لەهەڵبژاردنەکاندا نەبوو، بێ ناوو ناسنامەی خۆشی چوە هەڵبژاردنەوە. ساڵێک زیاترە، ئەم حزبە، بەقیادەو قاعیدەکەیەوە، ڕوبەڕوی گەورەترین جەنگی نەفسی بۆتەوەو تا سێ هەفتەش پێش هەڵبژاردن دۆسییەی داخستنی لەدادگای داگیرکەردا وەک جەنگی دەرونی‌و هەڕەشەیەکی جدی دژی ئەم پارتە بەکارهات. دواجار ئەم حزبە ناچاربوو بەناوێکی تری نەناسراوو نەخوازراوو نامۆ بچێتە مەیدانەوە.

هەر ئەوە نا، ئەو حزبە بێ سەکۆو بێ میدیاو بێ واجیهەو بێدەنگ‌و ڕەنگ چوە ناو هەڵبژاردنەکانەوە. یەک نمونەی زەق ئەم دۆخەی هەدەپە بەرجەستە دەکات. ڕۆژی 12ی ئایار، هەریەک لەئەردۆغان‌و کڵیچدارئۆغڵو لەیەککاتدا دوا پەیامی تەلەفزیۆنیان بۆ تورکەکان بڵاوکردەوە.

پەیامەکەی ئەردۆغان لە30 کەناڵی ئاسمانی هەرە ناسراوو زەبەلاحی تورکیاو پەیامەکەی کڵیچدارئۆغڵوش، تەنها لەیەک کەناڵ، کە فۆکس تیڤی، بوو بڵاوکرایەوە.

ئەی پەیامی هەدەپە؟
هەدەپە تەنانەت وەک جەهەپەو کڵیچدارئۆغڵو ئەو کەناڵەشی نەبوو، سەرکردەیەکیش نەبوو و بواریشی نەدرا دوا پەیامی بڵاوبکاتەوە.

سەرەرای ئەوەش هەدەپە، بەناسنامەیەکی تری نەناسراوو تاڕادەیەک نامۆو نەخوازراو، واتە پارتی چەپی سەوز، توانی پارێزگاری لەدەنگەکانی پێشوتری بکات. لەم هەڵبژاردنەدا هەدەپە توانیی بەڕێژەی 9.33% دەنگ 63 کورسی مسۆگەربکات. پارتی کاری تورکیش، کە لەهاوپەیمانی ڕەنج‌و ئازادی بەیەکەوە بون بەنزیکەی 2%ی دەنگ چوار کورسی بەدەستهێنا. واتە، بەسەریەکەوە، زیاتر لە11%ى دەنگەکانی هێناوە، کە هەمان ڕێژەی دەنگەکانی پێشوی ئەو حزبەن.

باسی وردە تاکتیک‌و پلانەکانی دەوڵەتی قوڵی تورک، لەزیندوکردنەوەی حزبوڵڵاو دابەشکردنی ترس‌و پوڵ بەسەر موختارو سەرۆک عەشیرەتەکان‌و بەکارهێنانی کارتی دینی ناکەم. بەڵێ، هەر حزبێکی تربوایە لەجێگه‌ی هەدەپە، نەک هەر لەتورکیا، لەهەر وڵاتێکی دیكه‌ى ئەم دونیایە، لەسەر نەخشەی سیاسی بۆ هەمیشە ون دەبوو، بەڵام هەدەپە مایەوە، بەهێزیش مایەوە.

لەکەشێکی ئازادو هاوسەنگدا، هەدەپە بەسەرکردە سەرەکیەکانی خۆی، بە100 سەرۆک شارەوانییەکەی خۆی دەیتوانی ببێتە تاکە دەنگی نەتەوەکەی. هەڵبەت، هەدەپە، لەغیابی سەرکردە کاریزماکانییەوە، کۆمەڵێک هەڵەی ستراتیژیش هەبوو، باسکردنی ئەو هەڵانەش بۆ کاتی خۆی.