وێرانکردنی شار و ژینگەی سلێمانی بوەستێنن..
17/05/2023
كاوە بێسارانی
نیشتمان پەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان تەنها بە درووشمی زەبەلاح و قسەی زل نیە بەڵکو بە دلسسۆزیە بۆ خاک و ژینگەی ئەو خاکە.
کەسایەتی سیاسی مێژوویی بە داگیرکردنی گەردەکانی شار نابێت، بەڵکو بە هەڵۆێستێ ئازایانە لە وێرانکردنی شار دەبێت.
من نامەوێ جارێکی تر بەراوردی ئەم هەرێمی بێ خاوێنە بکەم لەگەڵ هیچ شوێنکی تری جیهان، چونکە دوور نیە هەمو شوێنێکی تری جیهان باشتر و زیاتر ڕێز لە خاک و ژینگەیان ئەگرن.
ئەوەی کە ئەبێ سەیر بێت بەڵام لە ڕاستیدا سەیر نیە، ئەوەیە کە هەموو کۆمپانیە زەبەلاحەکان، کە شێوەیەک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن ئیتر ئایا قەیوان بێت یان نۆکان یان کار.... هتد وە هەموو بەشدارن لە تێکدان و کاولکردنی سرووشت و ژینگەی کوردستان.
لێرەدا باسی دوو پرۆژەتان وەک نمونە بۆ ئەهێنمەوە :
پڕۆژەی یەکەم :
پڕۆژەی "شاری ئارام" کە بریتیە لە شەش تاوەری گەورەی بیست نهۆمی نەک لەپەنا شاخی گۆێژە بەڵکو لە قەدی شاخی گۆیژە.
ئەبێ چ لیژنەیەک مۆلەتی ئەم پرۆژەیەی دابێت کە باش ئەزانێ تاوەری بیست نهۆمی بەتەواوی شاخی گۆیژە و ژینگەی شاخی گۆیژە وێران دەکات، تەماشای وێنەکان بکەن کە زۆری خۆم گرتوومە بزانن چ وێرانکاریەکی شاخی گۆێژە و ژینگەی ناوچەکەیە. ئەم پرۆژەیە کە بەشی گەورەی حزبی دەسەڵاتی تیا نەبێت، چۆن ئەتوانی ڕەزامەندی وەر بگرێت؟
پڕۆژەی دووەم:
یانەی شار لەناو پارکی ئازادی.
بەڵێ یانەی شار یەکێکە لە یانە کۆمەڵایەتیەکانی سلێمانی بەلام بۆ نوێکردنەوەی بۆچی دەبێت دوو دۆنم لە پارکی گشتی ببڕێت و بدرێ بە یانەی شار.
ئەوەی لەوە سەیرتر ئەوەیە کە لەو دوو دۆنم کەمتر لە چارەکێکی بۆ یانەی شارە، ئەوی تری کراوە بە رێستەورانت و مەسبەح و جیم Gym کە هەمووی موساتەحە دراوە بە کەسێکی بازرگان بۆ ماوەی بیست ساڵ.
ئێ نە ئەکرا یانەی شار لە شوێنێکی تر درووست بکرایەوە، بۆ نمونە لە سەرچنار، لە قەراغی ئاوی قلیاسان... هتد؟
ئەوە باسی پرۆژەکانی تر ناکەین وەک بەرزاییەکانی قەیوان کە لەسەر قەدی شاخی گۆیژە درووست کراوە وە دەیان پرۆژەی تر کە دوورن لە زۆر مواسەفاتی بیناسازی جوان.
گەر ئەمە وێرانکردنی موڵکی گشتی و ژینگە نەبێت، ئەی چی تر هەیە لەم کارەساتە ژینگەییە زیاتر وێران کەرو پڕ ترسناک بێت؟
تاکەی ئەم وێران کردنە بەردەوام دەبێت؟