ڕازی ئیسلام و بازی ئیسلامیزم!
17/05/2023
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
بەگوێرەی یاسا ئوسوڵییەکانی ئیسلام و دەقە سەریحەکانی قورئان ئەوەی خەڵک بێدین دەکات ئازادیی و دیموکراسی و مافەکان نین بەڵکو خورافەبازییە بەناوی دینەوە، ناعەدالەتییە بەناوی خوداوە، بێدەنگییە لەبەرامبەر زوڵم و ستەمدا و بەرگریکردنێکی کوێرانەیە لێی: "وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَّا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنكُمْ خَاصَّةً".
ئیسلامیزم وەک ئایدۆلۆژی دینی و لە ترۆپکی خۆشیدا وەک فاشیزمی دینی لەوێدا خراپە کە گەر دەسەڵاتدارەکە خۆی نەبوو هەمیشە خۆی مەزڵومە و دەسەڵاتدارەکەش طاغوت و کافرە، بەڵام کاتێک دەسەڵات وەردەگرێت یان کە بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتدا گرێدەدات ئیدی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دەسەڵات دەبێتە: تاکتیکی شەرعیی و خیلافەت "وەک ئەوەی ئیسلامی سیاسی"، وەلی ئەمر "وەک ئەوەی سەلەفی"، ئەمری واقیع و پاراستنی هێمنی و خەبەرنەکردنەوەی فیتنە "وەک ئەوەی سۆفییەکان ئیسلامی عیرفانیی نوێ" و دواجاریش تێپەڕاندنی زەمەنی غوربەتی دینی "وەک ئەوەی نوورییەکان" باوەڕیان پێی هەیە.
دیارە سیستمەکەش درێخی ناکات لەوەی بۆشاییەکانیان کەشف بکات و خاڵی لاوازیان دەستنیشان بکات بەوەی خەرجیی ئیسرافەکانیان دەکات، ڤێلاو خانوو و ماشێنی لەکژەرییان بۆ دابین دەکات، منداڵیان بە ڕیز بۆ دادەمەزرێنێت و منداڵی هەژاریش زەقەی چاوی دێت، موچەی مۆڵ و خانەنشینی قەبەیان بە یاسا پێدەدا و هەژارەکەش دەبێت باوەڕی بە نسیب و ڕزقی ئیلاهیی و کولەمەرگی ژیان هەبێت، ماشێن و لاندکروزەری گولەنەبڕیان دەداتێ و نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر باوەڕیان بەقەزا و قەدەری خودا و خۆشیان ڕۆژ تا ئێوارە زیقەزیقانە لەسەر ئەجەل و مردن و ڕزقێکی ئیلاهی بۆ ژیانی بژی و مەمرەی خەڵک، هەر ئەم سیستمە زۆر باش لە چڵێسی زک وبن زکیان تێدەگات بۆیە دێت ڕەواییەکی مودەبەر دەدات بە چڵێسییەکانیان و لەژێر ناونیشان و تۆخکردنەوەی باسە فیقهییەکانی وەک خۆشخۆری و شیکپۆشی و فرەژنیی "سوننەتی تەعەدود" و سازاندنی دیبەیتی بێمانا بۆیان لەگەڵ قەشمەرەکانی مافی ژنان و فیمینیزم سفرەکەیان بۆ پڕ لە موقەبیلات و خواردن دەکات تا ئینتەلا دەکەن و بەسەر یەکدا بێ پەروایانە دەڕشێنەوە . بۆ ئەم کارەشی ستۆدیۆ و زبڵدانی پترۆ-میدیا حەشاماتییەکەی خۆی وەک حەمامی موفتی بۆ داخ دەکات و لەپێناو گەرم هێشتنەوی باسە بێ مستەوا و تافیهەکەی فرەژنییدا ئەم دووبەرە بێ کلتوورە وەک کەڵەشێر لێک بەردەدات. دوازدەسەدە پێش ئێستا شافیعی گوتی:
قُضَاة ُ الدین قدْ ضَلُّوا فقد باتت خسارتهمْ
فباعوا الدين بالدنيا فما رَبِحَتْ تجارتُهمْ
لە کاتێکدا موسوڵمانی ئیماندار و ئەوەی ناودەبرێت بە زانای دینی وهەڵگری خەمی موسوڵمانان خۆی بە مەزهەری ئایەتەکانی "یاایها الزمل و یا ایهالمدثر" دەزانێت، کەم دەڵێت و کەم دەخوات و کەم دەەنوێت، لەبری چوار ژن زۆرجار کارەکەی و گرانی بارەکەی کارێک دەکە خۆی لە یەک ژنیش ببوێرێت، شەوقە ڕۆحانییەکەی وای لێدەکات زەوقی جیسمانی لەپێبکات و نادیدەدی بگرێت، بە پشتی دەستی هەموو دونیا و مەسرەفگەراییەکەی ڕەتبکاتەوە ئەگەر چی حەڵاڵ و موباحیش بێت ئەم نایەت بەناوی خوداوە مەشروعیەتی بداتێ، موحاسەبەی زاڵم لەسەر کوشتنی ئاژەڵێکی بێتاوان دەکات نەوەک فسفۆڕ و کیمیایی بکات بەسەر منداڵی بێتاواندا، موباحاتی عەوام بە حەرام دەزانێت نەوەک بێشەرمانە لەپێناو و هەوەسی خۆی ڕیکلامیان بۆ بکات و مارکێتینگ بۆ حەزەکانی خۆ لەژێر ناوونیشانی سوننەتدا بکات، خەڵک لە وەهمی دینییەوە بۆ حەقیقەتی دینی دەگوازێتەوە، نەوەک ببێتە بووق و سوورە بەرلەشکری کاربەدەستی سوڵتانی جائیر و بەناوی خوداوە تەزکییە و بەرائە زیمەی بۆدەربکات لەسەر مەسائیلی شوناسی و فاشیستی.
ئێمە دەبێت ئیسلام و ئیسلامیزم لێک جیاکەینەوە، وەک هەموو تەوژمێکی دیکەی نێو ساحەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی کوردستان ئیسلامیزمیش جوڵانەوەیەکی پراگماتی و بەرژەوەندی سەنتەرە نەوەک هەڵقوڵاوی سروشتیی نێو کۆمەڵگای کوردەواری بێت، ئەوەندەی تەوژمێکی هاوردەکراوی ئایدۆلۆژییە ئەوەندە پێداویستییەکی ئیمانی و دینداری نییە.
کێشەی ئیسلامیزم هەرگیز مەسەلەکانی کوفر و ئیمان و عەدالەت نییە، ئەوەندەی لەخەمی شوناسی دینی و ڕوکەشگەرایی دیندایە، هەر ئەم دیدە شووناسییە تەسکبینە کارێکی کردووە ئەمان زۆربەیان لەنێوخۆشیاندا یەکتری قەبوڵناکەن و تەکفیر و تەفسیقی یەکتر دەکەن.
ئەمڕۆ ئیسلامیزم و دابەشبوونیان لە جیهاندا کارێکی کردووە ئەوانەی شوناسی موسوڵمانێتییان هەڵگرتووە لەبری ئەوەی یاریکەرێکی حەقیقیی نێو کایە ژیاریی و سیاسییەکان بن و ڕۆڵێکی سەبجێکتیڤی ببینن تیایاندا، کراون بە بەیدەقێکی دەستی کۆمەڵێک دەزگای موخابەراتیی و ڕۆڵەکەیان زیاتر گۆڕاوە بۆ ڕۆڵێکی ئۆبجێکتیڤیی و بەیدەقی.
ئیسلامیزم و بێ سەنتەرییەکەی کارێکی کردووە ئەمڕۆ جوڵانەوە ئیسلامییەکان لەهەندێ شوێن کە بێ دەسەڵات وەک قوربانی دەربکەون و لەهەندێ شوێنی دیکە کە دەستیان لە دەسەڵات گیر بووە وەک جەللاد دەربکەون، گەڕانەوە بۆتیۆریای سیاسی عەقڵانی و ڕزگاربوون جوینەوەی وێنەی دووبارەی سەدساڵی ڕابردووی بەرچەکرداریی، تاکە هەنگاوێکە بتوانێت گەلانی ئەم ناوچەیە بخاتە سەر نەخشەی هێز و کاریگەری لە جیهاندا و ئیعتباریش بۆ موسوڵمانان وەک شوناسێکی گەورەی ئەم جیهانە بگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەوە بەهەمان سایکۆلۆژیای قوربانییەوە یان لێیان دەدرێ یان لە کۆمەڵگاکانیان دەدەن.