ئەمە كۆمەڵگەی توركیایە
17/05/2023
كارزان گلی
لە توركیا نرخی هەموو جۆرێكی خۆراك لە كڕین نایەت، گوزەرانی خەڵك لەوپەڕی خراپییە و تەنەنات ئەگەر بیانەوێت قاوەیەك بخۆنەوە دەبێت پلانی بۆ دابنێن. هەڵاوسان لە 80% زیاترە و لە هەر سێ كەسێك یەكیان هەژارە. دۆخی كورد لەوپەڕی خراپییە و دەیان سەرۆك شارەوانی لە زیندانە و سەدان كوردی تر لە زیندانەكاندا داڕزێنراون، دیارترینیان سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپەیە.
بوومەلەرزەكەی توركیا بووە هۆی ئەوەی 50 هەزار كەس لە توركیا گیان لەدەست بدەن و چەندین شاریش وێران بوون، هۆكارەكەشی ئەو باڵەخانە بێ كوالێتییانە بووە كە بەشێكی زۆری لە سەردەمی ئاكەپە دروست كراوە.
مافی مرۆڤ و ئازادی تاك و رۆژنامەگەری لەژێر هەڕەشەیەكی جیدییە، كەچی بینیمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، هاوپەیمانیی (كۆماری)، كە لەنێوان ئاكەپە و مەهەپە و چەند پارتێكی بچووكی تر پێكهێنراوە، زۆرینەیان مسۆگەر كرد.
محەممەد یڵماز، نووسەری دیاری توركیا، دوای ئەنجامی هەڵبژاردن لە وتارێكدا، داوای لێبوردنی لە خوێنەرانی كرد، كە پێشبینییەكەی دەرنەچوو و گوتی“توركیا بەو هەموو قەیرانەدا تێپەڕ بووە و هەموو هۆكارەكەش ئاكەپەیە، كەچی زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەست هێنا، كەواتە من كۆمەڵگەی توركیام وەكوو پێویست نەخوێندووەتەوە، هەڵە بووم، داوای لێبوردنتان لێ دەكەم“
ناچارم باس لە عەزیز نەسین بكەم، كاتێك لە وتارێكدا گوتی ”80%ی گەلی توركیا گەمژەن“ داواكاری گشتی داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرد و گوتیان سووكایەتیت بە تورك كردووە و دەبێت داوای لێبوردن بكەیت.
نەسین وتارێكی تری نووسی گوتی“ببورن گەلی توركیا، هەڵەبووم كە گوتم 80% گەلی توركیا گەمژەن، بەڵكوو 90%ی گەمژەن“
مەبەستی نەسین ئەوەبوو، ئەگەر گەمژە نەبن، 90%ی توركیا لە 1982 دەنگ بە دەستوورێك نادات، كە لەژێر فشاری كودەتاچییەكان نووسراوەتەوە و پڕیەتی لە سووكایەتی و مادەی دژە ئازادی و مافی مرۆڤ.
نازانم، بۆ بەشێكتان پێتان ناخۆشە پارتەكەی ئەردۆغان زۆرینەیە، گەلی توركیا سروشتی وایە و دەبێت هەرواش بیخوێنریتەوە.
دەبێت ئەوە بزانن، ئەردۆغان زۆر زیرەكانە توانی هەستی دیندارەكان، بەتایبەت كورد و هەستی نەژادپەرستەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەتایبەت كاتێك هاوپەیمانیی لەگەڵ خوداپاردا كرد، توانی چوار كورسی بۆ هاوپەیمانییەتەكەی مسۆگەر بكات و زیانیش لە هەدەپە بدات، چونكە هوداپار، لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا هەرگیز نەیتوانیوە یەك كورسی پەرلەمانی هەبێت.
ئەردۆغان، لە هەموو سیاسییەكان زیاتر توانی كۆمەڵگەی توركیا بخوێنێتەوە، بۆیە پەرلەمانی كۆنتڕۆڵ كرد، لای خۆمەوە پیرۆزبایی لێدەكەم.
بەڕای من، ئەوەی لەم هەڵبژاردنە دۆڕاوی سەرەكییە، هەدەپەیە، بەیانی لەم لاپەڕەیەی خۆمەوە، وتارێك لەسەر هەڵەكانی هەدەپە بڵاو دەكەمەوە،