دوو ڕۆژ لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان

18/05/2023

سالار مەحمود
بیابان تایبەتمەندی جیاوازتری ھەیە لەناوچەی شاخاوی‌و دامێنی گردو  تەنانەت ھەردەی گەرمیان، بەڕۆژ گەرمایەکی وشک‌و شەوانی ساردو ئاسمانی پڕ ئەستێرەی درەوشاوەو زەمینی تەخت‌و پڕ بیم. ھەتا مەودای گوێ ئەبیستێ بێدەنگی‌و ژیان پڕ لەخامۆشی. ھەر لەجادەی گشتی لاتدا ڕێگه‌کان دەتبەن بەرەو قوڵایی چۆڵی‌و ڕێگه‌ی تەخت‌و لماوی پڕ ئەبێ لەقەتارەی تەپ‌و تۆز.

ڕێگه‌یەکی دورو پڕ لەھەستی غەریبی‌و تەنیایی.. وەکو ئەوەی سامۆیل بیکت ئێژێ: ڕێگه‌کان زۆر دور دەرئەکەونەوە کاتێ مرۆڤ بەتەنها ئەیانبڕێت.

ئەمە جاری سێیەمە ڕێم دەکەوێتە ئەو سەحرایه‌ى سەماوە، ھەموو جارەکان ئاھو ناڵەی حاجی ئاسکەکان‌و دادە شازەو ئامینەی گوندی توکن‌و تاسانی تاقانەکان‌و قورئانە سەوزەکەی بن دەستی حسێن تاڵاوی‌و ئەو ھەموو جەرگ سوتاوانە عەرشی بیابانەکان پڕدەکەن لەناڵەی تەڕو بەھاواری تاساو بێدەنگی سەحرا ئەھەژێنن.

بەچاوی خۆم دیم ئەو بیابانە ئەوەندە شەرم دایگرتبوو، تا چاوی تەنیایی بڕ ئەکا لم زایبوە چاوەکانی‌و خۆی بێدەنگکردبوو، لەھەشتاو ھەشتەوە بیابان توشی دەردە شەرمی ھەناویی ببوو، ئەمساڵانەی دوایش‌و دوێنێ‌و پێرێش بینم ھێشتا بەھەموو پانتایی خۆی شەرمی لەبینینی وەھابی تاقانەو سەبری‌و سەباحی کونەکۆتر، ئاوازو رۆستەمی ئاوایی توکن‌و تابان‌و جەمال وارانی‌و ھێمنی جەلەمۆردو رێبازو حەسەنی ھۆمەربل ئەکات.

لەم بیابانە ھەر تەپۆڵەیەکت لێ ئەبێ بەشوێنی گۆڕی بەکۆمەڵ بێئەوەی بەخۆت بزانی ئەبیتە کەسی خۆ گومکردوو بەدوای ئێسکی لم رەنگبوو بەدوای پروسکی وشکھەڵاتوی نەتەوەدا ئەگەڕێی، بەدوای زمانی ژێرخاکخراوو، خۆرو مانگی دزراودا ئەگەڕێی.

سەحرا تولانی‌و درێژە بەقەد حیکایەتە نەبڕاوەکانی بنەی جاف. دەستێکی بێ ھەرەکەت لەسەر گەچی دیواری ھۆڵێکی قەڵاکەی نوگرە سەلمان نوسینێکی ھەڵکۆڵراوی جێھێشتوەو ئەڵێ ئیتر ژیان بەرەو ئاوابون ئەڕواو تەواو سەمونیشمان نادەنێ!

قەڵای نوگرە سەلمان وەک دەمی ئەژدیھا پڕە لەھۆڵی گەورە گەورەو پەنجەرە بەشیش ئاخێنراو، پڕە لەپایەی ڕاگرتنی ستەم، قەڵا بەبەردو گەچی ئەوێ بۆ غەدر ھەڵچنراوە هەر پایەو بەردێکی شایەتی چیرۆکێکە.

لەیەکێک لەڕاڕەوەکانی ناو قەڵاکەدا دوو کوڕی پێست ماندوو لەھەشتاو ھەشت پێنج شەش ساڵان بونە بۆیان باسکردم لەراڕەوەکەی لای ئەو قادرمەی ئەچێتە سەرەوە بەرەو ژوورەکەی عەجاج یاریان دەکرد، یاریەکەش ئەوەبوە بزانن کامیان زۆرترین ئەسپێ لەلەشی خۆی لێ ئەکاتەوەو ئەیکوژێ.

جەلال وتی، لەناکاو لەپێ پلەکانەکەوە ھەوا پارچە رۆژنامەیەکی بەئاراستەی ئێمە بۆ خوارەوە ھێنا. دیاربوو ڕۆژنامەکە چەوریەکی شیرینی لەسەر بوو ئێمەش بەزمان لێسامانەوە شیلەی پاقلەوای پێوەبوو. ئەوە رۆژێکی خۆشبوو بەلامانەوە.

لەناو ئەو راڕەوانەدا ژن‌و پیاوەکان دوو دوو سێ سێ سەر ئەکەن بەیەکدا ڕۆژژمێری مەرگی ئازیزانی خۆیان لەبرساو لەتینوا دەگێڕنەوە. حکومەتە فیدراڵە ھەست مردوەکەی بەغدا ڕۆژی 16ى 5ی ھەموو ساڵێکی کردوە بەڕۆژی گۆڕی بەکۆمەڵ، بەڵام ساڵانە بیریان ئەچێتەوە بەڕاگەیەنراوێکیش خەجاڵەتی خۆیان ڕابگەیەنن بەرامبەر ئەو  دۆسیە پەراوێزخراوەی ناو بەرنامەی کاروباریان.

حکومەتە دوو زۆنیەکەی کوردستانیش وەک ئەوەی لاسایی بەغدا ببێتە دەستکەوتی نیشتمانی ئەو رۆژە نیشتمانیە، ئەو تراژیدیا ئینسانیە بەبەیاننامەیەکیش بەسەرناکاتەوە. دوو ڕۆژ بەھاوسەفەری عومەری ئەنفالستان‌و پشکۆی حەمەی رۆستەم‌و سمکۆ سابیرو ھێمنی گۆپتەپە، لەناو ئەو ھەموو ژان‌و جەخاری بێباکی‌و چیرۆکی بێکەسی کوردەدا زۆر گەڕاین‌و زۆرمان کنەو تەیکرد، بەڵام تێگەیشتین چەن بێباکە ئەم حکومەتانە، چەن خوێن ساردو بێ پرۆژەو کۆڵەوارو بێ خەمە دونیای سیاسەتی کورد لەئاست تراژیدیا گەورەکەی کوردو مرۆڤایەتی، بەرامبەر بەئەنفال، بەڵام ناھێڵین مێژوو ئەم دۆزەخەی بیربچێتەوە!