لەکوێدا بە دوای (فەلسەفەی پەروەردەدا) بگەڕێین!

18/05/2023

پەیڕەو ئەنوەر
<نمرە؛ تاریکییەک بۆ کوشتنی رۆحی فێرخواز> 
بەبێ گەڕانەوە بۆ یۆنانی کۆن، ناتوانین بەدوای فەلسەفەی پەروەردەدا بگەڕێین و بیدۆزینەوە! سەرەتا دەستەواژەکە دەپشکنین، دواتر جینالۆژی/رەچەڵەکناسی پرسەکە. لەدنیای مۆدێرنیشدا پێدەچێت <لۆک فرێری و جۆن دیوی> کۆمەکمان بکەن بۆ گەڕان و راکردن بەدوای فەلسەفەی پەروەردەدا. ئێمە لە دنیای کلاسیکدا دەستپێدەکەین. لەبنەڕەتدا <Paideia> لە یۆنانی کۆندا وەک فەلسەفەی پەروەردە Philosophy of Education وێنادەکرێت. دەکرێت لە میرات و دیالۆگەکانی ئەفڵاتوون، لە کتێبی <کۆماردا Republic> بەوردی بەنێو ژوور و دیوارەکانی فەلسەفەی پەروەردەدا بگەڕێین. 
فەلسەفەی پەروەردە لە دەوڵەت-شارەوە لەدایک دەبێت، بەڵام ناوکەکەی وەک ئەفڵاتوون نیگار و نەخشەی بۆ دەکێشیت واتە <دیبەیت و عەقڵانیبوون Debate and Rationalism> ئەی دیبەیت چییە؟ چ ئەرکێک دەبینێت لەنێو ئامێری پەروەردەدا! لێرەوە دەگەین بە قوڵایی پرسەکەمان. دیبەیت کردەی جوڵاندنی هێزە ناوەکییەکەی خود/تاکە بۆ بیرکردنەوە و گومانکردن. لەدیبەیتدا کە فەلسەفەی پەروەردە بە نیشتیمانی راستەقینەی خۆی دادەنێت، پڕۆسەی ئاڕگیۆمێنت و دژە ئاڕگیۆمێنت هەیە و لۆژیک رۆڵی پەروەردەییانە و فەلسەفییەیانەی خۆیان دەبینن و فێرخواز فێری ژیان، پەروەردە و بیرکردنەوەی فەلسەفییانە دەکەن. 
فەلسەفەی پەروەردە فێرخواز فێری گومان دەکات. گومان بەمانای قبوڵنەکردنی هەموو رستە، گوزارە و چیڕۆکێک بەبێ لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن. بۆئەوەی بە راستی و فاکتەکان بگەین، دەبێت پرسیار و گومانی ئەوەبکەین کە ئەمە چییە و بۆ وایە! چوونە نێو دنیای <چیەتی و چۆنیەتی> و رزگارکردنی فێرخواز لە تەلقین/گوێلێنان یان ئەوەی بە ئینگلیزی پێی دەوترێت Indoctrination کە بەمانا سادەکەی کوشتنی رۆحی پرسیار و گومانە لای فێرخواز.
وادیارە بەناوەندکردنی <نمرە> لە سیستمی پەروەردەی خۆرهەڵاتدا، داگیرکردن و پەرژینکردنی سنورەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵدانی فێرخوازە کە دواتر کەسێکی پەروەردەنەبوو Uneducated دەخاتە نێو کایەی گشتی و کۆمەڵگەوە, لەکاتێکدا بنەمای فەلسەفەی پەروەردە, داڕشتنی هاوڵاتی چاک و باش پەروەردەبووە Well-educated. ئەفڵاتوون بەدرێژایی دیالۆگەکانی لەبارەی فەلسەفەی پەروەردەوە، باس لە چەمکی <پەروەردەی عەقڵ> و <پەروەردەی جەستە> وەک دوانەیەکی تەواوکار دەکاتەوە. لۆژیک لێرە زاڵ دەبێت بەسەر پوچگەرایی و بەئامێرکردنی فێرخواز. وەزرش و جوڵە دەبن بە دوو چاڵاکی فەلسەفی کە لەگەڵ عەقڵدا یەکتر بەرهەمدەهێننەوە. 
وادیارە ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات شتێکی ترە! دوورە لە پەروەردەی دیمۆکراتیک و عەقڵگەرایی، فێرخواز لەرێگەی تێکست/چیڕۆکێکی مردوو، ئامادەکراو و بڕیارلەسەردراوەوە، تاقیدەکرێتەوە! تێکستێک لە مامۆستا وەردەگرێت بەبێ پشکنین، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، گومان و لێکۆڵێنەوە، لەڕاستیدا تێکستەکە بەبێ زیاد و کەم و بەهەموو خاڵ و وێرگوڵێکەوە، وەک خۆی دەداتەوە بە مامۆستا و نمرە وەردەگرێت. وەک ئەوەی راسپاردەیەکی پیرۆزی وەرگرتبێت و بەبێ دەستکاری و سەیرکردن بیداتەوە بە خاوەنەکەی. وەک ئەوەی پشکنین و سەیرکردنی ناپاکییەکی گەورە بێت! لێرەوە <نمرە و کۆپیگەرایی> رۆحی فێرخواز دەکوژێت، دەیخاتە چاڵێکی گەورەوە، هەموو ماتەوزەیەکی بیرکردنەوە و گومان و پرسیارکردنی لێدەستێنێتەوە. لەبری رۆشنگەریی، دەمێکە تاریکی لەبەردەرگامانە! دەیەوێت بێتەژوورەوە! سڵاو لە دنیای نمرەگەرایی!