بۆچی دژایەتیی ئیسلامییەکان بۆ چەپ توندترە لە دژایەتییان بۆ داعش؟
18/05/2023
كەمال چۆمانی
دژایەتیی هەندێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان -مەرج نییە تەنها ئەوانەی ئەندامی حیزبی ئیسلامیین، بەڵکو ئەوانەی بە فیکر ئیسلامیین بەتایبەتتریش خەتی ئیخوانی- بۆ بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە باکور و رۆژئاڤای کوردستان، توندترە لە دژایەتییان بۆ تیرۆریزمی داعش.
من لە نزیکایەتیی هێزە ئیسلامییەکان لەگەڵ ئیسلامییەکانی دیکەی دونیا تێدەگەم، بۆ نمونە هەقی خۆیانە بەرگری لە بزوتنەوەی نەهزەی تونسیی بکەن کە وا ئێستا لەژێر جەور و ستەمدان، یان بەرگریی لە بزوتنەوەی حەماس بکەن لە بەرانبەر داگیرکاریی ئیسرائیل، بەڵام کە دێتە سەر داکۆکییان بۆ ئەردۆغان، جێی مەترسییە نەک لەبەرئەوەی دژ بم لەگەڵ داکۆکیکردن لە هێزێکی هاوبیریان، بەڵکو لەبەرئەوەی داکۆکیکردن لە ئەردۆغان داکۆکیکردنە لە ستەمکاری کە جەوهەری ئیسلام دژبونە لەگەڵ ستەمکاری.
هەروەها ئەو دیدە گەمژانە و نەزانانەی هەندێک لە ئیسلامییەکان دژ بە چەپگەرایی پێشیدەخەن، تەنها دەکەوێتە خزمەتی هێزە توندڕەو و ستەمکارەکانی ناوچەکە، لە ناویشیاندا هەرێمی کوردستان. یەکسانکردنی چەپگەرایی لەگەڵ دژەدینبون، نەک هەر نادادگەرانەیە، بەڵکو ئەوپەڕی جەهل و گەمژەیی سیاسییشە.
چەپگەرایی نوێ، بێگومان پارتی چەپی سەوزی باکوری کوردستانیش لەو چوارچەوەیە دایە، واتا عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی ئابوری، خوێندن و پەروەردەی بەخۆڕایی، دژایەتیکردنی بەتایبەتکردنی خزمەتگوزارییەکان، هاوسۆزی و هەرەوەزی، ئازادی، دەستەڵات بۆ گەل و دیموکراسی، سنوردارکردنی دەستەڵاتی ئابوری و سیاسیی کۆمپانیاکان، دابەشکردنەوەی سامان لەپێناوی هەژاران و کرێکاراندا، هەوڵدان بۆ ژینگەی خاوێن و کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە و هەوڵدان بۆ سنوردارکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، پەیوەندیی یەکسان لەنێوان نەتەوەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی و رێگریکردن لە وڵاتان لە تەداخولی عەسکەری وڵاتانی دی، و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی دونیا بەهەرەوەزی بۆ ئەوەی دەرفەت و ژیانی یەکسان بۆ هەمون هەبێ و ئینسانییەت لە هەژاری و نایەکسانی و گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەربازی ببێ.
دژایەتیکردنی لە رادەبەدەری ئیسلامییەکان بۆ چەپگەرایی یان ئەوەتا لە گەمژەیی سیاسییانە کە هێشتا بە خەیاڵی شەست و حەفتاکان لە چەپگەرایی تێگەییشتونە و هەمو دژایەتییان لەسەر وتەیەکی بەهەڵە وەرگێڕدراوی مارکسە کە دەڵێ <<دین ئەفیونی گەلانە.>> بەڵێ، مارکس لەو کۆنتێکستەدا پێیوایە کە ئەفیونی گەلانە کە چینی دەستەڵات بۆ بەردەوامیدانی چەوساندنەوەی هەژاران و چینی کرێکاران، دین بەکاردێنن. هەروەها مارکس دژی ئەوەیە دین بەکاربهێنرێ بۆ قبوڵکردنی هەژاری و نایەکسانی وەک بڵێی بەشێک بێ لە سروشت ئەو نادادییە بۆ دونیاکەی دی هەڵبگرین.
بەڵێ، دین ئەفیونی گەلانە کاتێک دەکەوێتە دەست چینی سەرەوە و بەکاریدەهێنن بۆ هێشتنەوەی دۆخی هەنوکەیی، جا دەستەڵاتدار بن یان ئیسلامیی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوان نوێنەرایەتیی خوا دەکەن، شێخ بن یان مەلای حیزبی، یا حاجییەک کە چۆتە حەج و لە بازاڕدا بە سوبحانەڵا و کەشیدەکەیەوە، لە کڕین و فرۆشتندا فێڵ لە خەڵک دەکات.