چی لە جاشەكان بكەین؟

21/05/2023

لەتیف فاتیح فەرەج
یەكێك لە بەڵا بێئامانەكانی سەر شانی كورد لە دوێنێ‌ و ئەمڕۆدا جاشێتیە، جاشێتی هەمەجۆرو هەمە چەشن، لێ‌ هەمووی هەر جاشێتیە، لە ناو رۆشنبیران، هونەرمەندان، نوسەران، خێڵ و عەشرەتەكان، حزبەكان و پیاوانی ئاینی و هتد هەمیشە جاش بوونیان هەیە.
جاش، خۆفرۆش، لۆمپەن، قوروچی، بە زمانی دوژمنانی كوردیش " فورسان و مەفرەزە خاسەو گوند پارێز" و هتد ئەمانە كە تێیاندایە تا دەمرێتیش دەسبەرداری جاشێتی نابێت، پێبزانن یان نەزانن هۆیەكی سەرەكی نەگەیشتنی كوردن بە ئامانجەكانی.
ئەم جۆرە جاشێتیانە هەندێكیان هەرگیز ئاشكرا نابن، چونكە نەچەكیان بە شانەوەیە، نەبە شان و باڵی دوژمنا هەڵدەدەن، نەراپۆرت و نووسینە جاسوسیەكانیان ئاشكرا دەبن، دەشێت ئەوانە وەك بەشێك لەو جاش و موستەشارانەی دوای راپەڕین لە سەر میلەت بكرێنە پیاوی باڵاو خاوەن رێز. 
لە هەموو پارچەیەكی كوردستاندا هەموو جۆرە جاشێك بوونی هەیە، حزبەكوردیەكانیش لە بری نەفرەت لە جاشێتی و كۆتای هێنان بەو ناشرینیە خۆیان جاشژێن و جاشئەفرێنن. جاش لە ناو یەكترا بۆ پاشقول و لێدان لە یەكتر دروستدەكەن، بەشێك لەحزبە كوردیەكان بۆ ئەمكارە دەزگای تەنهای و لانەی جاسوسیان هەیە، نەك هەر ئەوەندە بگرە جاشحزبیشمان هەیە كە خۆی لە بەشێكەو جاشی وڵاتێكی دیكەیە كە بەشێكی دیكەی كوردستانی پێوە لكێنراوە.
 جاشێتی و جاشبازی و جاشكاری لە بەر ئەوەی هۆیەك بووە بۆ مانەوەو كەش و فش و بەردەوامی لەبری ناشرین بێت شانازی پێوە كراوە، بۆیە لە هەشتاكان دەگوترا " جاشایەتی و پاشایەتی " سەیری میلەتێك بكە خائینەكانی چەند بێشەرەفن شانازی بە خیانەتەوە دەكەن، هیچ میلەتێك جگە لە كورد بەم جۆرە نیە . 
ئێمە بۆ ئەوەی ئەو مێژووە وردو خاش بكەین، بۆئەوەی مرۆڤی كورد بكەینەوە مرۆڤی خۆخاوەن، پێویستە بەردەوام جاشێتی، هەموو جۆرە جاشێتیەك لە قاو بدەین و سوكیان بكەین، ناڵێم كوڕو نەوەكانیان كە ئەوانیش لوقمەی حەرامی جاشێتیان بەركەوتووە، بەڵام پێویستە خۆیان ئەوەندە قێزەون وێنا بكەین كە تەنانەت مناڵەكانیشیان بێزیان لێیان بێتەوە، نەیانەوێ‌ بەناوی باوكە جاشەكەیانەوە بانگبكرێن، نەچنە سەر گۆڕەكانیان، نەفرەت لە دیرۆكیان بكەن.
جاشێتی دەبێت بە جۆرێك لە قاو بدرێت، نەك هەر كەسەكان تەنانەت حزبجاشەكانیش شەرم بیانگرێت و خۆیان سزای خۆیان بدەن، خائین بەرلەوەی میلەت، مێژوو، داهاتوو، گەل، سزای بدات باشترە خۆی خۆی سزا بدات، دەبوو بەشێك لەو جاش و خۆفرۆش و موستەشارانەی لە دادگای باڵای تاوانەكانی بەعس و لە زاری قوربانیەكانی ئەنفالەوە ناویان هات خۆیان خۆیان بكوشتایە، بۆ ئەوەی لانی كەم ئێمەش بمانوتایە ئەو جاشە دواجار ئاخر خێر بوو. بۆ ئەوەی جاشێتی هەمیشە شەرم و ناشرینی بێت هەقە بەردەوام باسبكرێن بیریان بخرێتەوە، تەنانەت بهێنرێنە سەر ئەو باوەڕەی كە خۆیان نەفرەتی ئەو دیرۆكەی خۆیان بكەن، وەك چۆن مێژوو پێمان دەڵێت حەسەن خەیری وای كردوە، تا جاشێتی شەرمەزاری و شورەیی نەبێت، كورد بەمجۆرەی ئێستا لە دەرەوەی مێژوودا دەبێت .