ئەم لایەنەش با ببیندرێت
21/05/2023
شاسوار مامە
زۆرینەی دەنگدەرانی باکووری کوردستان بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە. ئاساییە بەشێکی کورد ناڕازی بن لە سیاسەتی هەدەپە و دەنگی پێ نەدەن - یان دەنگ بدەنە لایەنێکی دیکە. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، زۆرینەی ئەوانەی دەنگیان بە هەدەپە نەداوە، دەنگیان بە ئاکەپە و هوداپار داوە.
من هەرگیز بڕوا ناکەم کوردێکی ئازادیخواز و دڵسۆزی دۆزی نەتەوەیی، کاتێک لە هەدەپە ناڕازی بێت، سەنگەر بگوازێتەوە بۆ حیزبێکی تیرۆریستی وەک هوداپار و ڕژێمێکی فاشیستی وەک ئاکەپە. ئەوپەڕی ناچێتە دەنگدان یان ئەلتەرناتیڤێکی باشتری پێ شک دێت.
لە دەرەوەی بابەتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەرکوتکردن و دەنگکڕین بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، لایەنێکی دیکەی کاریگەر هەیە کە ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە دەگێڕێت. لە ڕاستیدا لە بەرانبەر هەدەپە، دوو گوتار هەیە لە باکووری کوردستان و تورکیا کە ڕەواجیان هەیە؛ گوتاری ئایینی/سووننی/عەشیرەتگەری لە کوردستان و گوتاری ئایینی/نەژادپەرستی لە تورکیا. هەردوو گوتارەکەش بە دەست ئەردۆغانەوەن و ژینگە جڤاکییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی دەجوڵێنێت.
هەدەپە حیزبێکی پێشکەوتنخوازە و لەپێش زۆرینەی جڤاکی کوردستان و تورکیاوەیە. لە سەردەمێکدا کە باوی پۆپۆلیزم و بازرگانییی دینی و نەژادپەرستییە، زۆر سەختە بۆ حیزبێکی ئازادیخوازی بە پرەنسیپ کە نوێنەرایەتیی دیموکراتی و ئازادیی کورد، دادپەروەریی جڤاکی، یەکسانیی زایەندی و پێکەوەژیانی گەل، ئایین و مەزهەبەکان دەکات لەو هەلومەرجەدا دەنگی زۆر بەدەست بێنێت.