یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران
24/05/2023
دوا بەدوای دەرچوونی یەکەم یاسای کاری عێراقی بە ژمارە ( ٧٢ ) لە ساڵی ١٩٣٦ و لەدوای فشارە پیشەییەکانی سەندیکای سەنعاتکارانی عێراق بە سەرکردایەتی ڕەمزی کرێکاران محمد ساڵح ئەلقەزار و یەکدەنگی و یەکڕیزی کریکاران خەباتی پیشەیی دەستیپێکرد .
تا کو ئێستا چوار جار یاسای کار لە عێراقدا بەشێوەیەکی یاسایی و وەرگرتنی ژمارەی یاسایی یاسای نوێ دەرکراوە کە کۆتا جار یاسای ژمارە ( ٣٧ ) ی ساڵی ( ٢٠١٥ ) بەناوی یاسای کاری عێراقی و پاڵپشت بەبڕگەکانی بەندی یەکەم لەمادەی ( ٦١ ) و بەندی سێیەم لە مادەی ( ٧٣ ) ی دەستور سەرۆک کۆمار لە بەرواری ( ١٩ ی ١٠ ی ٢٠١٥ ) یاسای ژمارە ( ٣٧ ) بەبڕیاری ژمارە ( ٤٠ ) دەرکرد ، لەڕۆژنامەی فەرمی ( وقائع العراقیە ) بەژمارە ( ٤٣٨٦ ) لە بەرواری ( ٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ) بڵاو کرایەوە .
بیگومان یاسای کار دەبێتە بنەمایەک یاخود دەتوانین بلێین دەستورێک تاکو یاسای خانەنشین و دەستەبەری کرێکاران و بەدوای ئەویشدا بەئامانجی دروستکردنی سەندیکاو ڕیکخراوە کرێکاریەکان و ڕیکخستنیان لە چوارچێوەی یەکێتی و سەندیکای پیشەیی بە ئامانجی بەرگری یاسایی لە چینی کریکارو سەرجەم پیشەوەرە جۆراوجۆرەکان، پێویستە ژیان و گوزەران و دیاریکردنی ماف لەبەرانبەر ئەرکی ڕۆژانەی کرێکار بەشێوازێکی ڕێکخراو و پاڵپشت بەهێزە مادی و مەعنەوی و یاساییەکە یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دواتر بۆ کۆکردنەوەی کرێکاران یاساکان پێویستن .
هەبوونی یاسای کار وەک دایکی یاساکانی تایبەت بەکرێکاران وا دەخوازێت هەردو یاسای خانەنشین و یاسای ڕێکخستنی کرێکارانش بایەخ و گرنگی خۆی دوای یاسای کار ، ڕەنگدانەوەی داواو داخوازیەکانی کرێکاران بێت لە ناوەندەکانی کارو ڕێکخراوە ڕاستەقینەکانی کرێکاران لەخۆ بگرێت .
حکومەتی عێراق دوای هەستکردن بەگۆڕانکاری گەورەی زانستی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا زیاتر لە هەشت ساڵە یاسای کاری نوێ ی بەژمارە ( ٣٧ لە ٢٠١٥ ) دەرکردوەو یاسای ژمارە ( ٧١ ی ١٩٨٧ ) هەڵوەشاندۆتەوە ، سەیرەکە لەوەدایە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ( ٢٠١٩ ) وە بەهاوکاری چالاکوانان و ڕێکخراوە چەپ و سەندیکاکان ڕەشنوسی پڕۆژەیەکیان ئامادە کرد، دوای چوار ساڵ لە تاوتوێکردن و ئامادەکردن پەرلەمانی کوردستان لە ( ١ ی ٣ ی ٢٠٢٣ ) دەنگی لەسەر داوە کەچی دوای دەنگدان کەوتۆتە گۆمێکی بێبن و ڕاناگەیەنرێت و چارەنوسی نادیارە .
یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران ژمارە ( ٣٩ ی ١٩٧١ ) دەرچوو ، پاڵپشت بە حوکمەکانی بڕگەی ( أ ) لەمادەی ( ٤٢ ) ی دەستوری کاتی عێراق و بەڕەزامەندی سەرۆک کۆمارو لەسەر پێشنیاری وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ، لە دانیشتنی ئازاری ساڵی ( ١٩٧١ ) یاسای ژمارە ( ٣٩ ) پەسندکراو لەڕۆژنامەی وەقائعی عێراق بەژمارە ( ١٩٧٦ ) لە بەرواری ( ٢٢ ی ٣ ی ١٩٧١ ) کە لە ( ١١٨ ) مادە پێکهاتوو بڵاو کرایەوە .
دوای زیاتر لە ( ٥٢ ) ساڵ کارکردنی یاسای نوێی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەلایەتی بۆ کرێکاران لە بەرواری ( ١٧ ی ٥ ی ٢٠٢٣ ) یاسای نوێی خانەنشین و دەستەبەر بۆ کریکاران دەنگی لەسەر دراو نێردرا بۆ سەرۆکایەتی تاکو ژمارەو ناونیشانی پێبدرێت و ئەو یاسا نوێیە یاسای ( ٣٩ ) هەلبوەشێنێتەوەو لە کاری بخات و لە بەرانبەردا یاسا نوێیەکە لە ناوەندە قەزاییەکاندا کاری لەسەر بکرێت .
ئەم یاسا نوێیە وەک ئاماژەو لیدوانە وەزاری و ڕۆژنامەوانیەکان بلاویانکردۆتەوە بەشێوازێکی پێشکەوتووتر و تاڕادەیەکی باشتر لەگەڵ ڕەوتی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و مافی زیاتر بەکرێکاران لە کەرتەکانی تایبەت و گشتی و تێکەڵاو بە کرێکاران بەخشیوە ، ئەم یاسا نوێیە لە ( ١١٠ ) مادە پێکهاتووە و دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقی و بەپێی مادەی ( ١١٠ ) ی ئەم یاسایە دوای واژۆکردنی سەرۆک کۆمارو تێپەڕبوونی ( ٩٠ ) ڕۆژ بەسەر بلاوکردنەوەی، یاسا تەمەن پەنجاو دووساڵیەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و کار بەم یاسا نوێیە دەکرێت . وەک یەکەم مژدە
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کاری عێراق لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا بەرواری ( ١٨ ی ٥ ی٢٠٢٣ ) ڕایگەیاند موچەی کرێکارێکی خانەنشین لە کەرتی تایبەت لە سەد هەزارەوە زیاد دەکات تا پێنج سەد هەزار دینار ، هەروەها گوتی ئەم یاسایە هانی زیاتری کرێکاران دەدات تاکو هاوبەشی مانگانەیان بدەن و خۆیان دابین بکەن و ئەمەو دەیان دەسکەوتیتر کە لە یاسای ٣٩د نەبووە , لەوانە
( کارا کردن و پاڵپشتی کەرتی تایبەت کەزیاتر لە پێنج ملیون کرێکار لە ناوەندەکانی کار لە کارکردندان ، زیادکردنی خزمەتی کرێکاران لە کەرتی گشتی حکومی بەئامانجی بەرزکردنەوەی موچەو سەرمووچە تا ئاستی خانەنشینی ، گواستنەوەی پاداشتی خانەنشینی کرێکاران بۆ ( الخلف ) وەرەسەی کرێکار دوای مردنی بەو شێوەیەی یاسای مەدەنی دەیگرێتەوە ، بۆ پاڵپشتی زیاتر کرێکار دەتوانێت ساڵانی خزمەت بکڕێتەوە تاکو یارمەتی دەر بێت بۆ بڕینەوەی موچەی خانە نشینی ) هەڵبەتە ئەم دەسکەوتە گەورانە دوای دەرچونی ڕێنمایی تایبەت لەلایەن وەزیری کارو باری کۆمەڵایەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، دیارە دەرچوونی یاسایەک بەبێ کەمووکوڕی نابێت من نامەوێت بەتەواوی پشگیری خۆم بۆ ئەم یاسا نوێیە دەربڕم بێگومان بەتەواوی خواستی کرێکاران بەدیناهێنێت و ئەمیش بەدەر نیە لە کەم و کوڕی ، تەنها ئەوەندە دەڵێم دەرچواندنی یاسا لەسەر بنەمای باشترکردنی شەرتەکانی کارکردن و بەدیهێنانی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کرێکاران لەبۆتەیەکی یاسایی و بە تێپەڕبوونی زیاتر لە پەنجا ساڵ و ئەو پێشکەوتنە زانستیە گەورانەو ئەو گۆڕانکاریە خێرایانە زۆر درەنگ بوون بۆ دەرچونی ئەم یاسایە و دەبوایا چەند دەیەیەک پێشتر کاری بۆ بکرایا .
لەکۆتاییدا ئومێد دەکەم لە هەرێمی کوردستان یاسای نوێی کار بەزووترین کات لەڕۆژنامەی فەرمی هەرێم دەربکرێت و کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی هاوچەرخی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و یاسای ڕێکخستنی سەندیکایی بکرێت .
ئەحمەد محەمەد سەعید
چالاکوان و نوسەری بواری کرێکاران