دەربارەی فیلمی ( تەمەنی کلۆ بەفرێک)

24/05/2023

هیوا فایەق
کچێکی تورکی خەڵکی ترابزۆن بە ناوی (مەیاسە)، لەگەڵ کوڕێکی کوردی خەڵکی دێرسیم بە ناوی (ئادار)، دوو خوێنکاری کۆلێجی هونەرەجوانەکانی بەشی شانۆن لە شاری ترابزۆنی تورکیا، لەوێ لە وێستگەیەکی پاسدا  یەکتری دەناسن و بۆ ماوەی ۳۱ ڕۆژ  عاشقی یەکتری دەبن، بەڵام (ئادار) لە شەوی سەری ساڵدا بە فەرمانی حیزبەکەی دەبێت بچێتە شاخ و خۆشەویستەکەی بەجێبهێڵێ، ئیتر زەمەنی ئێستای فیلمەکە گەڕانی دێ بە دێ و شاخ بە شاخی (مەیاسە)یە بە شوێن (ئادار) دا تا بیدۆزێتەوە.
ئەمە کورتەی چیرۆکی فیلمی (تەمەنی کلۆبەفرێک)ی  کازم ئۆزە کە ئێستا لە سینەما سالم نمایش دەکرێت.
لێرەدا حەزمکرد چەند سەرنجێک دەربارەی فیلمەکە بخەمە ڕوو:
یەکەم/ بێلایەنی لە پەیامدا، بێلایەنی لە گەیشتنی پەیامدا بۆ بینەر، دوو جەمسەرە، هەندێک جار دەرهێنەر یان سینارێست دەبێت بە چاودێر بەسەر رووداوەکانەوە و لەدەرەوەی ڕووداوەکان دەژی وەک فیلمی ( ژیانی کلۆ بەفرێک) یاخود ناڕاستەوخۆ دەرهێنەر دەبێت بە بەشێک لە پەیامەکە و بینەر لەوە تێدەگات کە دەرهێنەر لە چ بەرەیەکە، وەک لە فیلمی (پیانۆ ژەنی) ڕۆمان پۆلانسکی و زۆربەی زۆری ئەو فیلمانەی لەسەر هۆلۆکۆست کراون دەیبینین. 
دوو جەمسەری دەکرێت بەشێک بێت لە کرداری داهێنان لە کاری هونەری و ئەدەبیدا، لە هەمان کاتیشدا دەکرێت بەشێک بێت لە خۆدزینەوە لە خۆ بەیان کردن و خۆشاردنەوە بە هەر  جۆرێک بووە. 
کازم ئۆز، لەم فیلمەدا، دەیەوێت بێلایەنانە سەیری کێشەی کورد بکات کە لە  کارەکتەری(ئادار)دا بەرجەستە بووە، تەنانەت بێلایەنانە سەیری کێشەی ژن کوشتن بکات لەسەر شەرەف وەک لە کارەکتەراکانی باوک و برای (مەیاسە)دا دەیبینین. 
بۆ نموونە، کاتێک (ئادار) لە شاخ دەکوژرێت، بۆ منی کورد بەشێکە لە غەمگینی و دەبێتە شەهید لەسەر کورد بوونی، لەو بەریشدا، بۆ کەسێکی ڕاسیستی تورک دەکرێت بڵێت چارەنووسی هەر کەسێک کە ڕوبکاتە شاخ لە چارەنووسی کوشتنی (ئادار )و هاوڕێکانی بە شێوەیەک دوای کوشتنیان چاوی ڕاستیان دەردەهێنن؛ باشتر نابێت.
لێرەدا و لە سیاقی فیلمەکەدا نازانین دەرهێنەر لە چ بەرەیەکدایە، نازانین ئەم کوشتنانە ڕەوایە یان ناڕەوایە؟ 
هەندێک جار کازم دەیەوێت زیاتر بچێتە ووردەکارییەوە بەڵام ڕێگە لەخۆی دەگرێت، بەجۆرێک کە هەردوو کارەکتەرەکان دەیانەوێت بچنە سەر باسکردنی سیاسەت بە ووردی، بەڵام بابەتەکە دەپچڕێت و درێژەی پێنادرێت،لەو دیمەنەی ئادار و مەیاسە دەچنە گالەرییەکەو سەیری پەیکەری ئاسکەکە دەکەن هەردووکیان هاوڕان کە باسی سیاسەت نەکەن. ئەم جۆرە ئیشکردنە لە زۆر شوێنیتردا خۆی دووبارە دەکاتەوە و بەڵام تەواوی ناکات و درێژەی پێنادات وەک ئەوەی (ئادار) دەڵێ " بەداخەوە من کوردم" بۆ ئەوەی درێژ نەبێتەوە و نەچێتە ئەو پانتاییەکی فراوانتری سیاسەتەوە، دیمەنەکە بە پیاکێشانی شانی (ئادار) لە لایەن ( مەیاسە) وە کۆتایی دێت.
کازم هەندێک جار دەیەوێت بڵێ کوردبوون شانازییە و هەندێک جاریش شەرم. وەک ئەوەی لە دوا دیمەنی جیابوونەوەی (ئادار) و (مەیاسە) دەیبینین، ئادار لە شەوی سەری ساڵدا مەیاسەی هێناوە تاوەکو لەگەڵ هاوڕێ کوردەکانی ئاهەنگ بگێڕێت، بەڵام بە فەرمانی حیزبەکەی کە دیار نییە کێیە بەڵام بینەری کورد و تورک لەوەتێدەگەن، دەبێت بەیانی بچێتە شاخ و کچە هاوڕێکەی بەجێبهێڵی و پێشی نەڵێ بۆ کوێ دەچێت، ئەمە هەم شانازییە بۆ کوردبوون کە بڕیاری چونە شاخ دەدات،  هەمیش دڵرەقی و نا مرۆڤانەیە بۆ تورکێک کە لە کاتێکی ئاوادا و لە بۆنەیەکی وادا بەجێی دەهێڵێت. جارێک ( ئۆلاش) کە هەندێک جار وەک هاوڕێ دەیبینین و هەندێک جاریش وەک عاشقی ( مەیاسە)، بە تەنزەوە بە (مەیاسە) دەڵێ لەو کاتەی کە بەجێی هێشتویت (ئادار) زۆر ڕۆمانسی بووە. 
کازم ئۆز لە کاتێکدا (ئادار) دەباتە شاخ کە تەمەنی خۆشەویستییەکەی تەنها ۳۱ ڕۆژ بووە، ئەمە لە سەرێکەوە چ شانازییەکە و لە سەرێکی تریشەوە چ دڵڕەقییەکە.
دیار نییە کە ئایا کازم ڕەخنە لەو دیسپلینە حیزبییە دەگرێت کە (ئادار) دەباتە شاخ لەو ساتەوەختەدا یان دەیەوێت ستایشی (ئادار) بکات.
ئەمانە وادەکات، بینەری ئێرە ئەمە بەو جۆرە بخوێنێتەوە کە ئەم فیلمە لە خزمەتی حکومەتی تورکیدایە، لایەنی تورکیش بە خزمەت بە دۆزی کوردی بزانێت و لۆبی بۆ ئەوە بکات ئەم فیلمە بەشداری هیچ ڤێستیفاڵێکی گرنگ نەکات، کە ئەمە بە پێی قسەی کازم ئۆز خۆی دژی فیلمەکانی ئەنجام دراوە، یاخود تا ئێستا ڕێگەی ئەوەی پێنەدراوە کە لە تورکیادا نمایش بکرێت بە پێی قسەی ستافی کارەکە.
دووهەم / ئێمە وەک بینەری کورد، کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەین، بە ئاسانی هەموو کۆدی کورد بوون لە فیلمەکەدا دەناسینەوە، دەزانین (ئادار) ڕووی کردۆتە کوێ، دەزانین ئاسکەکان کێن، دەزانین بەفر و شاخ چ مانایەکی ڕەمزی هەیە لە زاکیرەی ئێمەدا. بەڵام زەحمەتە بینەری نا ئاگا لە ململانێی ئەم ناوچەیە بتوانێت ئەو کۆدانە بکاتەوە و تێی بگات، ئەو هەرگیز نازانێت (ئادار) بۆ کوێ چووە، هەرگیز نازانێت ڕەمزی بوونی ئەو ئاسکانە چین، هیچ پاشخانێک بۆ ئەم هێڵە لە فیلمەکەدا حسابی بۆ نەکراوە و پێدەچێت بۆ بینەری دوور لە کوردستان هەموو کۆدەکان ون بن و بە نەهێنی و نا ڕوونی بمێننەوە کە لە بنەڕەتدا فیلمەکە نایەوێت وابێت. 
سێهەم/ چیرۆکی مەیاسە لەگەڵ چوار کەسدایە، باوکی کە دەیکوژێت، سەعدوڵا کە پاکیزەیی لێسەندۆتەوە، ئۆلاش وەک هاوڕێ و هەندێک جاریش وەک عاشق، لەگەڵ چیرۆکی ئادار. 
بەڵام سەرەکیترین چیرۆک کە هەموو چیرۆکە لاوەکییەکانی لەسەر بنیاتنراوە چیرۆکی مەیاسەیە لەگەڵ ئادار، کەچی ئەم هێڵەیان بێهێزترین هێڵی چیرۆکەکەیە کە بەڕادەیەک تەقلیدییە ناتوانێت بمانگەێنێتە ئەو بڕوایەی کە ئەم چیرۆکی خۆشەویستییە ۳۱ ڕۆژە ئەوە بهێنێت هەموومان دوای بکەوین. بەلای منەوە چیرۆکی عەشقی مەیاسە و ئۆلاش لە چیرۆکی عەشقی مەیاسە و ئادار قوڵترە.
چوارهەم/ من دوو فیلمی کازم ئۆزم بینیوە، گرنگترین خەسڵەتەکانی لە کاری دەرهێناندا ئەوەیە ناچێتە ئەو ڕووبەرەی کە بەگشتی بینەری  ڕۆژئاوا هەیەتی لەسەر دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، فیلمەکانی نابێتە بەرجەستەکاری ئەو تەسەورەی لەسەر دواکەوتویی کۆمەڵگاکانی دیکە هەیەتی، لێرەوە وتەیەکی دۆلۆز لەزاری ژیژاکەوە دەخوازم  لەو ڕەخنەیەی کە دۆلۆز هەیەتی لەسەر ئەدەب و هونەر کە لەسەر خەونی ئەوانیتر دەژی " ئەگەر گیرۆدەی ناو خەونی ئەوانیتریت، ئەوا تۆ کۆتاییت هاتووە" زۆر جار ئەمە لەو فیلمانەدا دەبینین کە بەرجەستەی ئەو تەسەورە دەکات کە بینەری ڕۆژئاوا لەسەر کۆمەلگای دەرەوەی ڕۆژئاوا هەیەتی و بە سەرسوڕمانێکی نێگەتیڤەوە تێی دەڕوانێت،  ئەمەش تاوەکو ئەو فیلمانە شوێنی خۆیان لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا بکەنەوە. هەڵبەت لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە ئەم گۆمەڵگایانە کێشە و ناشرینی نییە، بەڵکو مەبەستم چۆنییەتی تەوزیف کردنەوە و پێشاندانی کۆمەڵگایە وەک خۆی و پاشان کەشفکردنی تازە تیایدا.
کازم زیادەڕۆیی بە جوانی و ناشیرینی کۆمەڵگای کوردییەوە ناکات، ئەو هەوڵئەدات کۆمەڵگا خۆی بێت کێشەکان بەقەبارەی خۆیان سەیر بکرێن، لەمەشدا هەندێک جار زۆر سەرکەوتوو بووە.
سەرباری هەموو ئەمانە، من یەکێک لە نایابترین فیلمە کوردییەکانم بینیوە و بەتایبەت لە تێک هەڵکێشکردنی زەمەنەکانەوە ئەوەندە  وورد مامەڵەی لەگەڵ کردوە و زۆر بەنەرمی زەمەنەکان دەناسیتەوە بەبێ ئاڵۆزکردن و بەزۆر سەپاندنی.  
پێموایە کازم ئۆز لە ئێستادا گرنگترین دەرهێنەری سینەمایی ئێمەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانم فرسەتی کارکردنی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ فراوان بکرێت تا زیاتر بە ئازادانە کاری خۆی بکات.